ژمارە 18 گۆڤاری ئاڵتەرناتیو چاپ و بڵاوكرایەوە
23 ئایار, 2023ژمارەی 18هەمینی گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ ئورگانی فەریمی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پەژاک لەساڵی سێزدەهم، خۆلی سێیەم چاپ و بڵاوكرایەوە.
ئاڵتەرناتیڤ لەم ژمارەی خۆیدا تێشكی خستووەتە سەر پرۆژەی نەتەوەی ـ دیموكراتیكی رێبەر ئاپۆ كە وەكو رێگەی چارەی تێپەڕبوونی نەتەوەپەرستی داێرشتووە و دەڵێت؛ تێكۆشانی نەتەوەیەك كە ئامانجی بۆنیادنانی دەوڵەتە و دەوڵەتێك كە لەدوی ئافراندنی نەتەویە، فاكتەری بنەڕەتی و راستینەی بەخوێنی ئەم سەدەیە. كێشەكانی چاخی مۆدیرینیتە لە نەتەوە دەوڵەتەوە سەرچاوە دەگرێت و ئەم بارودۆخەش گەورەترین جیاوازی نێوان ئەم دوو یەكەیە پێكدێنێت. نەتەوە وەكو چەمك، فۆرمێكی كۆمەڵایەتیە كە لەپاش فۆرمەكانی كڵان و قەبیلە و عەشیرە و قەوم و گەلەوە شێوەی گرتووە. دەوڵەت ـ نەتەوە ئامانجی یەكرەنگكردنی كۆمەڵگەیە، بەڵام نەتەوەی ـ دیموكراتیك هێمانە هەرەوەزیەكان بەبنەما و جیاوازیەكانیش وەكو دەوڵەمەندیەك سەیر دەكات.
هەر لەم ژمارەیەدا ئاڵتەرناتیو پشتی بە چەمكە ئیكۆلۆژیەكانی رێبەر ئاپۆی بەستووە و لەگوتارێكدا رەگەزگەرایی و پیشەسازیگەرایی و دەسەڵاتداریەتی پیاو كە بەرهەمی سیستەمی دەوڵەت ـ نەتەوەی سەرمایەدارین بەسەرچاوەی كێشە ئیكۆلۆژیەكان دەبەستێتەوە و چارەسەری كێشە ئیكلۆژیەكانیش بەچارەسەركردنی پرسی ژن لەرێگەی زانستی ژنۆلۆژیی، تێپەڕاندنی عەقڵیەتی دەوڵەت ـ نەتەوە و بنەبڕكردنی زیهنیەتی رەگەزگەرایی پیاوسالاری، نەتەوەپەرستی و پیشەسازیگەرایی دەزانێت.
بیوتیرۆریزم وەكو كێشەیەكی ئیكۆلۆژی هەڵدەسەنگێنێت و رایدەگەیەنێت؛ بیوتیرۆریزم لەهەناوی پیشەسازیگەراییدا شاراوەیە. پێشەسازی گەرایی پشتی بەلۆژیكی قازانج ویستی سەرمایەداری بەستووە و ژیانی گەلانی ئێران وەكو قەیرانێكی بیۆتیرۆریستی هەڵدەسەنگێنێت و رایدەگەینێت؛ ژیانی رۆژانەیی گەلانی ئێران رووبەرووی قەیرانی بیۆتیرۆریستی رژێمی داگیركەری ئێران بوونەتەوە. شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بۆ رەتكردنەوەی ئەو ژیانە نەخۆشە بوو و گەلان داوای ژیانێكی بەروومەت دەكەن.
لەبەشێكی تری ئاڵتەرناتیڤدا، شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بە رێگایەكی نوێ لە ژیانی كۆمەڵایەتی پێناسەكراوە و ئاماژە بەوە دەكات؛ لەراستیدا شتی هەرە بەرچاوی ئەم شۆڕشە، بەكۆمەڵگەبوونێكی نوێیە. ئەم شوڕشە هەڵوێستێكی رادیكاڵانەی لەبەرامبەر بە دەسەڵاتی رەگەزا، بەلاوەنانی شۆناسی جیاوازە نەتەوەیەكان و مەزهەب وەستاوەتەوە و ژنانیش رۆڵی سەرەكی لەشۆڕشەكەدا دەبینن.
شۆڕشی ژن ژیان ئازادی بەهۆی كاریگەری جیهانی و دەسكەوتە بەرچاوەكانی لەبواری كەلتوری، كۆمەڵایەتیی و مێژوویی لەم زەمەنە مێژووییەدا بووەتە سیمبۆڵی یەكگرتن و پشتیوانی ژنان لەئاستی جیهانی و دەتوانێت ببێتە خاڵێك بۆ تێكۆشانی هاوبەشی ژنان لەبەرامبەر بەستەمی مێژوویی و سیستەماتیك لەبەرامبەر بەژنانەوە.
ئاڵتەرناتیڤ ژمارەی هەژدەهەمینی خۆی پێشكەش بە هەڤاڵی شەهید و رەنجدەری راگەیاندنی ئازاد؛ شەهید كاروان هەورامی دەكات.
بۆ وەرگرتنی ئەم گۆڤارە ئێرە کلیک بکەن