لێدوانی هاوبەشی ” پەژاک و کۆدار ” بۆ یەکەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ” ژن، ژیان، ئازادی”

6 ئه‌یلول, 2023

لێدوانی هاوبەشی ” پەژاک و کۆدار ” بۆ یەکەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ” ژن، ژیان، ئازادی”

مانگرتنی گشتی و ئامادەبوون لەسەر گڵکۆی شەهیدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

دەستپێکردنی شۆڕشی ” ژن، ژیان، ئازادی”

دەستپێکردنی ڕاپەڕینی شۆڕشی ” ژن، ژیان، ئازادی” لە ٢٥ خەرمانانی ١٤٠١ بە مەبەستی مەحکومکردنی شەهیدکردنی ” ژینا ئەمینی” لە لایەن دەوڵەتەوە، شۆڕشێکی گەورەی کولتوری بە هەموو ڕەهەندەکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوری بە داخوازی دێموکڕاتیک و ئازادیخوازانەیە. ئەو شؤڕشە بە هاتنی گەلەکەمان بۆ سەر شەقام و لەسەربنەمای دروشمی ” ژن، ژیان، ئازادی” گەیشتە لووتکە و بوو بە مێژوویی. ئەوڕۆ لە بەرەبەری یەکەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی داین. لەماوەی یەک ساڵ سەرهەڵدان و ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانە، گەلێک لاو  بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەرزی شۆڕش، گیانی خۆیان فیدا کرد و بەشێکی زۆر لە خۆپێشاندەران لەسەرشەقامەکان لە لایەن دەولەتەوە بریندارکران، بەشێکی زۆر دەستبەسەر ، ئەشکەنجە و لەسێدارەدران و گەلێک بنەماڵە بوون بە شینگێڕی ڕۆڵەکانیان. ئێمە وەکو ” پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)” و ”کۆمەڵگەی دێموکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)” لەسەر پیرۆزی دەستکەوتە بەبایخەکانی شۆڕش، ساڵەوەگەری یەکەمینی ئەو شۆڕشە لە سەرجەم گەلان و نەتەوەکانی ئێران، بنەماڵەی شەهیدان و برینداران و ئازادیخواز و دێموکڕاسی خوازان بەتایبەتی ژنان و پیاوانێک کە مەشخەڵی شۆڕشیان بە هەڵگیرساوەیی هێشتەوە پیرۆزدەکەین و بەڕیزەوە یادی شەهیدان دەکەینەوە.

شەپۆلێکی شۆڕشی کولتوری و زیهنییەتی کە لە ئەنجامی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ” ژن، ژیان، ئازادی” هاتۆتە کایەوە، لەسەربنەمای ئازادی ژنە. یەکسانی مافی ژن و پیاو و تێکۆشان دژی ڕەگەزپەرەستی چەوسێنەر، بەتایبەت تێکۆشان دژی سیاسەتەکانی دەسەڵاتی دژەژنی ئێران لە پرەنسیپە بنەڕەتییەکانی شۆڕشە. وتەی ئەو بزوتنەوە شؤڕشگێڕییە ئەوەیە کە ئازادی کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئازادی ژنەوە بەدی دێت؛ بۆیە ناتوانێ هەڵگری بیرە دژەژن و کۆنەپارێزەکان بێت. لە هەموو شەقامەوە هاواری یەکسانی ژن و پیاو وەک مافێکی بنەڕەتی و سروشتی دێت و دەستپێکی وەرزی سەرەکی شۆڕشی زیهنییەتی- کولتورییە. پێویستە هەبوون و پرسی ژن وەک دیاردەیەک بە هەموو رەهەندە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوری، زیهنییەتی، ئابوری، ڕێوەبەری و … چاوی لێبکرێت و  لە هەموو بوارەکاندا، ڕێز لە ئیرادە و سەربەخۆیی ژنان بگیردرێ. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بە ئیرادە و هێزی گۆڕانکاری ژنان، ڕێنسانسی زیهنییەتی-کولتوری پشت ئەستوورە، بۆیە لە هەموو  مەیدانەکانی ژیان گۆڕانی بنەڕەتی پێکهێناوە و کۆمەڵگەش باوەشی بۆ ئەوە کردۆتەوە چوونکە دەسەڵاتخوازی و هەڵاواردن پەسەند ناکات. ژنان سەلماندوویانە کە هەموو گەل و توێژە جیاوازەکانی ئێران یەکگرتوو دەکەن بۆیە بوونەتە هۆکاری ڕوون بوونەوەی ئامانجەکان و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ” ژن، ژیان، ئازادی ”. بێ گومان،   بە پێشەنگایەتی  ژنانی ئازادیخواز، ئەو شۆڕشە سەردەکەوێ و بە ئامانجەکانی دەگات.

بەدڵنیایییەوە، یەکێک لە پرەنسیپ و دەستکەوتەکانی شۆڕشی ” ژن، ژیان، ئازادی ” پێکهێنانی بەستێنی لێک نزیکبوونەوە و یەکێتی لە نێوان گەلانە. شەقام ئەوەی سەلماند کە نزیکایەتی هەموو گەلان واتە کورد، فارس، بەلوچ، ئازەری، عەڕەب، گیلەک، مازەنی و گەلانی دیکە لە پێداویستییە حاشاهەڵنەگرەکانی شۆڕشە. لێک نزیکبوونەوەیەک کە لە ناو ڕاپەڕیندا هاتە ئاراوە، سەلماندی کە دەتوانێ ببێتە هەوێنی سەرەکی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی شۆڕش و گۆڕانکاری پێکهاتەیی بە ئامانجی دێموکڕاتیزەکردنی ئێران. لە ڕۆژی ئەوڕۆدا، ئەو تایبەتمەندیە بزوتنەوەییە بە بەشداری بەرفراوانی هەموو چین و توێژەکانی نەتەوە فرەڕەنگەکان، کامڵ بووە و بەردەوام بە بەشداری ڕێکخراوەی ژنان، گەنجان، ریکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایان، کرێکاران و خانەنشینان، ڕێپێوانی ڕۆژانی هەینی شاری زاهیدان، هەوڵدانە ڕوونکەرەوەکانی نووسەران، ڕووناکبیران و مامۆستایانی زانکۆ و قوتابخانەکان و بەتایبەت هەوڵدانی خوڵقێنەری هونەرمەندان و بەرخۆدانی زیندانیانی سیاسی و مەدەنی سەرچاوەکانی ئەویان بەزیندوویی هێشتۆتەوە. ئەدیان و ئایینەکان وەکو یارسانیش پشکی گەورەیان هەیە. شەقام باتڵ بوونی دژەژنی، دژەنەتەوەیی، دژە ئیکۆلۆژی و دژەکۆمەڵگەبوونی ڕاگەیاند و ئەو هزرە ئازادە وەک مانیفێستی شۆڕشی دێموکڕاتیکی گەلان پەسەندکراوە و پێویستە پاریزگاری لێبکرێت. بێ گومان ئێرانێکی دێموکڕاتیک و کوردستانێکی ئازاد لە سێبەری یەکێتی گەلان پێکدێت و سەردەکەوەێ.

بێ گومان لە بناخەی شۆرشی ئێراندا، گرینگی پرسی گەلە چەوساوە و زوڵم لێکراوەکان، بەتایبەت پرسی کورد لە ڕیزبەندی یەکەم دایە. یەک لەهۆکارە سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی قەیرانە مالوێرانکەرەکانی ئێران، بابەتی ستەمکاری بەرامبەری نەتەوەکانە، گەلی کورد یەک لەوگەلانەیە کە پشکی گەورەی لەو ستەمە بەرکەوتووە، بۆیە بە بێ چارەسەری پرسی کورد، دێموکڕاتیزەکردنی ئێران و ئازادی گەلانی دیکەش وەدینایەت. کۆڵەکەی سەرەکی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێراندا گەلی کوردە کە بە پێشەنگایەتی خۆی لەو شۆڕشەدا، خزمەتی بە هەموو ئێران کردووە. قەبووڵ کردنی سەرجەم مافەکانی گەل لەسەربنەمای پرەنسیپەکانی ئازادی و دێموکڕاسی لە پیداویستییە سەرەکییەکانی شۆڕشە و بۆ دژایەتی فاشیزم و شۆوەنیزم  تێکۆشانێکی بێوچان پێویستە. بێگومان هاوکاتی شۆڕش، هێزەکانی گەریلا بە ڕێکخستنی پێشکەوتووانەی خۆیان و لە قەوارەی ” پژاک و کۆدار” دا هێزی پاراستنی ڕەوای گەل و شۆڕشی گەلەکەمانە و لە هیچ فیداکاری و فیدایی بوونێک سڵ ناکاتەوە.

لە بەردەوامی شۆڕشدا، ڕێکخراوەبوون و ڕێکخستنی کۆمەڵگە لە پیداویستییە بنەڕەتییەکانی خەباتی کۆمەڵایەتین. شۆڕش توانیویەتی بناخەی هەبوونی ئەو سیستەمە داپڵۆسێنەرە وەلەرزە بخات، بۆیە سیاسەتە سەرکوتکارانەکانی ئەو دەسەڵاتە بە ڕێبازە ساختەکارانەکانی وەکو دەستبەسەرکردن، ئەشکەنجە و سێدارە هیچ ئەنجامێکی نابێت. بەبۆنەی یەکەمین سالوەگەڕی شۆڕشی ” ژن، ژیان، ئازادی” ، بەردەوامیدان بەو شۆرشە لە لایەن هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و بە بەشداری هەمووان؛ ئەرکێکی ئەخلاقی، سیاسی و ڕووناکبیرانەیە. ئێمە وەکو پەژاک و کۆدار بە بۆنەی  ٢٥ خەرمانانی ١٤٠٢، یەکەمین سالوەگەڕی شۆڕش و لە پێناو “بانگەشەی پارتەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ١٢ی خەرمانانی ١٤٠٢ بە بەشداری نوێنەرانی ئەو پارتانە بە تێکڕایی لەسەری ڕێککەوتین و لە ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی خەرمانان ١٤٠٢ بۆ ڕای گشتی ڕاگەیێندرا” سەرجەم گەلان و نەتەوەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئەو هەڵمەتەی لە ژێرەوە ئاماژەی پێدەکەین بانگهێشت دەکەین:

١-گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتی و هەمەلایەنە و داخستنی تەواوی بازار و شوێەکانی کار بانگهێشت دەکەین و لەو چوارچیوەیەدا بانگهێشتی هەموو گەلان و نەتەوەکانی ئێران دەکەین کە هاوتەریبی گەلی کورد و بۆ پشتیوانی بەرفراوان، بەشداری لەو مانگرتنە گشتی و هەمەلایەنەیە دا بکەن.

٢-هەموو گەلان و بەتایبەت گەلی کورد بانگهێشت دەکەین لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەرمانان و هاوکات لە سەرجەم ساڵوەگەری شەهیدەکان لە شارەکانی  شوێنی شەهیدبوونی تێکۆشەرانی شۆڕش، لەسەر گڵکۆی ئەو شەهیدانە ئامادە بن.

لە یەکەمین ساڵوەگەڕی شۆڕشی ” ژن، ژیان، ئازادی ” دا، کوشتنی حوکومی ” شەهید ژینا ئەمینی ” و سەدان شەهیدی ئەو شۆڕشە لەلایەن سیستەمە  فاشیست، دژەژن و قڕکەرەوە بە تووندی شەرمەزار دەکەین و یادیان بەرز ڕادەگرین و بە ڕێزەوە وەبیریان دێنینەوە. بە دڵنیایییەوە ئازادی و دێموکڕاسی بۆ  سەرجەم کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە هاتنە مەیدانەکان و دەنگدەربڕین لە پێناو وەرگرتنی مافەکانیان بەدیدێت. ئێمە پشتوانی خۆمان بۆ خەباتکارانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە ئازادیخوازەکان ڕادەگەیێنین. بەوبۆنەیەوە داوا لە هەموو ژنان، لاوان، ڕووناکبیران، مامۆستایان، کرێکاران، خوێندکاران و قوتابیان، ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنییەکان، ڕیکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژینگەپارێز، نووسەران و هونەرمەندان و سەرجەم چین و توێژەکانی ناوخۆی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها لە دەرەوەی وڵاتیش بە تایبەت لە ئەوروپا دەکەین لە ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، یەکەمین ساڵوەگەڕی شۆڕش بۆ پارێزگاری لە یاد و بیرەوەریەکانی شەهیدان و ڕێزگرتن لە برینداران و بنەماڵەکانیان و لە پێناو ئازادی و ڕزگاری سەرجەم گەلە چەوساوەکان، لە مەیدانەکانی خەباتدا ئامادەبن. شۆڕشی ” ژن، ژیان، ئازادی”، شۆڕشی کولتوری-زیهنییەتی هاوبەشی هەموو کۆمەڵگەی ئێرانە. خەبات و تیکۆشان بەرامبەر سیستەمی سەرکوتکار و فاشیستی ئێران، ئەرکی هەمووانە و ئامادەبوون لە مەیدانەکان، ڕێگەی ئازادی و دێموکڕاسی ئاواڵا دەکاتەوە. ئازادی گەلی کورد و ئازادی ڕێبەر ئاپۆ گرێدراوی یەکن. بژی خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادی و دێموکڕاسی.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)

کۆمەڵگەی دێموکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)

چوارشەممە، ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ – ٦ی سێپتامبری ٢٠٢٣