خاوەندارێتی لەدایە فاتمە خاوەنداریەتییە لەبەهاكانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی

11 ئایار, 2023

رژێمی فاشیست و دەسەڵاتخوازی دیكتاتۆری ئێران لەسەرهەڵدان و ناڕەزایەتیە كۆمەڵایەتیەكان تۆقاوە و هاوشێوەی گای ئیسپانیایی پەلاماری كۆتاڵە سورەكە دەدات. رژێم بێ سڵ کردنەوە لەهەموو پێوانە مرۆیی، كۆمەڵایەتی، ئەخلاقییەكان و رێساكانی مافی مرۆڤ پەلاماری هەموو چین و توێژەكانی كۆمەڵگە دەدات و بەهۆی بێ چارەمانەوە و دەستەوەستان لەئاست داخوازیەكانی گەلان و چین و توێژە ناڕەزایەكانی كۆمەڵگە بەشێوەیەكی هەڕەمەکی پەلاماری چالاكوانان، شۆڕشگێڕان، مامۆستایان، هۆنەرمەندان، كاسبكاران، پیشەوەران، خوێندكاران و هەرە دوایی دایکان دەدات.

رژێمی دیكتاتۆر و منۆپۆل كراوی دەسەڵاتخواز بەپەنا بردنە بەر رێ و رێبازی تۆقاندن و داپلۆساندن  و تەنانەت بەچەكی نایاسایی ماوەی سێ مانگە رۆژ نییە كە لەشار و شارۆچكە و گوند و ناحیەیەك پەلامار و هێرش سەر خوێندکارانی كچ نەدات و ژەهرئاویان نەكات و بەوەشەوە نەوستاوە و هەموو هەوڵێكیان وەگەڕخستووە بۆ گرتن، رفاندن، ئەشكەنجەدان و تاوانبارنیشاندان و بڕینەوە و سەپاندنی سزای زیندانی كردن و بەبارمتەگرتن و لەلایەكی دیكەشەوە دەستی بەزەنجیرەیەك لەسێدارەدانی چالاكوانانی مەدەنی، تێکۆشەر و پێشەنگەکانی گەل كردەوە، تا بە هەر نرخێك بێت؛ دەنگی ئازادی و شەپۆلی ناڕەزایەتی گەلان و بەتایبەت دەنگی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی كپ بكات.

رژێمی خوێنمژ و فاشیستی ئێران تەنانەت دەیەوێت لەپێناوی مانەوەی دەسەڵاتی بەستەڵەک کراو و چەقبەستووی كە بووەتە بەڵای سەر تاك بەتاكی كۆمەڵگەی ئێرانی، هەموو تەنازۆڵێك بۆ دەوڵەتانی ناوچەكە و زلهێزە نێو دەوڵەتیەكانیش دەكات بەمەرجێك ئەو تەنازۆلاتەی خزمەت بەسەركۆت و دامركاندنەوەی دەنگی ناڕەزایەتیەكان و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بكات. ئەوەی جێگای داخە رژێم و بەرپرسانی ئەو رژێمە ناڕەوایە بە شێوەیەكی نامرۆڤانە پەلاماری چین و توێژەكانی كۆمەڵانی خەڵكی ئیران دەدات، یەك لەو چین و توێژانەی کە بە چڕی پەلاماریان دەدەن و نایانەوێت بەهیچ شێوەیەک دەنگیان بگاتە ناوەندە جیهانی و هەرێمیەكان، ژنانن. ژنان، دایكان و كچان لەم هەشت مانگەی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی بەهۆی پێشەنگایەتیان بۆ شۆڕش بووەنەتە ئامانجی سەرەكی هێرشە هەمەلایەنەكانی رژێم.

هەر لەچوارچێوەی پەلامارەكانی سەر ژنان و دایكان لەلایەن هێزە سەركۆتكارەكانی رژێم؛ لەرێکەوتی ٩ی گوڵان لەبەردەم زیندانی ورمێ دایە فاتمە مەقسوودی دایكی هەڤاڵی دەستبەسەركراومان(هەڤاڵ ئیدریس فەقیهی) کە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین لە بێ سەروشوێن بوونی کوڕەکەی لە چالاکی مانگرتن دا بوو و بە شێوەیەکی دڕندانە دەستبەسەر دەكرێت. ئەوە لەكاتێكدایە كە دایە فاتمە نەخۆشی دڵی هەیە و ژیانی لەمەترسی دایە. لەبەر ئەوەی گرتنی دایە فاتمە كردەوەیەكی نائەخلاقانەیە. چون دایكێك كە بەهەستی دایكایەتی دەیەوێت هەواڵێك لەچارەنووسی كوڕەكەی وەربگرێت، بەڵام رژێم ئەوەی پێ هەرس ناکرێت. سەرەڕای ئەوەی کە ناوەندە ئەمنیەکانی رژێم بەردەوام شەڕی تایبەت و رەوانیان لەسەر بەڕێوە بردووە. ئەمجارەیان بەبێ رەچاوكردن رێسا كۆمەڵایەتیەكان راپێچی ناوەندە ئەمنیەکانی رژێم دەکرێت. بۆیە پێویستە دایكانی ئاشتی، بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، ژنان و كچانی بەروومەت و خاوەن ئیرادەی پۆڵایینی شۆڕشی ئازادی ژن خاوەنداری لە دایە فاتمە و چارەنووسی هەڤاڵمان بكەن. چون دایە فاتمە روومەت و كەرامەتی هەموو ئەو دایكانەیە كە ئەمڕۆ پێشەنگایەتی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی  دەكەن. بۆیەش خاوەندارێتی كردن لەدایە فاتمە ئەركێكی ئەخلاقی، نەتەوەیی و دیموكراتیكە و خاوەنداریە لەبەهاكانی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.

لەکۆتاییدا بەرخودان و تێکۆشانی دایکی هەڤاڵی قارەمان و تێکۆشەرمان سڵاو دەکەین و ئەو هەڵوێست و بەرخودانە جێگای ستایشەو ئەوەش بەرەکانی تێکۆشان لەدژی دەسەڵاتداری رژیم بەهێزتر دەکات و زامنی سەرکەوتنی شۆڕشی ژن ژیان ئازادییە. بۆیە گرتنی دایە فاتمە بەتوندی شەرمەزار و ریسوا دەكەین و دەبێت رژێم دەستبەجێ دایە فاتمە سەربەست بەربدات و لەکەسایەتی دایە فاتیمە کۆتایی بە سووکایەتی و بێ رێزی بە ئیرادەی ئازادیخوازی گەلی کورد و گەلانی ئێران بهێنێت.

کۆمیتەی پشتیوانی لەگیراوانی سیاسی پەژاک

11-5-2023