لە رۆژانی رابردوو شەپۆلێکی دیکە لە گرتن و ڕاوەدوونانی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی دەستی پێکردووەتەوە. ئەم شەپۆلە بە پانتایی ئێران و بە تایبەت لە شارەکانی رۆژهەڵات درێژەی هەیە. ئەم کردەوەیە هاوکاتە لەگەڵ هەڵکشانی رێژەی لەسێدارەدانی زیندانیانی سیاسی. دەیان کەس بە بیانووی جۆراوجۆر دەستبەسەر کراون و لە چارەنووسی کۆمەڵێکیان خەبەرێک لەبەر دەست نییە.

کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەست دەبا بۆ ئەم کردەوانە، کە لە خراپترین بارودۆخی خۆی دایە. ئیعدام، ئەشکەنجە و زیندانی کردنی بەرهەڵستکاران بە درێژایی تەمەنی حکوومەتی ئێران بەردەوامی هەبووە. لە راستیدا رژێمی ئێران هەر لە دەستپێکەوە بە سیاسەتی زەبر و زەنگ، کوشتن و بڕین خۆی بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاندووە. بە لەبەر چاو گرتنی ئەو راستییە کە دەوڵەتی ئیسلامی لە ئاکامی بەلاڕێدا بردن و بە شکست کێشانی شۆڕشی 1357 هاتە سەرکار و هیچ کات مەشرووعیەتێكی لە لایەن گەلەوە نەبووە، زەبر و زەنگ و گرتن و بڕین بۆی کەرەستەیەکی بێ جێگرەوەیە.

حکوومەتی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتدارییەتی خۆیدا بە هەزاران کەسی ئیعدام و بە سەدان هەزار کەسیشی زیندانی، ئەشکەنجە و بێ سەر و شوێن کردووە. هەموو ئەم کردەوە دژە ئینسانیانەی لە پێناو سەقامگیر کردن، هێشتنەوە و درێژەدان بە دەسەڵاتی ئاینی خۆی کردووە. هاوکات لەگەڵ ئەم کردەوانە، دەسەڵات بە دەست بردن بۆ ئایات و هێنانەوەی فتوای شەرعی، لە هەوڵی پیرۆز کردنی سیاسەتی کوشت و کوشتاریدا بووە. دەسەڵات بە پاساوی ئایدۆلۆژی و پارێزگاری لە ئاسایشی نەتەوەیی ویستویەتی ویژدانی کەسانێک راحەت بکات. بەڵام کۆماری ئیسلامی پاش زیاتر لە 45 ساڵ لە فریوکاری و چەواشە نەیتوانیوە رەوایەت بە خۆی بدات و بە سیاسەتی کوشت و کوشتاریش نەیتوانیوە کۆمەڵگە چاوترسێن و بە تەسلیم واداریان بکات.

حکومەتی ئیسلامی ئێران ئێستا لە هەموو لایەکەوە کەوتووەتە ناو تەنگەژەوە و قەیرانەکانی لە هەمیشە زیاتر قووڵ بوونەتەوە. لەناو کۆمەڵگەی نێونەتەوەییدا لە جاران زیاتر تەریک کەوتووەتەوە و حەساری ئابووری و پەراوێز خرانی سیاسی، دەوڵەتی خستووەتەوە باروودۆخێکی نائاسایی. کێشەی ناو باڵەکانی دەسەڵات دیسان زەق بوونەتەوە. شەڕی دوازدە رۆژە لەگەڵ ئیسرائیل نە تەنیا بەشێکی زۆر لە فەرماندە نیزامییەکانی ئێرانی تێدا لە ناو چوو، بەڵکوو توانا نیزامیییەکانیشی لە ڕادەبەدەر لاواز کرد.

هەموو ئەوانە هاوکاتن لەگەڵ گرانی، نەبوونی و هەژاری لە رادەبەدەر. ژیانی کۆمەڵگە بەهۆی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی لە ئاستێکی مەترسیدار دایە. بێکاری و نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوون بۆ دواڕۆژ تەنگی بە گەنجان، ژنان و زۆرینەی کۆمەڵگە هەڵچنیوە. سیاسەتی داپڵۆسین و گرتن و بڕین و پێداگری حکومەت لە سەر درێژەدان بە ئیستبداد و دیکتاتۆرییەت سەد هێندە ژیانی کۆمەڵگەی نالەبارتر کردووە.

دەسەڵات‌دارانی ئێران دەیانەوێ بە هەڕەشە و بە کوشتن و زیندانی کردنی چالاکوانان، گەلانی ئێران چاوترسێن بکەن و لە خەبات و تێکۆشان بۆ ژیانێکی باشتر بیانوەستێنن. کۆماری ئیسلامی دەیەوێ قووڵ بوونەوەی قەیرانەکانی و بە بنبەست گەیشتنی سیاسی بە چڕکردنەوەی سیاسەتی ترساندن و تۆقاندنی کۆمەڵگە قەرەبوو بکاتەوە. بەڵام 45 ساڵە ئەم کردەوانە نە تەنیا نەیتوانیوە تێکۆشان بۆ ژیانێکی ئازاد بوەستێنێ، بەڵکوو ساڵ بە ساڵ ئیرادەی گەلان بۆ گۆڕانکاری بە تین‌تر و قین و توڕەییان لە دەسەڵات زیاترکردووە.

سەرهەڵدانە یەک لە دوای یەکەکان و بە تایبەت شۆڕشی ژن ژیان ئازادی ئەو راستییەی سەلماند کە ژنان و گەنجان و هەموو گەلانی ئێران بە کەمتر لە ئازادی رازی نابن و تا گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد و سەربەست لە خەبات و تێکۆشان دەست ناکێشن. سەلماندیان کە لەمپەرەکانی کۆماری ئیسلامی موتڵەق نین و ئیمکانی شکانییان هەیە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی سەلماندی هێزی ئیرادە و توانایی ژنان و گەنجان لە بن نەهاتووە و دەسەڵات خۆی لەبەر ناگرێ.

لە راستیدا ئەم شەپۆلە نوێیەی گرتن و دەستبەسەر کردنی چالاکوانان و بردنە سەرێی رێژەی لە سێدارەدانەکان، ترسی هەرە زۆری رژێمی ئێران لە درێژەی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی نیشان دەدا. ئەم شەپۆلە رەوایەتی ئەم راستییە کە رژێمی ئێران مەترسی سەرەکی بۆ سەر خۆی هێرشی دەرەکی نازانێ بەڵکوو بە شۆڕش و سەرهەڵدانی ناوخۆی دەزانێ. بۆیە باشترین کاردانەوە بە ئەم زیادەڕۆییەی حکومەت پێداگری و برەو دانە بە شۆڕشی ژن ژیان ئازادی.

بەندکراوانی سیاسی و بە گشتی بەندکراوانی زیاتر لە 50 زیندانی ئێران ئێستا بە وەڕێخستنی بزووتنەوەیەکی گەورە لە ژێر ناوی «سێشەممەکانی نا بۆ ئیعدام» بوون بە سەمبولی بەرخۆدان و بەرگری لە ماف و ئازادی خۆیان و کومەڵگە. مانگرتنی چەند رۆژەی بەندکراوانی زیندانی قزڵحەسار و ناڕەزایەتی ژنانی بەندکراو لە زیندانی قەرچەک و مسۆگەر کردنی بەشێک لە مافەکانیان ئەو راستییە نیشان دەدا کە یەکگرتن هەتا ئەگەر لە زیندانیشدا بێ؛ سەرکەوتن مسۆگەر دەکات.

بەندکراوانی سیاسی شەریفترین کەسانی ناو کۆمەڵگەن کە لە پێناو مسۆگەر کردنی کۆمەڵگایەکی ئازاد کەوتوونەتە بەر هێرشی دەسەڵات دارانی کۆماری ئیسلامی و ژیانیان بە گرەو گیراوە. بۆیە وەدەنگ هاتن و بە تەنیا جێ نەهێشتنی ئەو ئینسانە بەڕێزانە ئەرکی سەر شانی هەموو ئینسانێکی بە ویژدانە و تێکۆشانی ئەوان دەبێ بەرز بنرخێنرێ. خەڵکی ئازادی خواز، ژنان و گەنجان پێویستە بە هەر شێوازێک کە گونجاوە و لە هەموو ئاستێکدا بە پانتایی ئێران و کوردستان حەرەکەتێکی گەورە بۆ بەرگری کردن لە بەندکراوان وەگەڕ بخرێ. کاتێک زیندانیان لە ناو دڵی ئەژدیهادا بە خۆڕێكخستن دەتوانن هەنگاوی مەزن هەڵبگرن و کۆماری ئیسلامی بێننە سەر چۆک، بێ گومان لە دەرەوەی زیندان و لە ناو کۆمەڵگە دەکرێ هەنگاوی زۆر جددیتر هەڵبگیردرێ.

 لە ئێستادا بە هەلوومەرجێکی خەباتکارانەی کە لە ناو کۆمەڵگەدا هەیە و بە ئەزموونێک کە ژنان و گەنجان لە سەرهەڵدانەکانی پێشوو هەیانە، دەکرێ هەنگاوی جددی بۆ بەربەست دانان بەو کردەوانەی رژێم دابنرێ. دەکرێ بە پشت بەستن بە ئەزموونەکانی پێشوو، بە پێکهێنانی کۆمیتە و ناوەندی هەرێمی و سەراسەری بە کۆبوونەوە لە بەردەم زیندانەکان و ناوەندەکانی حکومەت گوشار بخرێتەسەر کاربەدەستان و بە پاشەکشە وادار بکرێن. بێ گومان کۆماری ئیسلامی لە بەرابەر هێزی یەکگرتووی گەل دا توانای خۆڕاگری نییە.