
حەڵقەیەک لە ئاگر
10 ئایار, 2023ئامەد شاهۆ
دوای قۆناخێکی کورت لەتێکۆشانی نەبەزانەی پەژاک پۆل پۆل گەنجان و ژنان روویان لەڕیزەکانی تێکۆشانی پەژاک کرد و پەژاک بووە رۆچنی هیوای ژیانەوە لەهەست و ناخی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز. چون بە تێکۆشانی ٦ ساڵەی پەژاک واتا تا ساڵی ٢٠١٠ی زاینی کۆمەڵێک ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی بە دوای خۆی درووست کرد و گەلی پەلکێشی مەیدانەکانی تێکۆشان کرد و ئەوەش تەنگی بە رژێمی داگیرکەری ئێران هەڵچنی. واتا لەهەر گۆڕەپانێکی ناوخۆی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان ئاڵای تێکۆشان و بهرخۆدان دەشەکایەوە و بەوەش رەوتێکی نوێی ژیان و خەباتی بەدوای خۆی هێنایه ئاراوە کە رژێم و نەیارانی ئازادی و دیمۆکراسی خستە ناو دڵەڕاوکێوە. بەو رەوتە، کولتووری وڵاتپارێزی و بهرخۆدان جارێکی دیکە لەرۆژهەڵاتی کوردستان سەرهەڵدەدات و تێکۆشانێکی رادیکاڵانە بە فەلسەفەیەکی نوێوە لەدژی رژێم بەربڵاو دەبێت. واتا تێکۆشانێک دەستپێدەکات کە ژنان و گەنجان پێشەنگایەتی بۆ دەکەن و لەناو هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگا کاریگەری جددی دادەنێت و بە پێی ویست و داخوازیەکانی کۆمەڵگا داهێنان لەرەوتی ژیانی مرۆڤەکان درووست دەکات و تایبەت دەبێتە مەڵبەندی بووژانەوەی ئیرادەی گەنجان و ژنان.
بە بهرخۆدان و تێکۆشانی بێ وچانی هەڤاڵانی زیندانی ئەوین تێکۆشانی دیمۆکراتیکی پەژاک پێ دەنێتە قۆناخێکی دیکە. واتا تێکۆشانی پەژاک دەگاتە لووتکە و تەنانەت بەندیخانەکانی رژێم کە شوێنی تواندنەوە، سەرکوت و تەسلیمیەتن، دەکرێنە مەڵبەندی بە ئیرادەبوون، بهرخۆدان و تێکۆشان. واتا تێکۆشانی ئایدۆلۆژی و پارادیگمایی لەدژی رژێم پێ دەنێتە قۆناخێکی نوێوە و هەڵمەتێکی بهرخۆدان سەرهەڵدەدات. بەوەش رژێم رەوایەتی خۆی لەدەست دەدات. هەڵبەت رژێم بە گرتنەبەری گەلێک رێ و رێبازی چەپەڵ ناتوانێت ئیرادەی پۆڵاینی هەڤاڵانی زیندانی ئەوین تێکبشکێنێت. چون ئەو هەڤاڵانە هەڵگری هزر و رامان و فەلسەفەی بهرخۆدانی ١٤ی تەمووزی زیندانی ئامەد بوون کە کوردی ئازاد دەئافرێنێت و ئەوەش وەک ناسنامەی نوێ له رۆژهەڵاتی ناوین بەربڵاو دەبێت. بۆیە بە بهرخۆدانی هەڤاڵان؛ «شیرین عەلەم هولی، فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی» لەکوردستان سەر لەنوێ ناسنامەیەک گەشە پێدەدرێت کە دەبێتە ناسنامەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوین و جیهان.
چون رژێمی داگیرکەری ئێران بە گرتن و سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بە سەر هەڤاڵانی بەندیخانەی ئەویندا دەیەوێت بەربەست لەبەردەم تەشەنەسەندنی خەباتی پەژاک درووست بکات و ئەو مەشخەڵەی کە لەهەر قوژبنێکی کوردستان دەگەشێتەوە، دایبمرکێنێت و تایبەت کۆتایی بە کولتووری خۆڕاگری و تێکۆشان لەناو بەندیخانەکاندا بهێنێت. چونكه رژێم وای بۆ دەچوو کە بە پەیڕەو کردنی ئەو سیاسەتەی کە بە ساڵانە لەکوردستان پەیڕەوی دەکات، مەحاڵە کە رۆچنی ژیانەوە سەرهەڵبدات و ئیرادەیەکی بهرخۆدان لەدژی رژێم سەرهەڵبداتەوە. بەڵام ئاستی تێکۆشانی پەژاک ئەو کەشوهەوایە دەگۆڕێت کە لەهەر گۆڕەپانێکی تێکۆشان لە زهنی تاکەکاندا ئەستێرەی هیوا دەگەشێنێتەوە و بە پێچەوانەی پیلانەکانی رژێم، بەندیخانە وەردەچەرخێتە ناوەندی خۆڕاگری و تێکۆشان لەدژی عەقڵیەتی بەستەڵەک کراوی رژێم و بە لەسێدارەدانی هەر هەڤاڵێک فەلسەفە و رەوتێکی ژیانەوە گەشاوە دەبێت و هەر هەڤاڵێک دەبێتە بیانوو و هێزی پەرەپێ دان بە تێکۆشان.
بۆ ئەوەی رژێم بتوانێت رێ لە پێشڕەویەکانی پەژاک بگرێت و ترس و تۆقاندن لەدژی پەژاک درووست بکات، لەسێدارەدانی کادر و وڵاتپارێزانی پەژاک دەگەیەنێتە لووتکە. لەلایەکەوە رژێم دەیەوێت بەو سیاسەتە تۆڵەی خۆی لەپەژاک وەربگرێت کە هەژمونی رژێمی تێکشکاند. هاوکات بە ترس و تۆقاندن رێگری لەبەشداری بە خرۆشی گەنجان و ژنان بۆ ناو ریزەکانی تێکۆشانی پەژاک بگرێت. بەڵام رژێم دەست بۆ هەر پیلانێک دەبات، ئاستی بهرخۆدان و تێکۆشانی پەژاک پیلانەکان سەراوژێر دەکات و لەقازانجی بەرژەوەندیەکانی گەلی کورد دەیشهکێنێتەوە. ئەوەش ترس و وەحشەت له ناو کاربەدەستانی رژێم درووست دەکات، چون رژێم بە تەواوی هەست بەوە دەکات کە رێ و رێبازەکانی شەڕی تایبەتی لەدژی پەژاک سەرکەوتوو نابێت، چون جیلێکی نوێ بە فەلسەفەیەکی نوێوە بەرەنگاری دەسەڵات بووەتەوە کە گورزی جەرگبڕی لەرژێم داوە و ئەو جیلە تا دەڕوات هەیمەنە و هەژمونی دەسەڵات لاواز و چرووک دەکات.
واتا جیلێک کە خەون و خەیاڵی کاربەدەستانی رژێم سەراوژێر دەکات لەکوردستان سەرهەڵدێنێت. چون لە لۆژیکی دەسەڵاتدارانی ئێران دەستەواژەیەک بە ناوی بهرخۆدان جێگای نابێتەوە و بە لاواز کردن و لەناو بردنی پێشەنگەکانی ئەندام و کادرانی پارت و لایەنەکانی ناو کایەی سیاسی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رژێم گۆڤەندی سەرکەوتنی دەگێڕا. بەڵام بە دامەزراندن و گەشەدانی خەباتی پەژاک رژێمی رووبەڕووی پرسێک کردەوە کە توانای هەڵهاتن و چاوپۆشی کردنی لێی نییە. واتا سەردەمێک لەدژی گەلی کورد لەرۆژهەڵاتی کوردستان دەستپێدەکات کە گرەو لەسەر مان و نەمانی دەکات. بەڵام لەبەر فەلسەفەی تێکۆشان و خەباتی سەردەمیانەی پەژاک دەستەواژەیەک لەکۆمەڵگا دەزرنگێتەوە کە بە یان «سەرکەوتن یان سەرکەوتن» خەمڵێندراوە. ئەوەش بژاردەی رژێمی مەحکومی شکست کردوە و هەر گۆڕەپانێکی ژیان لەقازانجی بەرژەوەندی گەل ئاوەڵا دەبێت.
رژێمی داگیرکەری ئێران لەگەرماوگەرمی برەودانی خەباتی پەژاک شەپۆلی گرتن و رفاندنی کادر و وڵاتپارێزانی کورد دەستپێ دەکات. بەو شەپۆلە دەیەوێت دەنگی ئازادی گەلی کورد کپ بکات و بە ئەشکەنجە و تۆقاندن هەژمونی خۆی بە سەر گەل و کۆمەڵگا بسەپێنێت. بەڵام بە پێچەوانەی ئەو حەقیقەتەی کە هەرگیز حیسابی لەسەر نەکردبوو، لەژێر سایەی هزر و رامانی رێبەر ئاپۆ جیلێکی نوێ لەرۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبوو کە هەرگیز لەبەرامبەر داگیرکەران سەر دانانەوێنێت و بە فەلسەفەی «بهرخۆدان ژیانە»، دەرگای ژیانەوە و هەستانەوە بۆ پەرەپێدانی تێکۆشانی خۆی ئاوەڵا دەکات. واتا ئەشکەنجەی جەستەیی و روحی ناتوانێت هەرەس بە چیای خۆڕاگری رۆڵەکانی کورد لەناو بەندیخانەدا بهێنێت.
چون جیلێک لەکایەی سیاسی ئێران بەرەنگاری رژێم دەبێتەوە بە فەلسەفەی ئاپۆیی خەمڵێندراوە. ئەو فەلسەفەیهش لەزیندان گەشە دەکات و بە گەشەکردنی، ترس و تۆقاندن و سیاسەتی لەسێدارەدان دەشکێنێت. چون سەردەمێک لەکوردستان دێتە ئاراوە کە بە خوێندنەوەی «سروودی ئەی رەقیب» و بەرزکردنەوەی درووشمی «بژی کوردستان» و «بژی رێبەر ئاپۆ» بەرەو پیری مەرگ دەڕۆن. ئەو فەلسەفەیەش وەرچەرخانێک لەتێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد درووست دەکات. واتا ئاشی هاڕین و پەتی سێدارەی رژێم ئیدی ناتوانێت ئیرادەی سەرهەڵداوی گەل تێکبشکێنێت. چون ئەو ئیرادە بە فەلسەفەی ئاپۆیی داگیرساوە و هیوای گەیشتن بە ئازادی لەمرۆڤەکان گەشاوە دەکات. ئەو فەلسەفەیە کە فەرزاد و شیرینەکان لەبەندیخانەدا پەرەی پێ دەدەن.
واتا لەزیندانی ئەوین ٤ ئەستێرە لەناو بەندیخانەی تاریک و لێڵی رژێم دەدرەوشێنەوە. واتا بە هزر و رامانیان هیوا و باوەڕی بە تێکۆشان و گەیشتن بە ئازادی پتەوتر و قایمتر دەکەن. ئیرادەی ئازادی مرۆڤەکان یەکدەخەن و گەنجان و ژنان پەلکێشی هێڵی بهرخۆدان و تێکۆشان دەکەن. شەهید شیرین عەلەم هولی بە هەر دەستەواژەیەکی، فەلسەفەیەکی بهرخۆدان لەدژی داگیرکاری بەربڵاو دەکات. واتا بە بەرزکردنەوەی درووشمی «ژن ژیان ئازادی» چەخماخەی شۆڕشێک لێدەخات. ئەو چەخماخەش ئەمڕۆ شۆڕشێکی لەرۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هەڵگیرساند کە بۆتە جێگای سەرنج و هیوای مرۆڤایەتی. واتا رژێم بە فەلسەفەی مردن و تەسلیمیەت کۆتایی بە هێڵێکی ژیان و تێکۆشان دەهێنێت. بەڵام بهرخۆدانی شیرینەکان بە خوێنی خۆیان هێڵێکی نوێی ژیانەوە بۆ گەلانی ئازادیخواز دەدرەوشێننەوە. رژێم بە سەپاندنی سزای لەسێدارەدان نکوڵی لەهەبوون، ناسنامە و ئیرادەی گەل و نەتەوەیەک دەکات. بەڵام بهرخۆدان و تێکۆشانی هەڤاڵانی زیندانی ئەوین پێداگری لەسەر حەقیقەت و ناسنامەی ئازاد و ئیرادەی پۆڵاینی گەل و نەتەوەیەک دەکات کە ئەمڕۆ شۆڕشێکی بەرپا کردووە و ئەو شۆڕشەش بە درووشمێک کە لەزیندانەوە گەشە و نەشە دەکات، لەدایک دەبێت و دەبێتە ئاڵای سەربەرزی شۆڕشی ئازادی ژن.
شەهید فەرزاد کەمانگەر و فەرهاد وەکیلی، بە فەلسەفەی بهرخۆدانیان ئەلف و بێی ئازادی فێری نەوەکانی نیشتمان دەکەن. وەک مامۆستایەک پێداگری لەراستی و ئازادی دەکەن. بە جەستەی خۆیان ئاگری ئازادی دەگەشێننەوە. واتا دەبنە مامۆستا و شۆڕشگێڕی فەلسەفەیەک کە بەهاری ئازادی بەرپا کردووە. مامۆستایانێک کە تا سەر ئێسقان باوەڕیان بە ئازادی و دیمۆکراسی هەیە و بەرەنگاری زوڵم و زۆری و چەوساندنەوە دەبنەوە. ئامادە نابن کە شەربەتی تەسلیمیەت بخۆنەوە. بەڵکوو بە فەلسەفەی بهرخۆدان و تێکۆشان ئاڵایەک دەگەشێننەوە کە دەبێتە مایەی سەربەرزی گەلی کورد و گەلانی ئازادیخواز. بۆیە هەر دەستەواژەیەکیان رووبارێک لەژیانەوە و هەستانەوەیە. ئەوان دەبنە مامۆستای نیشتمان پەروەری و وڵاتپارێزی. مامۆستای خاوەندارێتی لەنیشتمان و هاندانی منداڵان، گەنجان و ژنان بەرەو مەڵبەندی هەڵۆ بەرزەفڕەکان. واتا بە هزر و فەلسەفەی رێبەر ئاپۆ حەڵقەیەک لەئاگری بهرخۆدان هەڵدەکەن کە هێز و توانای جەلادانی رژێم نابێت کە دایبمرکێنن. بۆیە تینی ئەو حەڵقە ئاگرە لەچوار لای کوردستان و دەرەوەی وڵات بڵاو دەبێتەوە کە سەنگەری بهرخۆدان و تێکۆشان قایمتر دەکەن و بەوەش ئاگری شۆڕش گەشاوە دەکەن کە ئەمڕۆ رووناکیەکەی لەهەر لایەکی کوردستان دەدرەوشێتەوە.
شەهید عەلی حەیدەریان یەکێکی دیکە لە ٤ ئەستێرەی بەندیخانەی ئەوینە کە بە جۆش و خرۆشی لاوێتی پێداگری لەسەر کوردبوون و ئازادی دەکات. هیچ جۆرە ئەشکەنجەیەک ترس و راڕایی ناخاتە دڵیەوە. بەڵکوو هەر ئەشکەنجەیەک شەپۆلی رق و نهفرەت لەناخیدا بەرپا دەکات و پابەندی بە خاک و نیشتمان و دۆزی نەتەوەکەی زیاتر دەبێت. ئەوەش لەقوتابخانەی ڕێبەر ئاپۆ فێر بووە. فێری چۆن بژین، لەپێناو چ بژین و لەکوێوە دەستپێ بکەین، رەوتێکی بهرخۆدان دەستپێ دەکات. لەزینداندا وەک ئاپۆچییەک ژیان دەکات، لەپێناو گەل و نیشتمانەکەی ژیان دەکات و لەبەندیخانەوە لەدژی سیاسەتی لەسێدارەدان رووباری بهرخۆدان بەرپا دەکات. بەرایی ئەو بهرخۆدانەش ئەمڕۆ شەقامەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانی تەنیوە. ئەو فەلسەفەیه دەبێتە رووناککەرەوەی شۆڕشێک. لەو شۆڕشەشدا رۆحی جوانی عەلیەکان پێشەنگایەتی بۆ دەکەن، بۆیە گەرەنتی سەرکەوتنی شۆڕش لەژێر هەیمەنەی ئەو هزر و فەلسەفەیەدا مسۆگەرە.
واتا ئەو ٤ ئەستێرەیە وەرچەرخانێک لەفەلسەفەی بهرخۆدان و تێکۆشانی گەلی کورد درووست دەکەن و بە رێچکەی تێکۆشانیان میراتی بهرخۆدانی ٩ی گوڵانیان بۆ هۆگرانی ئازادی بە جێهێشت. ئەو رۆژە ئیدی دەبێتە رۆژی مامۆستای کورد. چون گەلی کورد بە رەنج و تەقەلا و تەنانەت خوێنی خۆی رۆژی خۆی درووست دەکات. چون ئەو رۆژە رۆژی فێربوون و وانەوەرگرتن لەمامۆستای ژیان و شۆڕشە. وانەوەرگرتن لە ٤ ئەستێرەیە کە خولیای ئازادی و دادپەروەری بوون. تایبەت ئەو رۆژە بۆ گەنجان رۆژی نوێ بوونەوە و پەیوەستبوون بە رەوتی تێکۆشان و خەباتە. رۆژی پەیوەست بوون بە فەلسەفەی بهرخۆدان ژیانە. رۆژی گەشانەوەی حەڵقەی ئاگری بهرخۆدانە. رۆژی تێکشکاندنی سیاسەتی لەسێدارەدانە. ئەوەش بە گەشانەوەی شۆڕش و سەرکەوتنی مسۆگەر دەبێت.
لەبەر ئەوەی ساڵڕۆژی شەهادەتی هەڤاڵانی ٩ی گوڵان، لەمانگی شەهیدان دایە، ئەرک و بەرپرسیاری جددی دەکەوێتە ئەستۆی هۆگرانی ئازادی کە بە هەموو هێز و تواناوە خاوەندارێتی لەڕێچکەی تێکۆشانیان بکەن و شکۆدار یادیان بەرز رابگرن. چون مانگێک بە سەر دەبەین بە مانگی شەهیدان لەقەڵەم دراوە. واتا لەم مانگەدا گەلێک هەڤاڵی قارەمان لەپێناو خاک و نیشتمان شەهید بوون. بۆیە ئەم مانگە هاوکات مانگی بهرخۆدان و تێکۆشانە. لەبەر ئەوەی گەلی کورد خاوەن میرات و پاشخانێکی گەورەی بهرخۆدان و تێکۆشانە کە ئەوەش پشتی بە هێز و ئیرادەی گەوهەری و رێچکەی شەهیدان بەستووە، ئیدی نەیارانی کورد ناتوانن نکوڵی لەهەبوون، ناسنامە و ئیرادەیەک بکەن. بەڵکوو هێزێکی نەبەزیوی گەنج و ژن لەشەقامەکاندان کە تەنگیان بە رژێم هەڵچنیوە و تا دەستەبەرکردنی خەون و خەیاڵی شەهیدانی نیشتمان پەرە بە تێکۆشان دەدەن.