فوئاد بێریتان: ئیدی ئێران وەک پێشتر نابێت

26 كانونی دووه‌م, 2023

فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار وتی: “پێویستە ڕووداوەکانی ئێران بە دینامیکی ناوخۆیی لێکبدرێنەوە. بنەمای بزووتنەوەکە لە ئێران هێز و دەورووبەری بەها ئیسلامییەکانە. ئیدی لە ئێران هیچ شتێک وەک پێشتر نابێت”.

فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار بەرخۆدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) شیکار کرد.

فوئاد بێریتان لە وتارەکەیدا وتی: “ڕژێمی ئێستا لە ئێران ناتوانێت لە بەردەم ئەم بایەدا ڕابوەستێت. تاوەکو هەوڵی سەرکوتکردنی بدات بایەکی بەهێزتری تیادا هەڵدەبێت”.

هاوسەرۆکی کۆدار ڕایگەیاند، ڕووداوەکانی ئێران و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی بەو ئەندازەیە، کە پەیوەندیی بە جیهان و ناوچەکەوە هەیە، زۆر لەوەش زیاتر پەیوەندیی بە کوردەوە، بۆیە دەبێت بە دروستی هەڵبسەنگێنرێت، بەڵام بە دروستی هەڵناسەنگێنرێت.

فوئاد بێریتان، وتیشی: “چۆن ڕووداوەکانی ئەوروپا، یان شوێنەکانی تری جیهان هەڵدەسەنگاندنیان بۆ دەکرێت، ڕووداوەکانی ئێرانیش  بەهەمان شێوە هەڵسەنگاندنیان بۆ دەککرێت، بەڵام ئەوە لە کاتێکدایە ئەو ڕووداوانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوویانداوە، بە عەقڵییەت و مێشکی ڕۆژئاوایی، یان وەک ڕووداوێک لە شوێنەکانی تری جیهاندا هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، ئەنجامی زۆر هەڵەی لێدەکەوێتەوە. ئەوانەی بەم شێوەیە هەڵیدەسەنگێنن، لە کۆتایدا ئەنجامی هەڵەیان وەرگرتووە”.

فوئاد بێریتان ئاماژەی بەوەدا، پێویستە کۆمەڵگەی مێژوویی بەباشی شیبکرێتەوە، پێویستە هەموو ڕووداوەکان لەو کات و شوێنەدا، کە ڕوودەدەن هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و وتی: “کاتێک ڕووداوەکان و ئەوەی ڕوویداوە بەپێی دیدی ڕۆژئاوا هەڵناسەنگێنرێن، ئەوا دەتوانرێت ڕووداوەکانی ئێران بە شێوەیەکی ورد و دروست هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت”.

دەبێت وڵاتانی ڕۆژئاوا دەستبەرداری بۆچوونی خۆیان لەسەر ئێران ببن

لە درێژەی وتارەکەدا هاتووە: “پێویستە پێش هەموو شتێک ڕۆژئاوا واز لە تێڕوانینی خۆی بەرامبەر بە ئێران بهێنێت. کاتێک دەوترێت ئێران، ڕاستەوخۆ دواکەوتوویی، گوشار و ستەم بە بیری مرۆڤدا دێت. بێگومان ڕژێمێکی چەوسێنەر و زۆردار لە ئێران دا هەیە، ئەمە لایەنێکە، بەڵام لایەنی گەلانی ئێرانیش هەیە. کۆمەڵگای ئێرانی هەیە، ڕاستی کۆمەڵایەتیی خۆی هەیە. گونجاو نییە، کە مرۆڤ بە تەنها باسی ئێرانێک بکات. چۆن بە تەنها باسی یەک ئەوروپا ناکرێت، ئەوروپای جیاواز هەیە، ئەمریکای جیاواز، فەرەنسای جیاواز، ئەڵمانیای جیاواز و ئێرانی جیاوازیش هەیە. لە لایەکی دیکەوە دەبێت ڕووداوەکانی ئێران لەسەر بنەمای مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر بنەمای ئێران هەڵبسەنگێنرێت. مەبەستی لە دیموکراتیزەکردن و ئازادیی ئەوەیە، کە نەک بە چاوی ڕۆژئاوایی، بەڵکو لە نێو ڕاستیی مێژوویی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پرۆسەی دیموکراتیزەکردن و ئازادی پێکبێت. ئەگەر بە پێی ئەورووپا، بە پێی ئەمەریکا، شتەکان بە پێی پرۆسەی مێژوویی ئەو ناوچانە هەڵبسەنگێنرێن، ئەو کاتە هیچ هەڵسەنگاندنەکە دروست نابێت. دیموکراسیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر بنەمای خۆبەڕێوەبەریی خۆی بەدی دێت. ئازادی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش بە پێی خۆبەڕێوەبەریی خۆی بەدی دێت. وەک رێبەر ئاپۆ وتی، لەبەر ئەوەی ڕۆژئاوا چاومانی کوێر کردووە، ئێمە خۆمان بە بچووک دەزانین و نەمانتوانیوە بەهاکانمان ببینین. ئەمە تێڕوانینێکی گرنگە. ئەم تێڕوانینە نەک تەنها بۆ کورد، بەڵکو بۆ ئێرانییەکانە، بۆ عەرەبەکانە. ئەمە بۆ هەموو کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، بۆیە دەبێت مرۆڤ لە چوارچێوەی مێژووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕووداوی دیموکراتیزەکردنی ئێران هەڵبسەنگێنێت.

کاریگەری بزووتنەوەی ئازادیی کورد

بە پێچەوانەی هەندێک بانگەشەوە، ڕووداوەکانی ئێران لە ژێر کاریگەری ئەمریکا و ئینگلتەرا ڕوونادەن. ڕووداوەکانی ئێران بەپێچەوانەی بانگەشەکانی دەسەڵاتی ئێستای ئێران، کە دەڵێت بە دەستێوەردانی ئەمریکا و ئینگلتەرا ڕوودەدەن، لەسەر دەستی ئەوان ڕوونادەن. ئەمەریکا و ئەوروپاش بۆ ئەو ڕووداوانە دەستیان بە هەوڵی چەندلایەنەی هەڵە، کە مرۆڤ ڕووداوەکانی ئێران ببەستێتەوە بە کاریگەریی ئەمریکا و ئەوروپاوە. ئەوە دەبێتە سووکایەتیکردن بە تامەزرۆیی بۆ خواستی ئازادی و دێموکراسی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بێگومان مەیل و حەزی دێموکراسی و ئازادیی گەلانی جیهان کاریگەری لەسەر ئێرانیش هەیە. تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی گەلان کاریگەری لەسەر ئێران هەیە، بەڵام مەبەست سیاسەت، یان دیموکراسی ئەمریکا و ئەوروپا نییە. بێگومان لە ئەنجامی خەباتی مێژوویی گەلانی ئەوروپادا چەند بەهایەکی ئەرێنی دروست بووە. ئەمەش کاری کردووەتە سەر خەباتی گەلان. ئەمە بابەتێکی جیاوازە، بەڵام هەڵەیە، کە بڵێین ئەمریکا و ئەوروپا دەستبەجێ و ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر دروستکردووە. بەڵکو ئەگەر لە بریی ئەوە بوترایە، ‘لە ڕووداوەکانی ئێران دا تێکۆشانی دیموکراسی و ئازادیی گەلی کورد زۆرترین کاریگەریی هەیە’، ئەوە دەبوویە تێڕوانین و دەستنیشانکردنێکی ڕاست.

گەلانی ئێران و بەتایبەتی گەلی کورد زۆرتر لە تێکۆشانی ئازادیی کوردستان، لە تێگەیشتنی پەکەکە بۆ ئازادی و دیموکراسی کاریگەر بووە. ئەوەی ئێمە دەیڵێین، ئامانجمان ئەوە نییە، کە هەموو ڕووداوەکان و هەنگاوەکان لە ئێران لە ژێر کاریگەری بزووتنەوەی ئازادیی کورددان، هەڵسەنگاندنێکی وەها ناکەین. بەدرێژایی مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئێران هەڵگری هەوێنێکی ئازادی، خاوەنی  کەشکۆڵێک و هەنبانەیەکی بۆ دیموکراسی تیادا بووە. ئەگەر جوگرافیایەکی بنەڕەتی بۆ بەها دیموکراتییە کۆمیناڵەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا هەبێت، ئەو کاتە کوردستان و ئێران ئەو شوێنە، کە ژیانی دیموکراسیی کۆمیناڵ تیایدا زۆرترین کاریگەریی تیایدا هەبووە. وەک دەزانرێت کورد و فارس لە هەمان ڕەگی ئیتنیکی و گرووپی زمانین، بۆیە گەلانی ئێرانیش لە ژێر کاریگەری کولتووری میزۆپۆتامیادان.

دەکرێت بە داینامیکی ناوخۆیی روونبکرێنەوە

رووداوەکانی ئێران دەکرێت بە داینامیکی ناوخۆیی روونبکرێنەوە. بە تایبەتی کە رژێمی ئێستای ئێران وەڵامی چاوەڕوانیەکانی گەلی نەدایەوە. گەل بە راستی لەم بەڕێوەبەرایەتیە ستەمکارە توڕە بووە، بێزار بووە. بێزارە لەوەی رژێمێکی لەم جۆرە بەردەوام بێت. هەڵەیە ئەگەر مرۆڤ بڵێت ژیانێکی وەک وڵاتانی رۆژئاواییان دەوێت، ژیانێکی کولتوری، کۆمەڵایەتی و سیاسی وەک ئەوەی لەوێ هەیە دەیانەوێت، داوای رژێمی سیاسی وەک ئەوروپا، کولتورێکی وەک ئەوروپا، بەهاکانی وەک ئەوروپا دەکات. خۆی لە خۆیدا بنەڕەتی بزوتنەوە لە ئێران ئەو هێز و لایەنەیە کە خاوەنی بەهای ئیسلامین و ئەو بەهایانە بۆ خۆی بە بنەما دەگرێت.

بەرهەڵستکاران بەرامبەر بە لایەنی زۆرداری و نادیموکراتیکی رژێم دەوەستنەوە. دەیانەوێت کە دیموکراسی و ئازادی بەرەوپێش ببرێت کاتێک داوای ئەوە دەکات نایەوێت کە رژێمی ئیسلامی لەناو ببات، بەها ئیسلامییەکان لاواز ببن، بێتە وڵاتێکی وەک وڵاتانی رۆژئاوایی. ئەوانەی داوای لائیکییەتێکی وەک ئەوەی رۆژئاوا دەکەن زۆر کەمن. لەو دروشمانەی دەوترێنەوە درکی پێدەکرێت کە ئۆپۆزسیۆنیش پاڵنەری ئایینی بەکاردەهێنێت و دەیەوێت دەسەڵاتداری ئێستا لاواز بکات. ئەو کاتە دەبێت ئەو راستیە دەستنیشان بکرێت؛ بۆ ئەوەی مرۆڤ لە پێناو دیموکراتیکبوون و ریفۆرمدا تێبکۆشێت پێویستی بە دژایەتیکردنی ئیسلام نییە. بینرا کە وەستانەوە بەرامبەر بە لایەنی ئیسلامی ئەم رژێمە و داواکاری بۆ ئازادی و دیموکراسی لەسەر ئەو بنەمایە هەڵەیە. بێگومان دەبێت لایەنە وشکەکانی ئایینیش نەهێڵرێن”.

جەمسەری دەسەڵاتداری درزی تێکەوتووە

فوئاد بێریتان دەستنیشانی کرد کە لە ئەنجامی رووداوە مێژووییەکاندا کۆکردنەوەی مێشک، داواکاری دیموکراتیک بوون و خواستی بەرفراوانکردنی ئازادی لەلای کۆمەڵگای ئێرنا دروست بووە و وتی، “ئەو رووداوانە بە بەرجستەیی دەریانخست کە کۆمەڵگای ئێران لە گوشار بێزار بووە، داوای دیموکراسی و ئازادی دەکات. هەربۆیە دەسەڵاتداری ئێستا لە ئێران درزی تێکەوتووە. جەمسەری دەسەڵاتدار کە لە دوای شۆڕشی ئیسلامییەوە ئێران بەڕێوە دەبات درزی بردووە. ئەو درزە قوڵە”.

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار باسی لەوەکرد کە هێز و کەسایەتی کە لە ئەمریکا و ئەوروپا دەژین بینیان کە کۆبوونەوە بە دەوری دروشمی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ و خواستی دیموکراسی و ئازادی گەل بەهێزە ویستیان ببنە دەمڕاستی ئەو خواستە، بەم جۆرە خۆیان بەسەر گەلدا بسەپێنن و هەر لەو بارەوە وتی، “بەم جۆرە هەوڵ دەدەن کە لە ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابوری و سیاسیدا خۆیان کاریگەر بکەن. داواکاری ئەوان دیموکراسی راستەقینە و ئازادی راستەقینە نییە. هەوڵ دەدەن خواستی گەورەی گەل بۆ دیموکراسی و ئازادی بقۆزنەوە و بەکاری بهێنن، سودی لێوەربگرن. بەم جۆرە ستراتیژ، سیاسەت و تاکتیک پەیڕەو دەکەن.

هێزی شۆڕشی دیموکراتیک لە ئێران

لە ئێران کولتورێکی بەهێزی کۆمەڵایەتی و نەریتێکی جەماوەری کە پشت ئەستورە بەمە بوونی هەیە، بەهای دادپەروەری و یەکسانی، بەها کولتوریی و کۆمەڵایەتییەکان زۆر زۆر و بەهێزن. لە ئێران شۆڕشێکی دیموکراتیک هاتووەتە ئاراوە. ئەو شۆڕشە لە کاراکتەری کۆمەڵگای ئێران و هەستەکانیدا گۆڕانکاری زۆر گەورەی کردووە. کۆمەڵگایەکی بەو جۆرە نییە کە بە کۆیلەداری سەر لەبەردەم دەوڵەت و دەسەڵات دانەوێنێت. خاوەنی تایبەتمەندییەکی بەو جۆرەیە لە خواستی خۆی لە سەر بزوتنەوەی دیموکراتیک و رێکخراوە”.

‘دەسەڵاتداری ئێران ناتوانێت بەر بەو بایە بگرێت کە هەڵیکردووە’

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار فوئاد بێریتان دەستنیشانی کرد کە لە ئێران ئیتر هیچ شتێک وەک پێشووی لێنایاتەوە و وتی، “ئەو تێکۆشانەی کە مەیلی دیموکراسی و ئازادی کۆمەڵگا بە دروستی هەڵدەسەنگێنێت و ئۆپۆزسیۆنەکان لە ناو جەمسەری پێشووی دەسەڵات پێشەنگایەتی بۆ دەکەن، لە رووی هەوڵەکانی نەرمکردنی سیستم، چاکسازی و بەرەوپێشچوون لە ئاستی شۆڕش ئەنجامی لێدەکەوێتەوە. رژێمی ئێستای ئێران ناتوانێت بەر بەو بایە بگرێت کە هەڵیکردووە. هەر کە هەوڵ بدات سەرکوتی بکات، رووبەڕووی بایەکی بەهێزتر دەبێتەوە. ئەگەر بتوانێت رێکبکەوێت و گۆڕانکاری بنچینەیی دیموکراتیک بکات. ئەگەری هەیە دۆخەکە بگۆڕدرێت ئەگەر نەرمی نەنوێنێت و درێژە بە سیاسەتی توندوتیژ بدات، ئەو کاتە بە پشتیوانی گەل هێزە بەرهەڵستکارەکان دەسەڵاتی ئێستا بێکاریگەر دەکەن. رەنگە شێوەیەکی قۆناغەکە کە ئێمە پێی دەڵێین دیموکراتیکبوونی ئیسلام لە ئێران بێتە کایەوە. دیموکراتیک بوون بە گوێرەی ئێران خۆبەڕێوەبەر دەتوانرێت دەستەبەر ببێت”.

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار فوئاد بێریتان لە بەشی دووەم وتارەکەیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کە تیایدا هەڵسەنگاندنی بۆ سەرهەڵدانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران کردووە، سەرنجی راکێشاوە بۆ سەر رێگە و رێبازەکانی چارەسەری.

فوئاد بێریتان باسی لەوەکردووە کە ئێران ئیتر وەک ئێرانی پێشوو نابێت و وتی، “بەڵام نابێتە ئەو ئێرانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپی چاوەڕێی بوون. هەروەها دەتوانرێت بوترێت کە راستیەکی بەو جۆرەی ئێران دێتە کایەوە کە بە دڵی ئەوروپا و ئەمریکا نابێت. لەبەر ئەوەی وەستانەوە لە دژی ئیمپرالیزم، ئەمریکاپەرستی یاخود وەستانەوە بەرامبەر بە جیهانی دەرەوە وەک لە نمونەکانی عێراق و ئێراندا بینران، ئیتر بەو رژێمە دیکتاتۆر و چەوسێنەرانە ناکرێت. لەبەر ئەوەی پاڵپشتی و هێز لەگەلەوە وەرناگرن، پێگەی ئەوان لەبەرامبەر دەرەوەش لاوازە”.

فوئاد بێریتان ئاماژەی بەوەکرد، کە ئەوەی ئەمریکا دەیەوێت لە رووی ئابوورییەوە گۆڕانکارییەکی لیبڕاڵ و هاوکارییە و دەستنیشانی کرد کە لە ئێران لە سەروو گۆڕانکارییەکی بەو جۆرەوە ئێرانێک کە لە رووی دیموکراتیکبوونەوە تا ئاستێک هەنگاوی ناوە، پێکدێت.

لە درێژەی وتارکەیدا وتراوە، “ئۆپۆزسیۆنی ئێستا بێگومان نایەوێت لەگەڵ جیهانی دەرەوەدا بکەوێتە ناو شەڕەوە. بیر لە شەڕێکی توند ناکاتەوە، بەڵام مامەڵەیەکی بەو جۆرەشی نیە کە ببێتە هاوکاری دەوڵەتانی رۆژئاوا، لەگەڵ ئەواندا یەک بگرێت و بەهاکانیان پەسەند بکات. ئەو بەرهەڵستکارانەی لە ئەمریکا و ئەوروپا نیشتەجێن، ناتوانن وەڵامدەری پێداویستییەکانی گەل بن، ناتوانن دیموکراتیکبوون و ئازادی دەستەبەر بکەن.

با ئەوەش بڵێین، داواکاری گەل بۆ دیموکراتیکبوون و نەرمبوون بە شێوەی رووخاندنی رژێمی ئیسلامی نابێت. بۆ کۆمەڵگایەکی یەکسان لە رووی ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە، بەرفراوانبوونی گۆڕەپانە دیموکراتیکەکان و ئازادی بە گوێرەی هەلومەرجی خۆبەڕێوەبەری ئێران، بە گوێرەی کولتور و مێژوو پێکدێت. لە سەرهەڵدانی ئێراندا ئەوەمان بە شێوەیەکی روون وبەرچاو بینی”.

سەبارەت بە هەڵوێستی دەسەڵاتداری لە ئێرانیش فوئاد بێریتان وتی، “رژێمی ئێران بە هەڵوێستێکی توندوتیژانە ناتوانێت خۆی لەم قۆناغە رزگار بکات. کۆمەڵگای ئێران کۆمەڵگایەکی بەو جۆرە نییە کە رێگە بە توندوتیژی بدات. بێگومان جموجۆڵ وەک سەرەتا بەردەوام و زۆر نییە. خۆپیشاندانەکان کەمبوونەوە، بەڵام ئەوە بە واتای ئەوە نییە کە بەرهەڵستی بەرامبەر بەم رژێمە لاواز بووە. ئەو دۆخە هەندێک پەیوەندی بە کاراکتەری کۆمەڵگای ئێرانەوە هەیە”.

دەرفەتەکانی ئازادی گەلی کورد

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار ئاماژەی بەوەکرد کە هێزە دیموکراتیکەکان سود لەم قۆناغە وەردەگرن و رایگەیاند، “ئەگەر لەم قۆناغەدا تێکۆشان بەرەوپێش بچێت، دەرفەتەکانی دیموکراتیکبوونی ئێران و ئازادی گەلی کورد دەخوڵقێن. دەبێت قۆستنەوە و سودوەرگرتن لەم قۆناغە بەو جۆرە نەبێت کە ئەمریکا و دەوڵەتانی رۆژئاوایی بڵێن لە ئێران ناکۆکی هاتووەتە ئاراوە و ئێمەش هاوکارەکانمان دەخەینە ناو جموجۆڵەوە، لەم دۆخە دژوارەدا هەڵبکوتنە سەر ئێران و رژێمێکی سەر بەخۆیان دروست بکەن. نابێت کەس ببێتە ئامرازێک بۆ ئەو سیاسەتانە. لەم پرۆسەیەدا نیشانەی ئەوەش دەبینرێت، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان و دەوڵەتە ڕۆژئاوا دەیانەوێت بەچاویلکەی خۆیان سەیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن و هاوکارەکانیان بخەنە جوڵە، لە ئێران سیاسەت بەپێی بەرژەوەندی خۆیان و هاوبەشەکانی وەک جاران بەڕێوەببەن، بەڵام ئەو چاوەڕوانیانە ڕاستەقینە نین و ناتوانرێت جێبەجێ بکرێن. ئەوانەی خۆیان دەخەنە ژێر ئەو کاریگەریانە و سیاسەتی خۆیان بەپێی ئەوە بەڕێوەدەبەن بە ناچار لە ئێران شکست دەهێنن. کۆمەڵگای ئێران لە ڕژێمی ئێستا ڕازی نییە، بەڵام نوسخە و ڤێرژنی ڕژێمی پێش ساڵانی هەشتاکانیشی ناوێت.

بە ناوی کۆدار و پەژاکەوە دەڵێین، نابێت مرۆڤ بە چاوی دەوڵەتانی ڕۆژئاواوە سەیری ڕووداوەکانی ئێران بکات، بۆ ئەوەش دەبێت مرۆڤ دەست لەو ڕێبازانە هەڵبگرێت، کە بە پێی وتەی دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و ئەمریکا چاوەڕێی پرۆسەیەکی دیموکراتیزەکردن و دروستکردنی ئێرانێکی دێموکراتیک بن و لە چوارچێوەی وتەی ڕۆژئاواییەکان دا چاوەڕێ بن. ئێران وەک ئەو پێوەر و پڕۆسانە، کە ڕۆژئاوا پێشبینیی دەکات دیموکراتیزە نابێت. ئەوان دەیانەوێت ئێران بە تەواوی ببێت بە هاوکاریان و لە ڕووی ئابوورییەوە بە تەواوی لیبراڵ بێت. حەز و مەیلی کۆمەڵگە لە ئێران، کە بەرامبەر بە ڕۆژئاوا و ئەوروپا هاوکاری نەکات، خۆی لە هاوکاری دوور دەخاتەوە. دەبێت ئەوە ببینرێت. هەر خۆی هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و سەرسامبون پێیان، حەز و ڕەوتێکی باش نییە، بۆیە دەبێت خۆ دورگرتن لە وڵاتانی ڕۆژئاوا وەک شتێکی نەرێنی  و خراپ لێکنەدرێتەوە. ئەگەر ئۆپۆزیسیۆنی کۆمەڵایەتیش لە ئێران لە ئاستی وەڵامدانەوەی چاوەڕوانییەکانی گەل دا نەبێت، ئەوە دەبینرێت، کە لە ئاستی شۆڕشدا هەنگاوی دێموکراسی دەوێت و لەو بڕوایەدا نییە ئەوە لەسەر بنەمای هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی ئەنجام بدات.

ئێرانی دیموکراتیک، کوردستانیخۆبەڕێوەبەر، یان فیدراڵی

کۆدار و پەژاک بۆ چارەسەری سیاسی بۆ پرسی کورد لە ناو پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی ئێراندان. بەڵام لەبەر ئەوەی هێزە کۆمەڵایەتیە ئۆپۆزسیۆنەکان لە ئێران ئێستا تا ڕادەیەک چالاکترن، چوارچێوەی سیاسی لەسەر بنەمای گۆڕانی دێموکراسی لە ئێران دادەنێن و بە چارەسەرێکی کۆمەڵایەتی سیاسی و دیموکراتیک دەتوانن ئەنجام بەدەست بهێنن. هەروەها دەبێت ئێمە خاوەنی سیاسەتێک لە شێوەی ئێرانێکی دێموکراتیک، کوردستانێکی خۆبەڕێوەبەر، یان فیدراڵدا بین. بێگومان پرۆسەی دیموکراتیزەکردنی ئێران دەرفەتێکی گرنگ بۆ ئازادیی گەلی کورد دەڕەخسێنێت، بۆیە کۆدار لەگەڵ کۆمەڵگە و ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە پەیوەندیدایە”.

فوئاد بێریتان هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوبەری کۆدار ڕایگەیاند، دیموکراتیزەکردن لە ئێران و تێکۆشانی ئازادی لە هەلومەرجی ئێراندا بەڕێوەدەچێت و پێکدێت و وتی: ؛پێویستە ئەمە ببینرێت و بەو پێیەش، وتەکان، سیاسەت و ئوسلوب و شێوازێکی نوێ بئافرێنرێت و بەو شێوەیە تێکۆشانی دیموکراتیک بەرەو پێش ببرێت. تێکۆشان بەبێ پاراستنی ڕەوا، بەو مانایە دێت، کە تۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرخ بەدەیتە دەستی گورگ. لە جیاتی ئەوەی تێکۆشان لەگەڵ گەریلا، بە لێدان، دابەشکردن و بڕینی خاک بەڕێوەببرێت، پێویستە خەبات لە ناو شەرت و مەرجەکانی هەبوونی هێزی پاراستنی ڕەوا و بە بەهێزکردنی ڕێکخستنی دیموکراتیک،  لەسەر بنەمای تێکۆشانی دیموکراسی بە یەکگرتوویی لەگەڵ گەلانی ئێران بە ئامانجی ئێرانی دیموکراتیک، کوردستانی خۆبەڕێوەبەر یان دیموکراتیک، تێکۆشان بەڕێوەببرێت”.