پاراستنی زمانی کوردی، پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتییە
14 ئایار, 2023لیدوانی کۆدار بەبۆنەی ١٥ ی مەی ڕۆژی زمانی کوردی
پاراستنی زمانی کوردی، پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتییە
پاڕاستنی زمانی کوردی و ڕۆژی جیهانی جێژنی زمانی کوردی پاڵنەرێکی ئینسانییە بۆ هەموو تێکۆشانەکانی گەلی کورد و بەرزڕاگرتنی زمانی کوردی و پەرەپێدانی، ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی و سیاسی تاکی کوردە.
دوژمنانی گەلی کورد بە ئامانجی داگیرکردنی کوردستان و کۆمەڵکوژی کولتوری و جەستەیی دەستپێک هێرشی فاشیستی سەر زمانی کوردییان کردە ئامانج. زمانی دایکی، هێمای هەبوون و ناسنامە و ئازادی هەر گەلێکە. گەلی کورد چەندە بتوانێ پارێزگاری لە زمانی کوردی بکات، ئەوەندە لە ئازادی نزیک دەبێتەوە و دەبێتە شایەنی ژیانێکی ئازاد و بەختەوەرانە. زمان، هێمای ژیانی ئازادە و تێکۆشان لە پێناویدا ئەرکێکی بنەڕەتییە. ئەگەر زمانی کوردی نەبووبایە، کولتوری پڕپیتی زاگڕۆس کە لانکی کولتورە دێرینەکانە، سەری هەڵنەدەدا و دەرنەدەکەوت. هەبوونی ئەوڕۆی گەلی کورد بە هەبوون و پاراستنی زمانی کوردی و ئازادییەوە گرێدراوە.بوون و نەبوونی ئێستا و مێژووی هەر گەلێک گرێدراوی هەبوون و بەهێزبوونی زمانییەتی. هەبوونی ئازادی و کەرامەتی گەلی کورد گرێدراوی زمانی کوردییە و زمان و گەلێک کە بۆتە دایک و هەوێنی کولتور و ئەندێشە و ژیانی ئازاد لە زۆرێک لە کولتورەکاندا. هاوکات زمانی کوردی پێگە و پاڵنەرێکی بەهێزە بۆ بەرەنگاربونەوەی فاشیزم و گەیشتن بە ژیانی ئازاد.
دوژمنانی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان، پڕۆسەی کۆیلەکردن و تواندنەوە و دەوڵەتی حاشاکەر و کۆمەڵکوژییان بە قەدەغە کردنی زمانی کورد دەستپێکرد. یاسای بنەڕەتی دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان لەسەربنەمای حاشاکردن و نەهێشتنی کورد و کولتورە بە پیتەکەی دامەزراون. زیاتر لە سەدەیەک شەڕ و کۆمەڵکوژییان لە سەر بنگەی دژایەتی زمانی کوردی و بەو پێیە هەموو هەبوون کورد پێکهێناوە. بە قەدەغە کردنی پەروەردەی زمانی کوردی، پڕۆسەیەکی کۆمەڵکوژییان دەستپێکرد کە دەسەڵاتە هەژمۆنگەرا جیهانییەکانیش بە هاودەست بوونیان لەو پڕۆسەیەدا، زمانی کوردیان لە هەرجۆرە پاراستنێکی جیهانی و یاسایی نێودەوڵەتی بێبەش کردووە. نێودەوڵەتی بوونی پڕۆسەی کۆمەڵکوژی کولتوری بۆتە هۆکاری وەدواکەوتنی ئازادی گەلی کورد و تائەوکاتەی یاسا جیهانییەکان بەرامبەر دۆزی کورد گۆڕانکارییان بەسەر دانێیەت، ئەوانەش کە بوونەتە سەبەبی ئەو فاشیسمە ناتوانن لە پرسی کورد خڵاسیان بێت.
بێ گومان لە سێبەری تێکۆشانی بێوچانی گەلەکەمان، پڕۆژەی دوژمنان بۆ مراندنی زمانی کوردی بێ کاریگەر کراوە و گەلەکەمان هەنگاوی یەکەمی ژیانەوەی تێپەڕاندووە و گەیشتۆتە قۆناغی ڕزگاری. هەوڵدانی دوژمنان کە بەردەوام بۆتە نمونەی دیاری کۆمەڵکوژی کولتوری، ئەمڕۆکە گەیشتۆتە بنبەست و بەربڵاوی قەیرانەکانی دەرکەوتەی دوژمنایەتی کورد پەل و پۆی خستۆتە ناو هەموو جومگەکانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
«کۆمەڵگەی دێموکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)»، وێڕای پیرۆز کردنی ڕۆژی زمانی کوردی، داوا لە تاک بە تاکی کۆمەڵگەی ئازادیخوازی کوردستان دەکات لە بەردەوامی تێکۆشانی ئازادیخواز و دێموکڕاسی خوازانە و لە دژایەتی سیاسەتی کۆمەڵکوژی کولتوری، هەر شوێنێک بکەن بە قوتابخانەی زمانی کوردی. پەروەردەی زمانی کوردی و پاراستنی ئەو لە هەموو بەشەکانی ژیانی ڕۆژانەدا، دەبێتە هۆکاری بوژانەوەی کۆمەڵگەی ستەملێکراومان. لە پلەی یەکەمدا، شەڕ لە دژی فاشیسم و شۆوێنیسمی کولتورە خۆسەپێنەکان، ئەرکی سەرەکی و گشتی گەلی کوردە. تێکۆشان بۆ پاراستنی زمانی کوردی واتایەکی گەورەتر دەبەخشیتە شۆڕشی گەلەکەمان. مافی پەروەردە و پەرەپێدانی زمانی کوردی، مافێکی سروشتی گەلەکەمان و بەبێ ئەو مافە تێکۆشانی ئازادی و دێموکڕاسیمان بەرناهێنێت. پاراستنی زمانی کوردی، پاراستنی کەرامەتی مرۆڤایەتییە. بۆ بەدیهاتنی ئازادی، مافی پەروەردە و پارێزوانی لە زمانی کوردی هاوار دەکەین.
کۆمەڵگەی دێموکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)
٢٤ی گوڵانی ٢٧٢٣ کوردی