پەیماننامەی لۆزان بۆ بێ ناسنامە هێشتنەوەی كوردانه
24 ئایار, 2023لەچاوپێكەوتنێكی ئاڵتەرناتیڤدا هاوسەرۆكی پەژاك»زیلان ڤەژین» سەدهەمین ساڵەی پەیماننامەی لۆزان، ئامانج و كاریگەرییەكانی ئەم پەیمانە لەسەر بەشەكانی كوردستان و ئەم قۆناخەی لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەنرخێنێت. زیلان وەها ئاماژە بەپەیماننامەی لۆزان دەكات:» لە 2023دا، سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزان كە ئامانجی سەرەكی پارچەكردنی كورد و كوردستان و بێ ناسنامە و شۆناس هێشتنەوەی گەلی كورد بوو لەسەردەستی بەریتانیا پێشكەوت. لەماوەی ئەو سەد ساڵە كوردانیان بەهەموو چەشنێك رووبەرووی قڕكردن و لەناوبردن و پاكتاوكردن كردەوە، لەناوەڕۆكدا ئەو پەیماننامەیە بۆ پارچەكردنی خاكی كوردستان نەبوو، ویستیان بەو پەیماننامەیە كوردان لەهەموو بوارێكدا بەتایبەتی لەرووی رۆحی، هزری، سیاسی، كلتوری و ئابوری و بەكۆمەڵگەبوون و دەروونی، پارچە و قڕبكەن و گەلێكی بێ ناسنامە و بێ ئیرادە و زمان و چاند بئافرێنن».
زیلان ڤەژین لەبەردەوامی ئاخاوتنەكانی خۆیدا دەڵێت:»لەم سەد ساڵەدا هەوڵیاندا لەرووی زیهنی، رۆحی، ئابوری، چاندی، سیاسی، هزری، كۆمەڵایەتی، جوگرافی، خاك، زمان و ناسنامە، هەبوونی كوردان بسڕنەوە و لەناوی ببەن. بەو شێوەیە لەبنەڕەتەوە دەیانویست شتێك بەناوی كورد و كوردستان و نەتەوەیەكی بەناوی كورد ئیدی نەمێنێت. سیاسەتێكی وایان بەهەموو شێوازێك لە هەر چوار دەوڵەتی ستاتۆپارێزدا بەسەر كوردان پیادە كرد. دەوڵەت ـ نەتەوە هەرێمیەكانی وەكو ئێران، سوریا، عێراق و توركیا ئەوەی ویستیان بەسەر كوردانیاندا هێنا و بەڕێوەیان برد. لەرۆژهەڵاتی كوردستان پێنج سەد ساڵە داگیركاری بەرێوە دەچێت و ئاسەوارەكانی ئەو داگیركەریشە زۆر قووڵە لەبەشەكانی تری كوردستان، پەیماننامەی لۆزان تەنیا بەپێكهێنانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتیكی كوردان هەڵدەوەشێندرێتەوە».
هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان لەسەر ئەم قۆناخەی لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی پێیدا دەرباز دەبێت دەئاخفێت و دەڵێت:» ئەمڕۆ ئیدی پشتڕاست بووەتەوە كە سیاسەتەكانی رژێمی ئێران بێ ئەنجام ماون. وڵاتانی ناوچەكە هەریەكەو بەشێوەیەك لەشێوەكان هێز و هاوكاری دەبەخشنە رژێمی ئێران. سەیر كەن كاتێك كۆمەڵگە هەستایە سەر پێ هەر كەس گووتیان سیستەم بروخێت، و هەر كەس بەو هەڵسانەوەی گەل گەرم و گوڕ و گەش بوو. هەموو كۆمەڵگە ئەو هەستەیان ژیان كرد كە رژێم هەڵوەشێت، بەڵام چی بوو لەو ساڵانە كە هەندێ دەوڵەت و هێز دەستێوەردانی نێوخۆی ئێران دەكەن بۆ ئەوەی ئێران هەڵوەشێت هەوڵدان و هاوپەیمانی زۆریان پێكهێنا، بەڵام پشتی چوار پێنج مانگان دەرگای دیپلۆماتیك بەرووی رژێمی ئێراندا كرایەوە. لەرۆژهەڵاتی ناوین هەموو وڵاتان كەوتنەوە پەیوەندی و رێككەوتن. لەسەر زۆر خاڵی هاوبەش و ناكۆك یەكیان گرتەوە».
ڤەژین لەسەر ئەرك و بەرپرسیاریەتی و هەنگاوەكانی داهاتووی شۆڕشیش دەڵێت:» رەنگە لەكۆڵانەكاندا هاوار كەمتر بووبێتەوە، بەڵام ئیدی مێشك و چاوی ئەو مرۆڤانەی دەبینن و بیر دەكەنەوە هی پێشتر نیین. ئیدی ئەو چاو و زیهنە هی شۆڕشن و ئەوانەش گرنگن. هەموو كۆمەڵگەی ئێران لەم شۆڕشەدا بوونە یەك. هەموو كێشەكانیان هێنایە لای یەكتر و خستیانە موناقەشەوە و رێگا چارەسەریان بۆیان داڕشت. تێكۆشانێكی زۆریان بەرێوە بردوە و قوربانیەكی زۆریان بەخشیەوە لەو پێناوەدا. شؤڕشێك كە خوێنی تێدا رژا بێت، ئەوا گەڕانەوەی بۆ دواوە زەحمەتە».
دەقی چاوپێكەوتنەكە:
- سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێپەڕ دەبێت. كاریگەریەكانی ئەم پەیماننامەیە لەسەر كوردستان و گەلی كورد چی بوون؟
- لە 2023دا سەد ساڵ بەسەر پەیماننامەی نێودەوڵەتی لۆزاندا تێدەپەڕێت كە لەئەنجامی ئەو پەیماننامەیەدا گەلی كورد و جوگرافیای كوردستان دابەشی چوار پارچە كرا. بێگومان لەماوەی ئەم سەد ساڵەدا و بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو پەیماننامەیە، تێكۆشانێكی بێ وێنەی گەلی كورد و كۆمەڵگەی كوردستان بەرێوە چوو و تا رۆژگاری ئەمڕۆش ئەو تێكۆشانە بەردەوامە. پەیماننامەی لۆزان لەبنەمادا بەواتای قڕكردن بوو و بەهەموو شێوازێك بۆ پارچە پارچەكردنی كوردستان پێكهاتووە. ئەو پەیماننامەیە تەنیا بۆ پارچەكردنی خاكی كوردستان نەبوو؛ لەهەمانكاتدا ویستیان كوردان لەهەموو بوارێكدا لەرووی سیاسی، كلتوری، ئابوری، كۆمەڵگەیی و دەروونی بەش بەش و قڕ بكەن و گەلێكی بێ ناسنامە و بێ ئیرادە، بێ زمان و چاند و لەناوەڕۆكدا ویستیان گەلەكەمان لەهەبوونی خۆی دوور بخەنەوە و ئامانجە ئەساسیەكانی بەپەیماننامەی لۆزان پێكهێنانی ئەو ئامانجانە بوون.
لە ماوەی ئەم سەد سەد ساڵەدا بۆ ئەوەی ئەو پیلانەی خۆیان پێكبهێنن بەهەموو شێوەیەك هەموو رێ و رێبازێكیان لەسەر گەلەكەمان تاقی كردەوە بۆ ئەوەی بگەنە ئامانجی خۆیان. پێش هەر شت، لەباكور و باشوری كوردستان، لەرۆژئاوای كوردستان و رۆژهەڵاتی كوردستان ئەو پارچەكردنەیان بەسەر كورداندا سەپاند. كوردێك كە بانگەشەی كوردبوون بكات، دەبێت هەموو چەشنە قوربانیدانێك و كوشتنی بكەری نادیاریشی لەناودا لەبەرچاوان بگرێت. ئێمە دەبینین لەم سەد ساڵەدا هەوڵیاندا لەرووی زیهنی، روحی، ئابوری، چاندی، سیاسی، هزری، كۆمەڵایەتی، جوگرافی، خاك، زمان و ناسنامە هەبوونی كوردان بسڕنەوە و لەناوی ببەن. بەو شێوەیە لەبنەڕەتەوە دەیانویست شتێك بەناوی كورد و كوردستان و نەتەوەیەك بەناوی كورد ئیدی نەمێنێت. سیاسەتێكی وایان بەهەموو شێوازێك لە هەر چوار دەوڵەتی ستاتۆپارێزدا بەسەر كوردان پیادە كرد. دەوڵەت ـ نەتەوە هەرێمیەكانی وەكو ئێران، سوریا، عێراق و توركیا ئەوەی ویستیان بەسەر كوردانیاندا هێنا و بەرێوەیان برد. تا پێش دەركەوتنی رێبەر ئاپۆ، كورد نەیدەتوانی باس لەناسنامەی نەتەوەیی خۆی بكات. تەنانەت كوردان نەیاندەتوانی باس لەكوردستانێكی ئازادیش بكەن. كوردان نەیاندەتوانی بڵێن كوردستان داگیركراوە؛ چونكە ئەو كۆمەڵكوژیانەی پێكهاتن ئەوەندە كەم نەبوون. كۆمەڵكوژی دەرسیم لەساڵانی 1937 ـ 1938 دا.كۆمەڵكوژیەك بوو كە لەهەموو روویەكەوە كوردانیان قڕ و پاكتاو كرد. لەبواری چاندی ـ كلتوری، سیاسی، كۆمەڵایەتی، كۆمەڵكوژی كوردانیان لەپێش چاوی خۆیان دانابوو. لەهەمانكاتدا لە ساڵی 1946دا لەرۆژهەڵاتی كوردستان كوردانیان كۆمەڵكوژ كرد. بەهەڵوەشاندنەوەی كۆماری كوردستان لەمەهاباد ویستیان هاوشێوەی دەرسیم بەسەر كورداندا بسەپێنن. هەمانكات لەرۆژئاوای كوردستان كوردێك كە بانگەشەی كورد بوونی بكردبایە و باسی لەكوردبوون و خاوەن ناسنامەبوون بكردایە و بەشوناسی خۆیەوە بژیت بێ بەشكرابوو و بەگشتی لەهەموو بەشێكی كوردستان لەناو پاكتاو كردندابوون.
لەباشوری كوردستان بەهەمانشێوە ویستیان بەهێڵی مستەفا بارزانی كوردان بێ ناسنامە بكەن و بیانكەن بە نۆكەر و دوژمنی كوردان و تا رۆژی ئەمڕۆ لەباشوری كوردستان ئەو هێڵە بەپشتیوانی هێزی هەژمونخواز، هێزی ئەو دەوڵەت ـ نەتەوانەی كە كوردستانیان لەنێو خۆیاندا دابەش كردوە، ئەو بنەماڵەیە بەهێزی ئەوان خۆیان لەسەر پێ دەگرن. بۆیەش دەرئەنجامێكی وەهایان لەگەڵ خۆیاندا هێناوەتە ئاراوە.
بەدەركەوتنی بزوتنەوەی ئازادیخوازی پەكەكە، ئەو هەڵوێست و نزیكبوونانە گۆڕانیان بەسەردا هات. لەم پەنجا ساڵەی دواییدا، بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا زۆر شت گۆڕانی بەسەردا هات. زۆرینەی سیاسەتەكانیان مایەپووچ بوونەوە و لەئەساسدا كوردێك هەستی بەوە كرد كە كوردە. خاوەن ناسنامەیەكی كوردییە و وڵاتی كوردستانە و بە پێویستی دەبینی كە ببێتە خاوەن هەبوونی خۆی كە كورد و كوردستانی بێت. بۆیەش لەم سەد ساڵەی پەیماننامەی لۆزاندا، زۆرێك لەو ئامانجانەی دوژمن بۆ خۆیان دایانڕشتبوو، وەكو كۆمەڵكوژكردن و لەناوبردن و قڕكردن و تواندنەوە و بێ ناسنامە هێشتنەوە تا ئاستێك توانیان بەسەركورداندا بیانسەپێنن، بەڵام بەدەركەوتنی رێبەر ئاپۆ ئەوانە هەموو مایەپووچ و بێ كاریگەر بوون.
رێبەر ئاپۆ لەسەر ئەو پەیماننامانە ئاخاوتووە و رایگەیاندوە كە ئەو پەیماننامەیە لەسەر هێڵ و ئیرادە و هزری دەرەوە سەپێندراوە. سیاسەتی بەریتانیا لەسەر رۆژهەڵاتی ناوین تایبەت لەسەر پارچەكردنی كوردستان پێكهاتووە. واتا سیاسەتی بەریتانیا كە دەڵێن پارچە بكە و ناكۆكی بخولقێنە و بەڕێوە ببە، بنەمای سیاسەتی بەریتانیایە. ئەساس ئەوە لەپەیمانی لۆزان و لەسەر پارچەكردنی كوردستان و كوردان پێكهات. ئەوانەیان بەو شێوەیە خستە بواری كردارییەوە و لەئەنجامدا ویستیان سیاسەتێكی هاوشێوە لەزۆر شوێنی دیكەدا بەرێوە ببەن. سیاسەتی ئەمڕۆكەش كە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوین و دەرەوە بەرێوە دەچێت، هەمان سیاسەتە. سیاسەتی پارچەكردن و بەرێوە بردن و بێ ئیرادە كردنە.
بێگومان ئەگەر ئەمڕۆكە دەرئەنجامەكانی ئەو پەیماننامەیە سەیركەین، ئەوا سەد ساڵمان بەدوای خۆماندا بەجێ هێشت و ئێستاكەش كە سەد ساڵی ئەو پەیماننامەیە بەكۆتا هاتووە، لەساڵێكی زۆر گرنگ و چارەنووسسازدا دەژین. بەڕاستی تێكۆشان لەئاستێكی هەرە بڵنددا پێویست دەكات و لەهەمانكاتدا بۆ مایەپووچ بوون و بێكاریگەر هێشتنەوەی ئەو پەیماننامەیە فیداكاریەكی زۆر و پێشەنگایەتیەكی زۆر لەلایەن گەلەوە پێویستە. هاوپەیمانی و یەكڕیزی و پشتیوانی یەكتر كردن پێویستە. ئیدی ئەو پەیماننامەیە نە موممكنە هاوشێوەی سەد ساڵ لەمەوبەر بەرێوە بچێت. كورد ئەمڕۆكە بوونەتە خاوەن هزر و فەلسەفەی خۆیان. بوونەتە خاوەن ئایدۆلۆژیا و سیستەمی تایبەت بەخۆیان. كوردان ئیدی بوونەتە خاوەن ئیرادە و ناسنامە. بەو چەكانە ئیدی شەڕ و تێكۆشان دەكەن. هەرچەندە هێزە داگیركەرەكان ئەو پەیماننامەیان بەسەر كوردان پێكهێنا و هێشتاش لەسەر كارن. بەڵام ئەو كوردەی كە بەو پەیماننامەیە نەیدەتوانی سەری بەرز كاتەوە، ئیدی ئەو كوردەی بەرێ نییە. كوردێكە كە هۆشیار بووەتەوە و بووەتە خاوەن هەبوون و شەڕی هەبوونی خۆی دەكات و هەبوونی خۆی قازانج كردوە و ئێستاكەش ئەو كوردە تێكۆشان و بەرخۆدان و شەڕی ئازادی خۆی بەرێوە دەبات. پێش سەد ساڵ كورد نەیدەتوانی تێكۆشان و بەرخۆدانی و شەڕی هەبوون بەرێوە ببات و تەنانەت نەیدەتوانی بڵێ من بوونم هەیە. پاش ئەو سەد ساڵە و بەتایبەتی لەم پەنجا ساڵەی رابردوودا شەڕی هەبوونی قازانج كردوە و ئێستا شەڕی ئازادی خۆی بەرێوە دەبات. - وەكو رۆژهەڵاتی كوردستان ئەم پەیماننامەیە چی كاریگەریەكی لەسەر كوردان دانا؟
ـ بێگومان رەوشی رۆژهەڵاتی كوردستان وەكو بەشەكانی دیكەی كوردستان نەبوو. نزیكەی چوارسەد ساڵ پێشتر رۆژهەڵاتی كوردستان لەسەر دەستی ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی پارچە ببوو. واتا رۆژهەڵاتی كوردستان لەپەیماننامەی قەسری شیرین لەساڵی 1639 لەنێوان ئیمپراتۆریەتی سەفەوی و عوسمانی پارچە كرا و لەژێر دەسەڵاتی سەفەویەكاندا مایەوە و هەر سێ بەشی دیكەش لەژێر دەسەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیەكاندا دابەش و مانەوە و بەتێپەڕبوونی كات لەیەكدی دابڕان. بەشێوەیەكی تر مرۆڤ دەتوانێت بڵێت كە مێژووی داگیركاری لەسەر رۆژهەڵاتی كوردستان لەهەر سێ بەشی دیكەی كوردستان درێژخایەنتر بەرێوە چووە. قڕكردنی چاندی، پارچەكردنی كوردستان و لەناسنامە و هەبوونی كوردایەتیان بێ بەش كردن پێش سێ سەد ساڵ لەپەیماننامەی لۆزان لەسەر كوردانی رۆژهەلاتی كوردستان سەپاندوە. لەبەر ئەوەش دەرئەنجامی داگیركاری قووڵتر و بەرفراوانترە. ئەمڕۆكە ئێمە دەبینین كە ئەگەر گەلێك ئەوەندە لەبەرامبەر بەو سیستەمە شەڕ و تێكۆشان دەكات، بەڵام لەگەڵ ئەوەش تا ئێستا ئەوەی كوردان دەیانەوێت لەرۆژهەڵاتی كوردستان پێی بگەن نەگەیشتوون و یەكێك لەدەرئەنجامەكانی ئەوەیە. ئەگەر داگیركاری لەسەر هەر سێ بەشی تری كوردستان سەد ساڵە بەرێوە دەچێت، ئەو داگیركارییە لەسەر گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان چوار سەد ساڵە بەردەوامە و بەتەنیا مابوویەوە. كورد لەهەموو هەبوون و ناسنامەی كوردبوونی خۆی و نەتەوەكەی دابڕابوو و توانراوەتەوە.
كاتێك نەتەوەیەك پارچە ببێ، لەخاك و وڵات و نەتەوە و چاند و زمان و هەبوونی دووری بخەیتەوە ئەو نەتەوەیە دەكەوێتە ناو رەوشێكی مەترسیدار و بەرەو توانەوە و قڕكردن و پاكتاوی هەنگاو دەنێت. بۆ ئەوەش كاریگەریەكانی داگیركاری لەسەر گەلەكەمان زیاترە، بەڵام بەتێكۆشانی گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان و بەخەبات و خاوەنداری كردن لەكوردبوونیان ئەو هەست و زانست و بیرو باوەڕەی كوردبوون لەرۆژهەڵاتی كوردستان زۆر قووڵە. گەلەكەمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان زیاتر خاوەنداری لەچاندی نەتەوەیی خۆیان دەردەكەون. خاوەندەركەوتنیان لەزمان و هەبوونی خۆیان زیاترە. خاوەنداریەتی لەخاك و وڵاتپارێزی و خۆشەویستی بۆ وڵاتیان لەبەشەكانی تری كوردستان جیاوازترە. ئەمەی دەڵێم نە لەبەر ئەوەیە كە بمانەوێت هەستی كوردبوون و خاوەنداریەتی لەزمان و چاند و خۆشەویستی وڵات و وڵاتپارێزی لەبەشەكانی تر بەكەم ببینین و بەلاوازی دابنێین، نا شتێكی وەها نییە؛ بەڵكو لەموقارەنە كردنی چەمك و دەسەڵاتداریەتی داگیركاری كە لەسەر رۆژهەڵاتی كوردستان و بەشەكانی تری كوردستان بەرێوە چووە، جیاوازی زۆرە. بۆیەش لە خاوەنداری كردن لەكوردبوونی خۆیان زیاتر رۆچوونە. ئەوەش هێشتوویەتی كە لەرۆژهەڵاتی كوردستان لەچاو بەشەكانی تری كوردستاندا نەتەوەپەرستی و ناسیۆنالیزمیش پێشبكەوێت. چاندی حیزبایەتی و كوردبوون لەرۆژهەڵات زیاتر تەشەنەی سەندووە. كاتێك مرۆڤ سەیری مێژووی رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، دەبینێت كە سەرچاوەی خۆی لەوەوە وەردەگرێت. مێژوویەكی قووڵە، ئەگەر بەو شێوە خۆیان نەپاراستبایە، كوردبوون ئەوەندە لەرۆژهەڵاتی كوردستان قووڵ و بەهێز نەدەمایەوە. ئەوەندە خۆشەویستی بۆ كوردبوون پەرەی نەدەسەند. راستە چاندی ئازەریان و فارسەكان لەسەر كوردان كاریگەری داناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا چاند و سیاسەتێكی ئاسیمیلاسیۆنی تایبەتیش هەیە. لەگەڵ ئەوانەشدا لە پارێزگای كوردستان لەرۆژهەڵات چاندێكی بەفارس بوون كاریگەریەكی زۆری داناوە. لەپارێزگای ورمێ ئەوەندە چاندی ئازەری لەپێشە، بەڵام كە سەیری كۆمەڵگەی كورد دەكەی، دەبینی كە چاندی كوردی بەقووڵی پاراستووە. حەزكردن و خاوەنداریەتی كردن لەكوردایەتی لەپێشە. بۆیەش زانابوون لەسەر مەسەلەی كوردبوون زیاترە و تێكۆشانی خۆشی لەو پێناوە بەرێوە بردوە. بێگومان لەگەڵ ئەوەشدا زۆر لایەنی دیكەش هەیە كە كوردان دەتوانن پڕی بكەنەوە، دەوڵەتی ئێرانیش ویستی لەو ناسیۆنالیزم بوونەی كوردان سود وەرگرێ، دەیوویست ئەو كوردبوونەی كوردان لەبەرژەوەندی خۆی بەكار بهێنێت. بەو چەكەش دەیانویست كوردان پارچە بكەن. ئێستاكە كە لەرۆژهەڵاتی كوردستان لەنێو حیزب و لایەنە سیاسیەكاندا هەندێ پارچەبوون هەیە، ئەنجامی ئەو یەكەیە. دەیانەوێت بەو شێوە بگەنە ئەنجام. واتا تەنیا لەسەر بابەتی نەتەوە بوون نا؛ دەیانەوێت وەها بگەنە ئەنجام و لەناوخۆی بەشەكانی كوردستان ئەو دووبەرەكییە ساز بكەن. - وەكو ئاماژەتان پێكرد، ئامانجی سەرەكی پەیماننامەی لۆزان پارچەكردنی كوردستان بوو، لەئێستا بەدواوە بۆ پووچەڵكردنەوەی ئەو پەیماننامەیە چی ئەرك و بەرپرسیارێتیەك دەكەوێتە سەر شانی هێز و لایەنە كوردستانیەكان و گەل بەگشتی؟
ـ پێناسەی هەرە راست و بەجێ رێبەر ئاپۆ بۆ پەیماننامەی لۆزانی كردوە. ئەم پەیماننامەیە كە لەساڵی 1923 لەلایەن بەریتانیاوە بەسەر كوردان سەپێندرا. بەریتانیا لەگەڵ عوسمانیەكان رێككەوتن بۆ ئەوەی مستەفا كەمال ئەتاتورك لەنێوان كۆمار و كەركوك و موسڵدا یەكیان هەڵبژێرێت، گۆشاریان خستە سەر مستەفا كەمال. مستەفا كەمال كۆماری هەڵبژارد؛ بۆیە كەركوك و موسڵ لەدەستی بەریتانیادا مایەوە و دەبوو لەتوركیاشدا كۆمارێكی دیموكراتیك دامەزرابا. لەو كاتەدا كوردان لەشەڕی نەتەوەییدا شانبەشانی توركان جێگای خۆیان گرتبوو. لەو شەڕانەدا سەركەوتنی توركەكان لەبنەمادا بەهۆی كوردانەوە قازانج و پێكهات. بۆیەش لەوێدا پێویست بوو كوردان لەپەرلەمان و دامەزراندنی كۆمار و بەرێوەبەریدا جێگا بكرانایەوە و وەها ببووبانەیە خاوەن ئیرادە و بەڕێوەبەری خۆیان، بەڵام بەریتانیا وتیان كوردان بەشداری پێ نەكەن، و ئەگەر بەو شێوەیە بێ ئێمە موسل و كەركوكتان لێ وەردەگرینەوە، و ئەو رێككەوتنەی كۆمار وەها دامەزرا و كوردان بێ بەش مانەوە و ئەو پارچەبوونەش بەو شێوەیە سەپێندرا. رێبەرتی ئاماژەی بەوەش كرد كە دووهەمین هێرشی كۆمار لە هاتنە سەر دەسەڵاتی ئەردۆغاندا پێكهات. لە 2002 هەنگاوی دووهەمینی قڕكردنی كوردان و لەناوبردنیان داڕێژرا. هەڵبژاردنی ئەمڕۆكەش بۆ تەواوكردن و جێبەجێ كردنی هەموو بەندەكانی ئەو پەیماننامەیەیە، بەڵام ئەو هەلبژاردنەش خۆی لەخۆیدا بەشێك لەسیاسەتی بەریتانیایە و هێزی دەرەكییە كە هەمان پارچەكردنی كوردستان و قڕكردنی كوردان و ئامانجیان سەرلەنوێ، نوێ كردنەوەی پەیماننامەی لۆزانە لەنێوان خۆیاندا.
رێبەر ئاپۆ رایگەیاند بۆ بێكاریگەر هیشتنەوەی ئەو پەیماننامەیە، یەكێتی و هاوكاری و هاوپشتی كوردان و یەكێتی نەتەوەیی كوردان پێویستە. یەكێتی دیموكراتیكی كوردان پێویستە. یەكێتی نەتەوەی دیموكراتیكی كوردان دەتوانێت پەیماننامەی لۆزان پووچەڵ بكاتەوە؛ چونكە پارتیەكی وەكو پەدەكە هیچ پەیوەندیەكی بەدیموكراتیكبوونەوە نییە. پارتیەكی وەكو پەدەكە پارتیەكی خیانەتكار و دەسەڵاتدار و عەشیرەتگەرا و بنەماڵەگەرایە، بۆیەش ناتوانێت رۆڵی دیموكراتیكبوونی نەتەوەیی بگرێتە ئەستۆ، بەڵام هێزە دیموكراتیكەكانی تری كوردان دەتوانن بێنە لای یەكتر و پەیماننامەی لۆزان لەسەر كوردان پووچەڵ بكەنەوە. ئەوەش بەتێكۆشانێكی هاوبەش و یەكگرتوو پێكدێت. راستە ویستیان بەو پەیماننامەیە»لۆزان» كوردان لەبواری هزری و مێشك و روحەوە پارچە بكەن و ژیانی كوردان هەموو بخەنە ژێر كاریگەری خۆیانەوە، بەڵام ئەو یەكە بەتێكۆشانی پەنجا ساڵەی رێبەر ئاپۆ، ئیدی ئەو سنورانەی لەمێشك و هزری كورداندا ئاوا كرابوون، سڕایەوە. كوردان لەروح و مێشكدا بوونە یەك. كۆمەڵگەی كورد بەهەموو چەشنێك یەكیان گرتووە. ئیدی كۆمەڵگەی كورد لەرۆژهەڵات و رۆژئاوا و باشور و باكور بوونەتە ماڵێك و رۆحێكی هاوبەش بونیاد نراوە. بەتایبەتی بەتێكۆشانی پەكەكە و بەشۆڕشی رۆژئاوا ئەو یەكگرتنە بونیاد نرا. ئەو كچ و كوڕانەی لەسەنگەرێكدا لەبەرامبەر بەدوژمن دەستیان داوەتە دەستی یەكتر و لەسەنگەرێكدا گیانیان بەختدەكەن، نەتەوەبوونێكی دیموكراتیكیان بونیاد ناوە. ئەوەی لەباشور و لەبادینان لەسەنگەرێكدا بەیەكەوە شەڕ دەكەن و شەهید دەبن و خوێنیان تێكەڵ بەخوێنی یەكدی دەبێت، ئەوە نەتەوەبوونی پێكهێناوە. لەباكور و رۆژهەڵاتی كوردستانیش بەهەمانشێوە لەبەرامبەر بەداگیركەری و لەبەرامبەر بەرژێمی ئێران كاتێك بەیەكەوە لەسەنگەرێكدا جێ دەگرن پشتڕاست كردنی ئەو رۆحەیە كە بونیاد نراوە. یەكەم هەنگاوێك كە بۆ بەرێكخستن كردنی كوردان لەلایەن پەكەكەوە بۆ كوردان لەرۆژهەڵات هەڵگیراوە لەساڵی 1997 تا رفاندنی رێبەر ئاپۆش ئەو هەڤاڵانەی لەوێدا خەباتیان دەكرد، هەڤاڵانی بەشەكانی دیكەی كوردستان، لەباكور و رۆژئاوا و باشوری كوردستان بوون. هەڤاڵانێك وەكو هەڤاڵ ڤیان سۆران بوون. ئەوان روحیەتی یەكێتی كوردانیان دامەزراند. ئەمڕۆش ئەوە بەئاسانی دەبینین كە ئەو شۆڕشە لەنێو كۆمەڵگەی كورداندا پێكهاتووە، بەڵام جارێكی تر ناكۆكی لەنێو هێز و لایەن و حیزبە كوردیەكاندا بوونیان هەیە. بۆچی ئەو ناكۆكیانەش لەنێو حیزبە كوردیەكاندا بوونی هەیە، بەهۆی تەماحی دەسەڵاتدارێتیەوەیە. بەهۆی بەرژەوەندی حیزبایەتی و بەرژەوەندی تاكەكەسیی و بنەماڵەییە. بۆ ئەوەی سەرمایەی ماددی خۆیان زیاتر كەڵەكە بكەن و ناو و نیشانی بنەماڵەیی خۆیان زیاتر دەرخەنە پێش. خۆی لەخۆیدا ئەگەر ناكۆكیەكان لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گەل و نەتەوەیی و كورد بوون بێت، ئەوا دەتوانن بەئاسانی بێنە لای یەكدی و لەدەوری یەكدا كۆببنەوە؛ ئەگەر وەها بێت ئەوا كۆمەڵگە هاتوونەتە لای یەكتر. بۆ ئەوەش دەبێت یەكێتی نێوان ئەو هێزانە پێكبێت. ئەو یەكێتیە پێكبێت، ئەوا پەیماننامەی لۆزانیش بێكاریگەر دەكرێت. لەباكوری كوردستانیش بەهەمانشێوە كوردان هەموویان بێنە لای یەكدی بەهەموو فرەڕەنگی خۆیانەوە سوێند بخۆن و بەڵێنی ئەوە بدەن كە لەبەرامبەر بەو قڕكردنە سەد ساڵەیە لەسەریان بەرێوە دەچێت، گرتن و زیندانی كردن، كۆشتنی بكەری نادیار و لەبەرامبەر بەهەموو ئەوانە دەبینە یەك و یەك دەنگی خۆمان نادەینە ئەردۆغان، دەنگێكی خۆمان نادەینە ئاكەپە، ئەوا لەئاستێكی هەرە ژوور پارتی چەپی سەوزیش سەركەوتن قازانج بكات و ئەندام پەرلەمانی زیاتر رەوانەی پەرلەمانی توركیا بكات و ئەردۆغانیش لەكورسی سەرۆككۆماری بهێننە خوارەوە، بەڵام ئەگەر كورد لەباكوری كوردستان نیوەی دەنگەكانیان بدەنە ئاكەپە و نیوەی دەنگەكانی تریان بدەنە پارتیەكی دیكە، بەشێكی ئەو وڵاتپارێزانەی كە بەساڵانە قوربانی دەدەن لەو تێكۆشانەدا، شەهیدیان هەیە و كوڕ و كچیان لەسەر لووتكەی چیاكانن، تەنیا ئەوانە بیر لەوە بكەنەوە كە دەنگیان بدەنە پارتی چەپی سەوز ئەوا ئامانجەكان بەگشتی پێكنایەن؛ چونكە قازانج كردن و قازانج نەكردن گرێدراوی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە. رەنگە بڵێین كلیچدار ئۆغلو دەنگی پێویستی نەهیناوە و ئەردۆغانیش ئەوەندە دەنگی هێناوە و هەڵبژاردن بچێتە خولی دووهەمین، پارتی چەپ چەندە پەرلەمانتاریش رەوانەی پەرلەمان بكات، ئەوا بەو واتایە نایەت كە ئەوان كەمیان هێناوە. هەموو هێزی دەرەكی پشتیوانی ئەردۆغان و ئاكەپە دەكەن. چونكە نوێنەری ئەو هێزانە لەرۆژهەڵاتی ناوین، ئەردۆغان و ئاكەپەیە. و دەیانەوێت جارێكی تر پەیمانی لۆزان بگەیننە ئەنجام. بۆ ئەوەی ئەو پەیمانە تێكبشكێندرێت دەبێت ئەو یەكێتیە دامەزرێت. یەكێتیەكی بەهێز لەنێو حیزب و لایەنە سیاسییە كوردستانیەكان دەبێت پێكبێت. هەرچەندە لەرۆژئاوای كوردستان ئەزموونێك پێكهاتووە، بەڵام ئەنەكەسە لەپاڵ ئەو یەكگرتنە سەرقاڵی خیانەتكردنە، ئەنەكەسە لەدژی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوا و سیستەمی هاوسەرۆكایەتی دەوەستێتەوە و لەبەرژەوەندیی نەیارانی كورد و كوردستان جێ دەگرێت. لەبەرامبەر بەوان سیاسەت دەكات. لەباشوری كوردستان دوو ناوەند و دوو رێوەبەری حوكم دەكەن. ئەگەر باس لەپارچەبوونی كوردستان دەكەین لە باشوری كوردستان پارچەبوونی دووهەمین پێكهاتووە. هەولێر و سلێمانی بوونەتە دوو ناوەندی جیاواز. دەستی ئاكەپە و ئەردۆغان و دەوڵەتانی هەرێمی و نیودەوڵەتی لەو دوو ناوەندە حاكمە. كوردانیان لەباشوردا پارچەپارچە كردووە. دەبێت ئەوانەش ببنە یەك، نەك بنەماڵەیی و عەشیرەتگەرایی دەبێت سیاسەتێك لەبەرژوەندی گەلەكەمان لەباشوری كوردستان بەرێوە ببەن. ئەو كاتە یەكێتی نەتەوەیی پێك بێت. لەرۆژهەڵاتی كوردستان ئەو حیزبانە ئەگەر لەسەر بەرژەوەندی ژن، ژیان، ئازادی بێنە لای یەكدی، ئەو كاتە سیاسەتی داگیركەری تێكدەشكێندرێت. بۆیەش یەكگرتنی كوردان دەتوانێت پەیماننامەی لۆزان تێكبشكێنێت. كوردان لەدەرئەنجامی ئەو پەیماننامەیە زۆر قوربانیان داوە و تێكۆشانی مەزنیان كردووە بۆیەش دەبینین كە زۆرێك لەلایەنەكانی ئەو پەیماننامەیە بێ كاریگەری هێڵدراونەتەوە. - هەشت مانگ بەسەر شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا تێپەڕ دەبێت، رژێمی ئێران بەهەموو شێوەیەك هەوڵی كپكردنی ئەو شۆڕشە دەدات، وەكو نموونە بە ژەهرخوارد كردنی كچانی خوێندنگاكان دەیەوێت دەنگی شۆڕش كپ بكات، ئێوە ئەو هەوڵدانە بێ ئاكامانەی رژێم بۆ چی دەگەڕێننەوە؟ رژێم بۆچی ئەوەندە بەتوندی هەوڵی سەركوتكردنی ئەو شۆڕشە دەدات؟
ـ بەڵێ هەشت مانگ بەسەر شۆڕش دا تێپەڕ دەبێت. شۆڕش تەنیا زەمەنێك و هەنگاوێك نییە. هەر كاتێك دەتوانێت ببێتە هەنگاوێكی نوێ لەبونیادنانی شۆڕشدا. لە بەرامبەر ئەو لە سێدارەدان و سەركوتكردن و گرتن و زیندانی كردن و ئەشكەنجەدانانە هەر كام لەمانە گۆشە نیگایەك لەشۆڕشن. ئەمانە هەموو هەنگاوێكن لە شۆڕشدا. ژنێك كە دەزانێت هەستەكانی سەركوت كراون، بەو هەستەوە هەڵدەستێت ئەوە بۆ خۆی بەشێكە لەشۆڕش. ئەوە بۆ خۆی هەنگاوێكە بەرەو ئازادی. دایكێك كە هەموو سنورەكانی بنەماڵەی خۆی دەرباز دەكات و بەئیرادەی خۆی دەردەكەوێت، پێشەنگایەتی دەكات، ئەوا گۆشە و هەنگاوێكە لەشوڕشدا. ئەمڕۆ ئیدی پشتڕاست بووەتەوە كە سیاسەتەكانی رژێمی ئێران بێ ئەنجام ماون. وڵاتانی ناوچەكە هەریەكەو بەشێوەیەك لەشێوەكان هێز و هاوكاری دەبەخشنە رژێمی ئێران. سەیر كەن كاتێك كۆمەڵگە هەستا سەر پێ هەر كەس گووتیان سیستەم بروخێت، و هەر كەس بەو هەڵسانەوەی گەل گەرم و گوڕ و گەش بوو. هەموو كۆمەڵگە ئەو هەستەیان ژیان كرد كە رژێم هەڵوەشێت، بەڵام چی بوو لەو ساڵانە كە هەندێ دەوڵەت و هێز دەستێوەردانی نێوخۆی ئێران دەكەن بۆ ئەوەی ئێران هەڵوەشێت هەوڵدان و هاوپەیمانی زۆریان پێكهێنا، بەڵام پشتی چوار پێنج مانگان دەرگای دیپلۆماتیك بەرووی رژێمی ئێراندا كرایەوە. لەرۆژهەڵاتی ناوین هەموو وڵاتان كەوتنەوە پەیوەندی و رێككەوتن. لەسەر زۆر خاڵی هاوبەش و ناكۆك یەكیان گرتەوە. لەنێوەندە نێودەوڵەتیەكانیش بەهەمانشێوە بوو. رژێمی ئێران لەگەڵ چیندا كە پێشتریش لەدانوستاندندا بوون، جارێكی تر بەپەیوەندیەكانیاندا چوونەوە. لەگەڵ روسیا و سعودیەدا پەیوەندیەكانی نوێ كردەوە. لەگەڵ سعودییە دوای حەوت ساڵان دەرگای پەیوەندیەكانیان كردەوە و لەئاستێكی بڵنددا رێككەوتنیان واژۆ كرد. لەگەڵ سوریا پەیماننامەی پەنجا ساڵی واژۆ كرد و رایانگەیاند كە ئێمە هەموو ئیمكاناتێك بۆ بونیادنانەوەی سوریا خەرج و سەفەربەر دەكەین. كۆمەڵێك رێككەوتننامەی زۆریان لەپێناو بونیادنانەوەی سوریا واژۆ كرد و سەرمایەیەكی زۆری بۆ سوریا گواستەوە، ئەوە لەكاتێكدایە ئێران بۆخۆی بەدەست قەیرانی ئابوریەوە دەناڵێنێت و ئاستی هەڵاوسانی ئابوری رۆژبەرۆژ لەبڵندبوون دایە. هێزەكانی دەوڵەت ـ نەتەوە دەرگایان خستە سەر پشت بۆ ئەوەی رژێمی ئێران بە بەهێزی لەسەر پێی خۆی بمێنێتەوە. رژێمی ئێران دەوڵەت ـ نەتەوەیەكی قووڵە. 2500 ساڵ تەمەنی دەوڵەتداری ئێرانی هەیە. ئەگەر ئەو بازنەیە كە ئێرانە؛ هەڵوەشێت ئەوا هەموو دەوڵەتان لەگەڵ خۆیدا قووت دەدات. دەوڵەتانی عەرەبی هەموویان دەزانن كە هەڵوەشاندنەوەی ئێران بۆ ئەوانیش جێگای مەترسییە. دەوڵەتانی هەرێمی بۆ هەموویان مەترسی دروست دەكات. لەبەرامبەر بەدەوڵەتانی سووننە مەزهەب بەرەی خۆی»شیعەیەتی» بەهێز دەكات. لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ئەوەی خۆی ریستۆرە و نوێ بكاتەوە، جارێكی تر هێزی بە بەردا كرایەوە، بەڵام ئەو هێزەی لەكوێ بوو. لەلایەن دەوڵەت ـ نەتەوەكانی دیكەوە ئەو هێزەی پێ بەخشرا. هێزە هەژمۆنپارێزەكان ئەو هێزەیان دا بەئێران. بۆ ئەوەش كاتێك هێزی زیاتری وەرگرت، پەلامارەكانی خۆی بۆ سەر كۆمەڵگەی ئێران زیاتر كرد. رۆژانە گەلی بەلووچ و گەنجانیان لەسێدارە دەدرێن. ئەوەش بەهۆی ئەوەوەیە كە هێزەكانی دەرەوە نایانەوێت ئێران گۆڕانكاری تێدا روو بدات. سیستەمی دەوڵەت ـ نەتەوە، سیستەمێكە نەك هی كەسێكە بەتەنیا. ئێستا باسمان لەهەڵبژاردن كرد، دەوڵەت ـ نەتەوە زیهنیەتێكە وەها بەئاسانی لەنێو ناچێت و كۆڵ نادات. دەوڵەتان پشتی یەكتر بەرنادەن و یەكتر دەپارێزن؛ چونكە خاوەن یەك زیهنیەتن. هیزی دەوڵەت ـ نەتەوە ئێرانیان لەسەر پێ هێشتەوە؛ بۆیەش لەئێستادا لەناوخۆی ئێران سەركوتكردنی گەل زۆر بووە. ژەهراوی كردنی كچانی خوێندكار لەرۆژەڤدایە. لەمانگی ئادارەوە بەپیلان پێكدێت، لەهەموو بەشەكانی خوێندندا دەستیان بەژەهراوی كردنی كچان كرد و تا ئەمڕۆش بەردەوامە و دامەزراوەكانی رژێم بە بێ شەرمانە بانگەشە دەكەن كە كچان خۆیان هۆكارن لەژەهراوی بونی خۆیاندا. ئێستا كەسێك هۆكارەكان ئاشكرا ناكات. لەلایەكی ترەوە بەرێگەی حیجابی زۆرە ملێ پەلاماری ژنان و كچان دەدەن. یاسای ئێران بۆ خۆی یاسایی ـ حقوقی نییە. یاسایەكە كە بەبنەمای شەرعیەتەوە پەردەپۆش كراوە و بەپەردەی شەرعیەتەوە یاساكانیان داپۆشیوە. شەریعەت حیجاب، زۆرە ملێ دەكات و دەڵێن حیجاب سیمبۆلی سیستەمی ئێمەیە. حیجاب زیهنیەتی ئێمەیە. بەراستیش حیجاب سیمبۆلی ئەوان و سیستەمەكەیانە و دەیانەوێت بەو شێوەیە هێرشەكەیان رەوایەتی پێ بدەن. ژەهراوی كردنی كچان رەوایەتی پێ دەدەن. ئەوانەی بێ سەرپۆش بگەڕێن دەگیرێن و ئەشكەنجە و سزای زیندانیان بەسەردا دەسەپێنن. واتا رژێم دەیەوێت بەو تەقینەوەیە كە لەكۆمەڵگە پێكهاتووە، جارێكی تر كۆمەڵگە بخاتەوە نێو قەفەس و زیندانەوە و كۆمەڵگە گەمارۆ بدات. ئەو سیاسەتە گڵاو و قێزەونەی رژێم بەرۆژانە بەردەوامە، بەڵام سەیركەن شۆڕش هیچ راناوەستێت و بەردەوامە. هەمیشە گووتوومانە كە شۆڕشێك لەهزر و مێشكدا دەستی پێكرد؛ ئەوا لەناوبردن و كپ كردنی زۆر زەحمەتە و بۆ دواوە ناگەڕێتەوە. ئەو شۆڕشە بۆ نان و ئاو و كار نییە. ئەو شۆڕشە بۆ ئازادیە. شۆڕشێك كە بۆ كارو نان بێت، ئەوا بەیانی رژێم دەتوانێت كار و نان بداتە ئەوان و بێدەنگیان بكات. شۆڕش لەپێناو ئازادیە. شۆڕشی ئازادییە، شۆڕشێكی زیهنییە، شۆڕشێكی فكری و هەست و هزرە. بۆ ئەوەی مافی ئەوان بپارێزێت دەبێت گۆڕانكاری لەسیستەمی خۆیدا و زیهنیەت و بەرێوەبەرایەتی خۆیدا و رێز لە مافی گەلان بگرێت و گۆڕانكاریەكی بنەڕەتی پێكبهێنێت و لەوەها حاڵەتێكدا دەبێت سیستەمی دەسەڵاتداریەتی لەناو بچێت. شۆڕشی ئازادی درێژخایەنە، كۆمەڵگەی ئێمەش ئەوە باش دەزانێت، شۆڕشێك نییە كە سبەی بگاتە ئەنجام. رەنگە لەكۆڵانەكاندا هاوار كەمتر بووبێتەوە، بەڵام ئیدی مێشك و چاوی ئەو مرۆڤانە دەبینن و بیر دەكەنەوە هی پێشتر نیین. ئیدی ئەو چاو و زیهنە هی شۆڕشن و ئەوانەش گرنگن. هەموو كۆمەڵگەی ئێران لەم شۆڕشەدا بوونە یەك. هەموو كێشەكانیان هێنایە لای یەكتر و خستیانە موناقەشەوە و رێگا چارەسەریان بۆیان داڕشت. تێكۆشانێكی زۆریان بەرێوە بردوە و قوربانیەكی زۆریان بەخشیوە لەو پێناوەدا. شؤڕشێك كە خوێنی تێدا رژا بێت، ئەوا گەڕانەوەی بۆ دواوە زەحمەتە. رەنگە كۆڵانەكان هەندێ بێدەنگ بن، بەڵام ئەوە بەو واتایە نییە كە شۆڕش راوەستاوە؛ ئەوە گەلە قوربانی داوە. ئەو دایك و باوكانەی منداڵەكانیان كردۆتە قۆربانی ئەو شۆڕشە، ئەو ئێشە لەدڵ و هەناویاندا ریشەی داكوتاوە، بۆیەش بەئاسانی دەست لەشۆڕش بەرنادەن. ئەو دیمەنە لەچاویاندا زیندووە و پاشگەزبوونەوە پێكنایەت. ئەو شۆڕشە لەبەر ئەوەی شۆڕشێكی ژن و هەبوونی ژیانە، شۆڕشێكە لەسەر ئازادییە، بەمسۆگەری بەردەوام دەبێت، چونكە ئەوە ئامانجی هەموو مرۆڤەكانە. هەموو كۆمەڵگە دەڵێن ژن، ژیان، ئازادی. هەموو كاروبارێك لەباكوری كوردستان بەدروشمی ژن، ژیان، ئازادی دەست پێ دەكات. دروشمی ژن، ژیان، ئازادی لەباكور دەستی پێ كرد، بەڵام ئەوەندە گوڕ و گەش نەبوو، بەسەرهەڵدانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی تەنانەت هەڵبژاردنەكانی باكوری كورستانیش بەو دروشمە دەستی پێكرد. واتا شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەرۆژهەڵات بووە پشتیوانیەكی بەهێز بۆ هەڵبژاردنەكانی باكوری كوردستان؛ چونكە گەردوونی بوو. گەردوونی بوونی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەرۆژهەڵاتی كوردستان، شۆڕشی ژن ـ شۆڕشی كوردستانی ریشەیی تر كرد و پێشەنگایەتی ئەوەش دەكا و چەندەش هێرش و قوربانیش هەبێت، و گەلەكەمان لەرووی ماددیەوە لاوازیش بن، بەڵام لەرووی روحی و مەعنەویەوە بەهێزتر دەبن و خاوەنداری زیاتر و خاوەنداریكردن لەناسنامە و شوناسی خۆیان پتەوتر دەكەن. - لەسێزدەی مانگ كۆنفرانسێك لەستۆكۆڵم لەپایتەختی ئەڵمانیا، لەلایەن كەنەكەوە لەسەر پشتیوانی كردن لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی و هەڵسەنگاندنی بارودۆخی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرێوە چوو، راتان لەسەر ئامانجەكانی ئەو كۆنفرانسە چییە و كارو خەباتی كۆنفرانسەكە چۆن دەبینن؟
ـ كۆنفرانسێكی زۆر گرنگ بوو. بەتایبەتی كە لەكاتی هەڵبژاردنەكانی باكوری كوردستان بەرێوە چوو. هەرچەندە لەراگەیاندنەكاندا گرنگیەكی زۆری پێ نەدرا بەهۆی هەڵبژاردنەكانی باكوری كوردستان و توركیا، بەڵام راوێژێكی زۆر گرنگ و بەجێ بوو. لەقۆناخێكی مێژووییدا پێكهات. راوێژێك بوو كە لەسەد ساڵی پەیماننامەی لۆزاندا پێكهات. بەو راوێژانەی ئەمڕۆكە بۆ رۆژهەڵات بەرێوە چوون و لەرۆژئاواش پێكبێت و بەرەو راوێژێكی نەتەوەیی بچین، ئەوا دەتوانرێت كاریگەریەكی باشی تێكۆشانی گەلەكەمان لەسەر پێكهێنانی بەرەیەكی نەتەوەیی ـ دیموكراتیكی لەكوردستاندا بەڕیوە بچێت. ئەم راوێژانەی كە بەپلان و لەسەر پیوانی ئازادی و دیموكراسی پێكدێن بێگومان ئەنجامی خۆشی دەبێت. بەپێشەنگی كەنەكە ئەوە پێكهات. لەسێزدە و چواردەی مانگدا هەرچەندە تا ئێستا ئەنجامنامەی كۆنفرانسەكە رانەگەیەندراوە. بەڵام بەو ئەندازەیەی ئێمە بەدواداچوونمان بۆ كرد، كەسایەتیەكی زۆر بەشداریان لەراوێژەكەدا كرد. هونەرمەند و رۆژنامەوان و ئاكادیمسین بەشداریان تێدا كردبوو، ئەمجارە ئیدی راوێژ بەتەنیا راوێژێكی حیزبی نەبوو؛ چونكە زۆرینەی راوێژەكانی پێشوو دەبوونە راوێژی حیزبی و حیزبەكان لێدوانی خۆیان دەخوێندەوە و بڵاویان پێ دەكرد و ئەنجامێكی ئەوتۆیان لێ دەرنەدەكەوت، بەڵام ئەمجارەیان زۆر جیاواز بوو و بەپانێل پێكهاتن. سێ چوار پانێل لەسەر پرسە كۆمەڵایەتیەكان و گەنجان و ژنان و ئیكۆلۆژی و سیاسی و كرێكار و كۆڵبەران پێكهات و راوەستەیان لەسەر ئەو دیاردانە كرد. واتا لەسەر هەموو بەشەكانی كۆمەڵگە گفتوگۆ پێكهاتن. پانلیست هەبوون و ئەوانیش لەسەر هەموو بەشەكانی كۆمەڵگە ئاخاوتن. جیاوازی خۆشی ئەوە بوو. پێشنیاری زۆر لەكۆنفرانسدا پێكهاتن. لەسەر ئەوەی رەنگی هەندێ لەبەشەكانی كۆمەڵگە كەم بوون كۆنفرانس رەخنە كرا. تایبەت بۆ ئەوەی ژمارەی هونەرمەندان كەم بوو رەخنەی رێكخەرانی راوێژ كرا. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لەئەساسدا شۆڕشی چاند و هونەر بوو. ئەوەندە لەو شۆڕشە بەرهەمیان پێشكەش كرد، بۆیە پێویست بوو رەنگ و دەنگی هونەرمەندان و هونەر زیاتر لەپێشدا بووبایە. هەروەها رۆژنامەوان هەبوون، بەڵام ژمارەیان كەم بوو، زۆرێك كەسایەتی رووناكبیری دیكە هەبوون دەیانتوانی بەشداریان پێ بكرێت. ئێمە نازانین هەلومەرجەكان چی بوون، بەڵام لەگەڵ ئەو رەخنانەدا بووین كە كران. ئەوەی گرنگ بوو كە ئەو راوێژە ببێتە پشتیوانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی. پێشنیارێكی تر هەبوو كە ئیدی ناوەندی هاوكاری كە ئەمڕۆكە وەكو ناوەندی هاوكاری چوار حیزب بەناو دەكرێت و پێكهاتووە و لەكۆتاییدا بوونە دوو حیزب ئیدی تێركەر «بەس» نییە و ناتوانێت ببێتە وەڵامدەرەوە. وەكو پەژاك ئێمەش لەو باوەڕەداین دوای ئەو هەموو ساڵە لەتێكۆشان نامانەوێت لەسەر بەرژەوەندی حیزبی؛ بەڵكو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گەلەكەمان بێینە لای یەكتر و دەبێت ناوەندێكی وەها هەبێت و بتوانێت بەردەوام بكات، بەڵام ئێدی ئەوە بەس نابینین و بەدەیان جارە ئەوەمان دووپات كردۆتەوە كە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەتوانن بەناوی جیاواز لەدەوری یەكدی كۆببنەوە و لەسەر زۆر خاڵ بگەنە رێككەوتن. ئەو خاڵانەش بەگوێرەی كات دەتوانرێت دەستنیشان بكرێن. نە وەها بن كە لەتاقەت و قوەتی حیزبەكاندا نەبێت و بەیانی نەتوانن لەپراكتیكدا پێكیان بهێنن، ئێمە پشتر وەكو پەژاك دە خاڵمان دەستنیشان كردبوو. رەنگە ئەو دە خاڵەی ئێمە، لەو هەلومەرجەی ئەو حیزبانەی تێیدان نەتوانرێت پێكبێت و بارودۆخیان بۆ ئەوە گونجاو نەبێت. خاڵی بنەڕەتی و مێژووین و ستراتژین و درێژخایەنن، بەڵام جارێكی تر دەتوانین لەسەر هەندێ خاڵی تر كە هەم شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەهێزتر بكات، دەتوانین بێینە لای یەكتر تاكو بزانین دەتوانین چی بكەین. لەرووی راگەیاندنی و رووی چالاكی مەدەنی، سیاسی دەتوانین پلان و بەرنامەكانمان یەكبخەین. بۆ ئەوەی لەرۆژهەڵاتی كوردستان دەنگێكی هاوبەش دەركەوێت دەبێت تواناكانمان رێكبخەین. بۆیەش بەمیكانیزمێكی نوێ و بەڕێبازێكی نوێ هاتنە لای یەكترو لەسەر ئەو پێشنیارەی لەراوێژی رۆژهەلاتدا پێكهاتن، بۆ خۆمان بەبنەما بگرین. ئیدی ئەوە چەندە لەئەنجامنامەی كۆنفرانسەكەدا بەجێ بكرێت، نازانم، بەڵام بەلای ئێمەوە گرنگە.
ئەوەی دیكەش ئەو دەسكەوتانەیە كە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی خولقاندوویەتی، و ئەو نرخە هاوبەشانەی بونیاد نراوە خاوەنداری لەو نرخە هاوبەشانە دەركەوین و ئەونرخانە هەندێكی تر مەزنتر و ئەو دەستكەوتانە بەهێزتر بكەین. بۆ ئەوەی ئەو نرخانە مەزنتر بكرێن، سەركەوتن بۆ ئێمە پێویستە. ئەو سەركەوتنانەش چین، بتوانین كۆمەڵگەكەمان بەرێكخستن و بەهێزتر بكەین پێویستە. ئێمە دەبێت تێكۆشانمان لەبەرامبەر بەرژێم و پشتیوانی شۆڕش بێ راوەستان گەورەتر بكەین. خاڵێكی دیكەی كە لەراوێژدا گرنگ بوو، رەوشی ژن بوو. بەشداربوونی ژنان پێكهاتبوو و لەپانلەكانیشدا بەشداربوون، بەڵام دەتوانرا زیاتریش بێت؛ چونكە ئێمە هەمیشە باس لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەكەین. هەرچەندە ژمارەیەك هەبوون، بەڵام دەتوانرا كەسایەتی رۆژنامەوان و ئاكادیمیسیت و هونەرمەند زیاتر بووبانە، لەم رووەشەوە لاوازی هەبوو؛ چونكە ناوی راوێژ پشتیوانی لەشۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بوو. راوێژەكانی دیكە كە لەداهاتوودا پێكبێن دەبێت لەسەر بنەمای پێنشیار و ئەنجامنامە و بڕیارەكانی ئەم راوێژە پێكبێت. كۆمەڵگەی ئێمە هەڵوێستی خۆیان دەستنیشان كردوە و لەهەموو پرسەكاندا بەدەوری یەكدیدا كۆبوونەوە. دایكان لەرۆژهەڵاتی كوردستان بەیەكەوە كۆدەبنەوە و بەیەكەوە سەردانی بنەماڵە و كەس و كاری یەكتر و شەهیدان و خاوەنداری لەیەكدی دەكەن. ئەوەش هەڵوێستێكی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرییە. هەڵوێستێكە كە خاوەنداری لەنرخ و بەهاكانی خۆی و دەستكەوتە هاوبەشەكان دەكات. ئێمەش كە ئەركی پێشەنگایەتیمان هەیە دەبێت دوو هەنگاو لەپێش كۆمەڵگەی خۆمانەوە بین و فیداكاری بنوێنین. لەم فیداكاریانەدا دەبێت دوور بین لەبەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵەیی و تاكەكەسی. - پەیامی ئێوە بۆ ژنانی نێوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان بەتایبەت لەم كاتەدا كە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەقۆناخێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، چییە؟
ـ ئێستاكە لەقۆناخێكی هەستیار و چارەنووسساز لە شۆڕشدا دەژین لەرۆژهەلاتی كوردستان و ئێراندا. ئەوەشی پێشەنگایەتی ئەو شۆڕشە دەكەن ژنانن. تەنیا ژنانی كورد نین؛ بەڵكو هەموو ژنانی ئێرانن. ژنانی كورد بەپێشەنگایەتی خۆیان لەگەڵ ژنانی ئێراندا دەنگیان بەرز كردەوە و دەنگی خۆیان گەیاندە هەموو كوردستان و هەموو رۆژهەڵاتی ناوین و هەموو جیهان و تێكۆشانی خۆیان گەردوونی كرد. ئەوەش دەسكەوتێكی مەزنە و قوربانی ئەوەش هەر ژنان بۆ خۆیان داویانە و پێشەنگی شۆڕشەكەش هەر ژنانن و دەبێت رانەوەستن. بەهەموو شێوەیەك لەزانكۆ و خوێندنگاكاندا لەدواناوەندی و ناوەندی و تەنانەت سەرەتاییشدا بێ سڵكردنەوە لەهەموو هەڕەشە و گۆشارەكانی پیاوانی سەركوتكەری رژێمی پەت و سێدارە ئەو هەموو هێرشە رووبەرووی كچانی خوێندكار دەبێتەوە و دەبێت دایكان و بنەماڵەكانیان و دایكانی دیكە خۆیان بكەنە بازنەیەك بەهەرچوارلای ئەو كچانەی رووبەرووی هێرش و پەلاماری سەركوتكارانەی رژێم دەبنەوە. خۆیان بكەنە بازنەیەك بۆ پاراستن. ئێمە ناتوانین هیچ شتێكی پاراستنی خۆمان بسپێرینە دەست رژێم. ئاخۆ ژنێك دەتوانێت هەستێت و داوای پاراستنی خۆی لەرژێم بكات. ئەوەی هێرش دەكات، رژێمە. پێش هەر شتێك دەبێت سیستەمی پاراستنی نێوخۆمان دامەزرێنین. هێزی خۆپاراستن رانەوەستێنین. بەدەوری یەكدیدا كۆببنەوە و دەبێت هەر تاكێك لەبەرامبەر بەسەد كەس بوەستێتەوە. ئەگەر بەتاك و تەراش بێینە سەر شەقام ئەوا رژێم و هێزە سەركوتكەرەكان پەلامارمان دەدەن، بەڵام ئەگەر بەسەدان كەس بین ئەوا رژێم جەسارەتی ئەوە ناكات، پەلاماری گەل بدەن. ئەگەر خوێندنگایەك ژەهراوی بكرێت و بەهەزاران ژن ببنە بازنەیەك و تەوقی خوێندنگاكە بدەن، ئەوا بۆ جاری دووهەم شارێكی تر نابێتە ئامانجی هێرشەكانی پیاوانی رژێم.
دەبێت هێزی پاراستنی ژنان بەپشت بەستن بەهێزی گەوهەری خۆیان بونیاد بنرێت. خاوەندارێتی كردن وەها پێكدێت. ئەمڕۆ دایكان سەردانی یەكتر دەكەن. دایكانی ئاشتی و شەهیدان و بەگشتی دایكانی كۆمەڵگە پێویستە ئەو دایكانە تەنیا بەدە، پانزدە كەسەوە سنوردار نەكرێن. بەسەدان و بەهەزاران لەو دایكانە دەبێت بە یەكەوە كۆببنەوە و كۆبونەوە و كۆنفرانسی خۆیان بەرێوە ببەن. بڕیار و هەڵوێستی خۆیان لەبەرامبەر بەرژێم نیشان بدەن و بەو شێوەیەش خاوەنداری لەیەكدی بكەن و تەنیا بەرۆژهەڵات سنوردار نەمێنن و بە هەموو ئێراندا بڵاو ببنەوە؛ چونكە ژنان لەم شۆڕشەدا قوربانیان داوە. دەبێت ژنان چالاكی خۆیان بەرێكخستن و بەرێبازی جیاواز بەردەوام بكەن. شۆڕش تەنیا لەشەقام و كۆڵانەكاندا نییە. بەهەموو شێوەیەك خۆیان دەبێت بەرێكخستن بكەن، بێگومان گرنگە، لەكەسایەتی هەڤاڵ زەینەب جەلالیان كە بووەتە سیمبۆلێكی بەرخۆدان لەزینداندا و هەڤاڵ شیرین عەلەمهۆلی مۆری خۆی لەزینداندا لەو بەرخۆدانە دا. بەردەوامی ئەو هێڵەی هەڤاڵ زەینەب بەردەوام دەكات و بووەتە سیمبۆلێك بۆ هەموو ژنانی ئێران كە ئەمرۆكە لەزینداندا خۆڕاگری دەنوێنن و خاوەنداریان لەیەكدی دەكەن و بەو شێوازە سیاسەتی رژێمیان لەزینداندا تێكشكاند. وەكو بزوتنەوەیەكی شۆڕشگێڕی ئێمە تەنیا بۆ زەمەنێك دانەمەزراوین. باوەڕی ئێمە باوەڕی سەركەوتنە. ژنان بەدروشمی ژن، ژیان، ئازادی بەشداری هەلبژاردن بوون، ئەوەش هەستێك و باوەڕیەك بوو. دەبێت بەهێزێكی كۆكراوەتر كە كۆڵەكانی سیستەمە داگیركەرەكان هەڵوەشێنێت گوڕ بەخەبات و تێكۆشانی خۆمان بدەین و بەرەو سەكەوتن هەنگاو هەڵێنین. بەمسۆگەری ئازادی سەر دەكەوێت؛ چونكە لەشوێنێكدا چەندە سەركوت و پێشێلكردن هەبێت لەوێدا ئەوەندە رق و كین و تێكۆشانی ئازادی زیاترە و بۆیەش بەمسۆگەری سەر دەكەوین.