گەلان دەرفەتی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە دەست نەدەن

7 ئازار, 2023

لێدوانی کۆدار بە بۆنەی ٨ی ماڕس

دەستکەوتی ٨ی ماڕس، ڕۆژی جیهانی ژن بە تێکۆشانی ئازادیخوازانی جیهان بەدەست هاتووە. ئەو ڕۆژە، ڕۆژی بەرزکردنەوەی تێکۆشانی ژنانی کورد وەکوو پێشەنگانی ڕێگەی ئازادی لە کوردستان، ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. کۆمەڵگەی دێموکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) ڕۆژی جیهانی ژن لە هەموو ژنانی کورد و تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی گەلان پێرۆز دەکات.

ڕزگاری کۆمەڵگە لە ژێر ستەمی سیستەمی پیاوسالار و دەوڵەتگەرایی فاشیستی و بەدەستهێنانی ئازادی و بەختەوەری تەنیا بە گرینگیدان بە تێکۆشانی ژنان و ئازادی هەموو ژنان پێکدێت. ئەوڕۆکە هەموو ئازادییەکانی کۆمەڵگە بەتایبەتی لە کوردستان و ئێران لە پلەی یەکەمدا بە ئازادی ژنان و تێکۆشانی بزوتنەوەکانی ڕزگاری ژنان بەستراوەتەوە. ژنان پشتیوانێکی بەهێزن بۆ مانەوەی کۆمەڵگەی ئەخلاقی، سیاسی و دێموکڕاتیک. مێژوو لە سێبەری ڕەنجی ژناندا لەسەرپێ ڕاوەستاوە و بەردەوام بووە و ئەوڕۆ مرۆڤایەتی لە ڕێگەی ئازادی ژنان بەدوای بەدەستهێنانی بەختەوەری ئاواتخوازانەی، بایخێکی زیاتر دەداتە ژنان.

لەهەر قۆناغێکی مێژوو. بە تایبەت مێژووی هاوچەرخ، ژنان دەچەوسێندڕینەوە و بە کۆیلەدەکرێن، تاریکی باڵی بەسەر کۆمەڵگەدا کێشاوە و هەموو قەیران، بێسەروبەری و کێشە قوڵەکانیش بە هۆی ستەمی سەر ژنان دێنە کایەوە. بێگومان خولی ٥٠٠ ساڵەی سیستەمی ڕەگەزپەرەست و دژە ژن ی سەرمایەداری، کۆمەڵگەبوونی دروست و ڕاستەقینەی لە ژنان ستاندۆتەوە و ئەو قۆناغە لە پاوانی دەسەڵات و سەرمایە بەتەواوێتی خەساری بە ژنان گەیاندووە و تا ئێستاش بەردەوامە. بێبەشبوونی ژنان لە هەبوونی سیستەمی کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری شارستانی خۆیان لە دەرەوەی هەژمۆنی دیاردەی دەوڵەت لە ڕاستیدا بێبەشبوونی هەموو کۆمەڵگەیە لە سیستەمی خۆبەڕێوەبەری و ئیرادەی سیاسیان. لە سیستەمێکی بونیادنراوی وەک سەرمایەداری پەرەگرتنی بە کاڵا بوونی ژنان لە جیاتی خۆبەڕیوەبەری خاوەن ئیرادە دەبێتە هۆی قوڵبوونەوەی هەموو کێشەکانی سەرەتانی  کۆمەڵگە.  

ئەگەر ئەوڕۆ بە خۆشییەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران دەنگی ژنان بۆ ئازادی دەگاتە گوێمان، لە بەرەکەتی تێکۆشانی ژنانی ئازادیخوازی کوردە کە لە هەر چوار وڵاتی ئێران، ترکیە، عێراق و سوریە دەرفەتی هەبوونی سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری  بونیادنراو لە لایەن کۆمەڵگەوە بە گەلان بەخشیوە و ئەوەیان بۆ ئاستی ناونەتەوەییش گواستۆتەوە. پێویستە ئەو ڕێڕەوییە ئازادیخوازییەی ژنانی کورد هەر وەک ئێران لە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا ببێتە نمونەیەکی تێکۆشان بۆ کۆمەڵگە و گەلان، چوونکە لەو ە زیاتر هیچ ڕێگەیەکی دیکە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی نییە. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە سەرتاسەری ئێران لە نمونە بەرچاوەکانی شۆڕشە کە قۆناغێکی دیکە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دێنێتە ئاراوە و گەلان نابێ ئەو دەرفەتە لەدەست بدەن. بێگومان دروستکردنی دۆخی هاوشیوەی سەدەکانی ناوەڕاست بۆ ژنانی ئێران بەتایبەت کچان کە سات بەسات و  ڕۆژانە لە لایەن گروپە تووندئاژۆکان و دژە ژنەکان دەکرێنە ئامانج، لەلایەن کۆمەڵگەوە مایەی قبوڵ نییە. هێرشە شیمیاییەکانی سەر کچان لە قوتابخانەکان، باس لە گەیشتنی کۆمەڵگەی ڕەگەزپەرەست و پیاوسالار بە بنبەست دەکات و تەنیا بە بەرفراوان کردنی شۆرشی ژن، ژیان، ئازادی دەتوانرێ ئەو مەترسییانە کۆنترۆڵ بکات.  

کۆمەڵگەی دێموکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) وێڕای پیرۆزبایی دووبارە لە تەواوی ژنانی ئازادی خواز و گەلی کورد، ساڵی ٢٠٢٣ وەک ساڵی کۆمەڵگە ستەملێکراوەکان و دەرفەتی ئەوان بۆ بەدەستهێنانی ئیرادەی سیاسی خۆیان دەزانێ. ژنانی کورد و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی لە پێناوی ئەو ئامانجانە دروستانەیدا هەزاران شەهیدی پێشکەش کردووە. بە وەدیهێنای کۆمەڵگەی ئازاد و دێموکڕاتیک دەتوانرێ ئاواتی شەهیدان بەتایبەت شەهیدانی ژن بێتە دی. لەوبارەیەوە  دژە ژن بوونی حکومەتی ئێستای ئێران و هێرش بۆ سەر مەدرەسەکانی کچان و ژەهرخواردکردنیان کە بە پلانی پێشتر داڕێژراو  پێکدێت بەتوندی مەحکوم دەکەین. ژنان بە  تێکۆشان و یەکگرتوویی خۆیان دەتوانن پێش لەو هێرشە هۆڤانەی دوژمنان بگرن. کۆدار هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ بەشداری لە مەیدانەکانی تێکۆشان بۆ پاراستنی کەرامەتی ئینسانی ژنان، کۆمەڵگەکان و گەلان بانگهێشت دەکات. ڕێگەی تێکۆشان بە خەباتمان زیاتر لە جاران خۆش بکەین و ببینە ڕێڕەوی ڕێبازی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.

کۆمەڵگەی دێموکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)

٦ مارس ٢٠٢٣