هاوسەرۆکی کۆدار: پشتیوانی ئێستای نێوان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا گۆڕانکاریی زۆر جدیی لێدەکەوێتەوە

12 كانونی دووه‌م, 2023

گوڵان فەهیم هاوسەرۆکی کۆدار باسی لە پشتیوانیی نێوان هەموو بەشەکانی کۆمەڵگا بۆ خۆپیشاندان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ڕایگەیاند، ئەم هەڵوێستە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری جدی. گوڵان فەهیم جەختیشی لەسەر گرنگیی ڕێکخستن کردەوە.

گوڵان فەهیم هاوسەرۆكی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (کۆدار) لە بەرنامەی هێلی ٣ی کەناڵی تەلەفزیۆنی ئاریەن  هەڵسەنگاندنی بۆ چالاکییەکانی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هێرشەکانی هێزەکانی دەوڵەت لە دژی چالاکوانان کرد.

سیاسەت و زیهنیەتی پیاوسالاری رژێمی ئێران ناسنامەی ژن ناناسێت

گوڵان فەهیم هاوسەرۆكی كۆدار لەبەرنامەی هێڵی سێیەمی تەلەفزیۆنی ئارین تیڤی تیشكدەخاتە سەر ساڵیادی تیرۆركردنی شەهیدانی پاریس و بەتایبەتی تێكۆشانی چوار دەیەی ژنە شۆڕشگێڕی كورد “ساكینە جانسز”و كارێگەریی ئەو تێكۆشانەی شەهید ساكینە و هاوڕێیەكانی و بەتایبەتی كاریگەریی ئەو ژنە پێشەنگ و فیدایی و قارەمانانە لەسەر چەكەرەسەندی شۆڕشی “ژن، ژیان، ئازادی” یا خود شۆڕشی گەلانی ئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان و دەڵێت:”ئەو شۆڕشەی لەئێستادا گەیشتووەتە ئاستی لووتكە و هەموو رۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتی لەم چوارمانگە جۆگرافیای ئێرانی تەنیووەتەوە، بەرهەمی تێكۆشانی ژنانی شۆڕشگێڕ وەكو ساكینە جانسز و هاوڕییەكانیە”.

 فەهیم لەهەمانكاتدا، ئاماژە بەبەردەوامی سیاسەتی چەواشەكارانەی رژێمی داگیركەر و فاشیستی ئێران دەدات، كە دەیەوێت بە پرۆپاگەندەی فریودەرانە خۆیان لەراستینەی كێشە و قەیرانەكانی سیستەمەكەیان بدزنەوە و بەو شێوەیە شۆڕشی گەلان پارچە بكەن و دووبەرەكی بخەنە نێوان ریزەكانی گەل و شۆڕشەوە.

 هاوسەرۆكی كۆدار ئاماژە بەهەوڵەكانی رژێم و دەسەڵاتدارانی لەئاستی هەرە ژووری سیستەمی بەرێوەبردنی وڵاتی ئێران دەكات و دەڵێت؛ دەسەڵاتدارانی رژێم چە لەئاستی دەوڵەت و چە لەئاستی حكومەت لەبەردەوامیی چەواشەكاریەكانیان و پارچەكردنی تێكۆشەران و تێكۆشان و نرخەكانی شۆڕش، بەوتنەی ئەوەی كە گوایا كێشەی هەندێ لەناوچە سنوریەكان و هەندێ لەهەرێمەكان هەیە بەهۆی ئەوەی، كە بێبەش ماون لە خزمەتگۆزاریەكانی دەوڵەت خۆیان لەراستینەی بابەتەكان دەدزنەوە؛ هاوسەرۆكی كۆدار لەمبارەیەوە دەڵێت؛ ئەوەی راستی بێت؛ سیستەم لەبناخەدا تووشی داڕزان و قەیران بووەتەوە، ئێدی ناتوانێت بەو پرۆپاگەندە ناڕەوا و دووبەرەكی خستنە نێو گەلەوە بەرەدەوامی بەتەمەنی خۆی بدات، دەبێت لەچوارچێوەی گۆڕانكارییە دیموكراتیەكاندا هەنگاوی بەپەلە بهاوێژێت، كێشەی گەلانی ئێران و پرسی ژنان، كێشەی هەندێ ناوچە و هەرێم نییە؛ بەڵكۆ كێشەی سەرتاپای ئێرانە و هۆكارەكەشی سیستەمی دیكتاتۆر و فاشیستی ئێرانە و خۆی لەخۆیدا سیستەمی ئێران لەناخەوە بۆگەنی كردوە و بووەتە سەرچاوەی كۆی قەیرانەكانی نێو ئێران.

گوڵان فەهیم هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان (كۆدار) لەبەشێكی تری هەڵسەنگاندنەكانیدا تیشك دەخاتە سەر زیهنیەت و سیاسەت و نزیكبوونەوەی رژێمی فاشیستی ئێران لەمەڕ پرسی ژنان و كۆمەڵگە و گەلان و دەڵێت؛ رژێمی ئێران، رژێمیكی تا بیناقاقا، رژێمێكی كۆنەپارێز و پشت بەیاسا و رێسای نەگۆڕەكان دەبەستێت و لەبنەمای خۆیدا هیچ باوەڕێكی بەناسنامە و ئێرادەی ژنان و  گەلان و هەمەڕەنگیی كۆمەڵگە و دیالیكتیكی گۆڕان نییە؛ چونكە رژێمێكی دیكتاتۆرە و رێز لەهەبوون و ئێرادەی مرۆڤ و كۆمەڵگە ناگرێت.

هەڤاڵ سارا یەكەم ژن بوو، كە لە ریزەكانی بزوتنەوەی ئاپۆچییتیدا لەسەر بنەمای ئازادیی ژن تێكۆشانی بەڕێوە برد

گوڵان فەهیم هاوسەرۆكی كۆدار لەسەر تێكۆشانی ساکینە جانسز ژنە تێكۆشەری كورد، كە لە ساڵی ٢٠١٣ لەئەنجامی هێرشێكی تیرۆرکاریدا لەگەڵ دوو هەڤاڵی دیكە لەناوەندی وڵاتی فەرەنسا “پاریس” شەهید بوو دەڵێت: “هەڤاڵ سارا یەكەم ژن بوو، كە لە بزوتنەوەی ئاپۆچییتیدا لەسەر رێبازی ئازادیی ژن تێكۆشانی بەڕێوە برد. بەهەزاران ژنی پەروەردە كرد و لەسەر بنەمای ئایدئۆلۆژی ئازادیی ژن بۆ ئەوەی ژنان بتوانن خۆیان لەژێر كاریگەری زیهنیەتی پیاو ناوەنددا رزگار بكەن، دەستی بەپەروەردەی ژنان كرد. لەسەر بنەمای تێكۆشانی ئازادیی “ژن، ژیان، ئازادی” رەنج و ماندووبوونێكی زۆر لەلایەن هەڤاڵ ساكینە و هاوڕێیانی دیكەوە بەڕێوەچوو. ئەو شۆڕشەی لە ئێستا لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانەوە بەرێوە دەچێت سەرچاوەی خۆی لەو پاشخانە “میراس”ە وەردەگرێت. هیچ شۆڕش و تێكۆشانێك بێ بنەما نییە.

لەسەر پاشخانی ئەو شۆڕشگێرانە گەیشتینە ئەم ئاستە

هاوسەرۆكی كۆدار ئاماژە بەكاریگەریی تێكۆشانی ژنە شۆڕشگێڕی كورد “ساكینە جانسز”و كاریگەریی لەسەر بەرێوەچوونی شۆڕشی ئێستاكە لە رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێرانەوە دەكات و دەڵێت: “لە كاتێكدا ئێمە باسی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی دەكەین، سیاسەتی قڕكردن و لەنێوبردن لەسەر ژنان پیادە دەكرێت. ئەم سیاسەتەی لەناوبردن لەسەر كام ژن یا خود با بڵێین كام ژن دەكەنە ئامانج؟ هێزە دەسەڵاتدارەکان، كە بەزیهنیەتی پیاو ناوەند لەسەر ژنان بڕیار دەدەن، جارێكی تر كۆمەڵكۆژیەكی دیكەیان لە پاریس بەڕێوە برد و هەڤاڵانمان “ئەڤین گۆیی، عەبدولڕەحمان قزل و میر پەروەر”یان شەهید کرد. لە باكوری كوردستان سێڤێ، پاكیزە و فاتمە شەهید کران و لەباشوری كوردستان هەڤاڵ زیلان و لەرۆژئاوای كوردستان هەڤاڵ ژیانیان كردە ئامانج و شەهیدیان کردن. ئەو هێزانەی خاوەن زیهنیەتی پیاوسالار و رەگەزگەران سیاسەتی كۆمەڵكۆژیی سەر ژنان بەڕێوە دەبەن و زۆرێك لە ژنانی شۆڕشگێڕ تیرۆر دەكەن.

کێشەکانی ڕۆژهەڵات و ئێران تەنها کێشەی ناوچەیەک نین

لەرۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران ماوەی چوار مانگە گەل بەپێشەنگایەتیی ژنان و گەنجان و هەموو چین و توێژەكانی گەل و باوەڕیە جیاوازەكان لەنێو خۆپیشانداندان و دەیانەوێت مافە رەواكانیان، ژیانێكی ئازاد و داوای دیموكراتیزەكردنی ئێران دەكەن. لەبارەی هەوڵەکان بۆ چەواشەكردنی ئامانج و نرخ و تێكۆشانی تێكۆشەرانی شۆڕش و پارچەكردن و پێچەوانەكردنی شۆڕش یەكگرتوویی گەلان، گوڵان فەهیم دەڵێت: “لە كاراكتری كۆمەڵگەی ئێراندا، كاراكترێكی بەكۆمەڵگەبوون و خاوەن چاندێكی بەكۆمەڵگەبوون هەیە. هەمیشە بۆ ئەوەی كۆمەڵگە پێشبكەوێت و نرخی كۆمەڵگە بپارێزێت تێكۆشانی بەرێوە بردوە. لەبەرئەوەش دەوڵەتی ئێران ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بكات كە كێشە و قەیرانەكان تەنیا هی بەشێكی كۆمەڵگەیە و خۆیان لەراستینەی كێشەكان كۆمەڵگە و سیستەم كە ئازادییە بدزنەوە. گەل كێشەی خزمەتگۆزاری، سیاسی، چاندی، ئابوری دەبێت چارەسەر بكرێن و ناڕەزایەتی لەسەرانسەری ئێران تەشنەی سەندوە و بڵاوبووەتەوە.

هەموو گەلانی ئێران لە رژێم ناڕازین، بۆیە پێکەوە ڕاپەڕیون

هاوكات ئاماژە بەبڵاوبوونەوە و تەشەنەسەندنی ناڕەزایەتیەكان لەئێران دەكات و دەڵێت:”فارس، بەلووچ، ئازەری و گەلی كورد هەموو نەتەوەكان، كە لەنێو ئەو سیستەمدا دەژین ناڕازین و بۆیەش هەموویان بەیەكەوە سەریان هەڵداوە. ئاخۆ ئەمە بەچییەوە گرێدراوە؟ رژێمی ئێران خاوەن سیستەمێكی نادیموكراتیك و دەسەڵاتخواز و دەسپۆتە (ملهوڕە). بۆیەش گەل باس لە ئێرانێكی دیموكراتیك دەكەن. لەسەر جۆگرافیای ئێران بەدەیان چاند و باوەڕی جیاواز دەژین بۆیەش دەبێت سیستەمێكی دیموكراتیك بوونی هەبێت، بۆ ئەوەی ئەو هەمەڕەنگیە بەشێوەیەك هاوسەنگ و ئازاد بەیەكەوە بژین و كێشە دەرنەكەوێت.

لەسەر راستینەی دەوڵەتی ئێران فەهیم پێناسەیەكی وەها دەكات: “لەناوخنی رژێمی ئێراندا یاسا و رێسای نەگۆڕ هەیە. یاسای نەگۆڕ هەیە. یاسا دادەنێن و دەبێت هەموو كۆمەڵگە بەبێ هیچ پرس و رایەك بەگوێرەی ئەو یاسا نەگۆڕانە ژیان بكەن. لەوێدا ئاستی پێشكەوتنی كۆمەڵگە و گۆڕانكاریەكانی كۆمەڵگە لەبەرچاو ناگرن. پێویستیەكانی كۆمەڵگە لەبەرچاو ناگرن. رژێمی ئێران هیچ زەمینە و دەرفەتێكی دیموكراتیك ناخولقێنێت تا گەل و كۆمەڵگە ئێرادەیان تێدا نیشان بدەن. گەل هەموو رێ و رێبازێكی دیموكراتیكی بەسەركردەوە. كۆمەڵگەی داواكاری دیموكراسی، ئازادی، مافە بنەڕەتیەكان و عەدالەت و لەسەر ئەم بنەمایانە گەل تێدەكۆشێت. ئەوەی راستی بێت نزیكبوونەوەیەكی گەلان و گەنجان لەسەر بەرژەوەندی و دەسەڵاتداریەتی نەبووەو نییە، ئەگەر هەبووبا رژێم دەیتوانی توندوتیژی بەكاربێنێت، بەڵام گەل ئەوەی نەكرد و بەهەموو شێوەیەك رێبازی دیموكراتیانەی تاقی كردۆتەوە.

سیاسەت و زیهنیەتی پیاوسالاری رژێمی ئێران، راستینەی ژن، ئێرادەی ژن و ناسنامەی ژنان پەسەند ناكات

هاوسەرۆكی كۆنگرەی كۆمەڵگەی دیموكراتیك و ئازادی رۆژهەڵاتی كوردستان “گوڵان فەهیم”، سەرەرای هەموو زەخت و گۆشارەكانی رژێم لەسەر گەلان و ژنان و گەنجان لەبەردەوامی بەرنامەكەیدا ئاماژەی بە بەردەوامی شۆڕشی گەلان و ژنان لەئێران و رۆژهەڵاتی كوردستان كرد و ووتی: “رەنگە لەهەموو شوێنێك چالاكی ناڕەزایەتی بەرێوە ناچێت، بەڵام پێشكەوتنی بەربەچاو و دیاركەر بەشێوەی جیاواز لەئارادایە. هەموو بەشەكانی كۆمەڵگە چی لەدەستیان دێت بەشێوەیەك لەشێوەكان بەشداری چالاكی و ناڕەزایەتیەكان دەبن. ئەمەش بەواتای راوەستانی چالاكیەكان نایەت و دەوڵەتی ئەنجامی وەرگرتووە. سەرەڕای هەموو زەخت و گۆشار و هەڕشەكان، كۆمەلگە دەزانێت كە رەنگە زۆر و زەحمەتیەكان زیاتریش ببەن بۆیەش هەڵوێستێكی بەرخۆدانڤانی و خۆڕاگری نیشان دەدەن و تێدەكۆشن و هەوڵدەدەن شۆڕشەكەیان بگەیەننە سەركەوتن. هۆكار چییە؟ بێگۆمان ئەمەش بنەمای خۆی لەقوڵبوونەوەی كێشە و قەیرانەكانەوە دێت. ئەم كێشە كۆمەڵایەتیانەی كە قووڵبوونەتەوە ئەنجامی سیاسەتی دەوڵەتی ئێرانە و رێگە بۆ ناڕەزایەتی وەها گەورە دەكاتەوە. بابەتەكە نە تەنیا كێشەی كوردە  لەهەموو ئێراندا هەموو نەتەوەكان و باوەڕیەكان بەشێوەیەك لەشێوەكان، ناڕەزایەتی خۆیان لەبەرامبەر بە رژێمی ئێران نیشان دەدەن و لەچالاكییە ناڕەزایەتیەكاندا بەدرۆشمی”ژن، ژیان، ئازادی”بەشدار دەبن.

گوڵان فەهیم لەبەردەوامی ئاخاوتنەكانیدا لەسەر دەوڵەمەندی هەڵوێست و سەرچاوە بنەڕەتیەكان كە تا ئێستا لەلایەن كۆمەڵگەوە پێشخراون دەكات و دەڵێت: “هۆنەرمەندان بەرهەمی زۆر دەوڵەمەندیان بۆ شۆڕش بەرهەمهێنا. نوسەران و رووناكبیران بەتێگەیشتن و بەرهەمەكانیان ویستیان پشتیوانی شۆڕش بن. ئەنجوومەنی مامۆستایان كە پێش شۆڕشیش خاوەن هەلوێست بوون بەتایبەتی لەم قۆناخەدا هەڵوێستی خۆیان لەبەرامبەر بە رژێم بەئاشكرا نیشاندا و خاوەنداریان لەشۆڕش كرد. مامۆستایانی دینی كە هەرە زێدە پێویستی بەهەڵوێستی ئەوان بوو، هەڵوێستی نیشتیمانی و دیموكراتیانەی نیشاندا و زۆر بەروومەت بوو. خۆی لەخۆیدا هەڵوێستی وەها لەئێراندا گرنگە. چونكە رژێمی ئێران لەژێر ناوی ئاینی ئیسلام و دامەزراوەی مەلایەتی برەو بە سیاسەتەكانی دەدات و بەرێگەی ئەوانە خۆی لەسەر كۆمەڵگە دەسەپێنێت و گۆشار دەخاتە سەر كۆمەڵگە. مامۆستایانی ئاینی هەڵوێستی خۆیان نیشاندا و وتیان كە ئێمە پشتیوانی گەلین و رایانگەیاند، لەبەرەی گەلن و خاوەنداری و پێشەنگایەتی دەكەن، ئەم هەڵوێستە لەم شۆڕشەدا نرخ و بەهایەكی بەواتایە. لەو باوەڕەداین كە ئەم چەشنە هەڵوێستانە ببنە هۆكاری گۆڕانكاری زۆر جددی.

دەبێت لەسەر بنەمانی خۆڕێکخستنکردن درێژە بە تێکۆشان بدرێت

هاوسەرۆكی كۆدار لەكۆتایی ئاخاوتنەكانیدا ئاماژەی بەگرنگیی بڵندكردنی ئاستی تێكۆشان و چارەسەری لەفكر و فەلسەفەی ئاپۆچییتیدا كرد و ووتی: “ئەزموونی پێشوو بەو خۆپیشاندانانە زۆر بەرفراوانتر بوو. رێبازی چالاكیەكان زۆر دەوڵەمەندتر بوون. هێزی بەرخۆدانی كۆمەڵگە نیشاندرا و جەسارەت و فیداكاری بەرجەستەتر بوو. زۆر تایبەتمەندی كە لەلایەن رژێمەوە بۆنیادنرابوو، گەل بەلاوەیانی نا. ئەوەی لەمەوبەدواوە گرنگە چییە؟ ئەو ئاستەی كە گەل پێگەیشتووە دەبێت لەسەر بنەمای خۆبەرێكخستكردن بێت. لەچوارچێوەی پێویستیەكانی كۆمەڵگە، پێویستە خۆیان بەرێكخستن بكەن و لەلایەنی ئابوری، پەروەردەیی و خۆپاراستنەوە پێویستیەكانی كۆمەڵگە بەرێكخستن بكەن بەبێ ئەوەی پێویستیان بەدەوڵەت هەبێت”.

ژ.ت

پێوەندی‌دار