هه‌ڤاڵ رووناهی؛ هێمای تۆڵه‌ و خۆڕاگری شۆڕشگێڕانه‌

31 كانونی یه‌كه‌م, 2021

                                      

خۆوه‌ده‌سته‌وه‌نه‌دان و به‌رزكردنه‌وه‌ی به‌رده‌وامی ئاستی تێكۆشان و به‌رخۆدان یه‌ك له‌ خسڵه‌ته‌ به‌رجه‌سته‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆییه‌ كه له‌ رۆژی ئه‌وڕۆدا له‌ گۆڕه‌پانی كردار و گوتاردا بووه‌ به‌ ئیلهام به‌خش و ناوه‌ندی سه‌رنجی هه‌موو ئازادیخوازان و پریسکایه‌كی رێگای حه‌قیقه‌ت له‌ ئاست هه‌موو جیهان. بێگومان وه‌ها ده‌ستكه‌وتێكی به‌شكۆ، به‌رهه‌می تێكۆشان، قاره‌مانیه‌تی و له‌خۆبوردوویی ئه‌و شه‌هیدانه‌یه‌‌ كه‌ ئه‌وینداری حه‌قیقه‌ت و ژیان ئازاد بوون و ڕیگای سه‌ربه‌ستی و خه‌بات له‌ دژی چه‌وساندنه‌وه‌ و داگیركاریان رۆشن كرده‌وه‌. له‌ سێزده‌هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕی شه‌هاده‌تی هه‌ڤاڵ “سه‌نم ئه‌ریشن” ناسراو به‌ “رووناهی ده‌نیز” یاد وبیره‌وه‌ری ئه‌م هه‌ڤاڵه‌ و هه‌موو شه‌هیدانی رێگای ئازادی به‌رز و پیرۆز راده‌گرین. هه‌ڤاڵ رووناهی خه‌ڵكی شاری وان له‌ باكووری كوردستان بوو، ئه‌و كه‌ خاوه‌ن رامانێكی كراوه‌ و كه‌سایه‌تییه‌كی لێگه‌ڕینوانی حه‌قیقت بوو، له‌ زوڵم و زۆرداری رژێمه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردتان و هەر‌وه‌ها دۆخی ناله‌باری ژنانی كۆمه‌ڵگا بنده‌سته‌كه‌ی تێگیشت و له‌پێناو كۆتایی هینان به‌مه‌ و ئازادی گه‌له‌كه‌مان له‌ ساڵی 2002 به‌شداری ناو ریزه‌كانی ته‌ڤگه‌ری ئاپۆیی و ئازادی بوو. هه‌ڤاڵ رووناهی له‌ زۆر شوینی كوردستان به‌ هێز و ئیراده‌یه‌كی تۆكمه‌ و پته‌و و له‌ سه‌ر بنه‌مای پره‌نسیپه ره‌سه‌نه‌ شۆڕشگێرانه‌كان تێكۆشانی به‌ڕێوه‌برد.  شه‌هید رووناهی كه به‌ شێوه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نه‌ و قووڵ له‌ هزر و رامانی ڕیبه‌ر ئاپۆ تێگیشتبوو، له ساڵی 2008 وه‌ك ئه‌ندامی یه‌كیێتی ژنانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان (YJRK) به‌ هه‌مووو تین و توانایه‌وه‌ له‌پێناو ئازادی گه‌له‌كه‌مان و به‌تایبه‌ت ژنانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان به تاسه‌ و ئه‌وینه‌وه‌ خه‌ریكی كار و چالاكی بوو. پاش ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ ساڵی 2007 رژێمی داگیركه‌ری ئێران له‌به‌رامبه‌ر به‌رخۆدانی مێژوویی و شۆڕشگێڕانه‌ی هه‌ڤاڵ حه‌سن حكمه‌ت ده‌میر ناسراو به‌ عه‌گید له‌ زیندان تووشی شكست بوو، و له‌وپه‌ڕی بێ هیوایی و داماویدا په‌نای برده‌ بڕیاری قیزه‌ونی سێداره‌ و ئه‌م هه‌ڤاڵه‌ كۆڵنه‌ده‌ره‌ی له‌ كاتێكدا بریندار بوو، له‌ سێداره‌دا، هه‌ڤاڵ رووناهی ده‌نیز كه‌ به‌ باشی له‌ سروشتی ئه‌م رژێمه‌ چه‌په‌ڵه‌ تێگه‌یشتبوو، له‌ 1-1-2008 له‌ پێناو تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی هه‌ڤاڵ عه‌گید، هه‌ڵوێستێكی شۆڕشگێڕانه‌ و مێژوویی نیشان دا و له‌ ئاكامی چالاكییه‌كی فیدایی له‌ دژی یه‌كێك له‌ ناوه‌نده‌كانی سپای پاسدارن له‌ ماكو گه‌یشته‌ پله‌ی به‌رزی شه‌هاده‌ت. له‌و قۆناخه‌ مێژووییه‌دا كه‌ رژێمی داگیركه‌ری ئێران به‌ هۆی به‌رفراوانتر بوونی چالاكی و تێكۆشانی پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك) تووشی ترس  و دڵه‌ڕاوكێ ببوو، به‌و هیوایه‌ی كه‌ ده‌توانێت ئیراده‌ گه‌ل و گه‌ریلاكانی ئازادی تێكبشكێنێت، به‌پێی داب و نه‌ریت وجه‌وهه‌ری قیزه‌ونی خۆی بۆ یه‌كه‌مین جار په‌نای برده‌ به‌ر له‌‌سێداره‌دانی یه‌كێك له‌ گه‌ریلاكانی تەڤگەری ئازادی و به‌دوور له‌ هه‌موو پێوانه‌كانی ئه‌خلاقی  و مرۆیی هێره‌شه‌كانی خۆی بۆ سه‌ر كۆمه‌ڵگا و تێكۆشه‌رانی پێشه‌نگی چڕتر كرده‌وه‌. له‌ ئاكامی چالاكی فیداییانه‌ هه‌ڤاڵ رووناهی كه‌ تیایدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ چه‌كدارانی ڕژێم كوژارو بریندار بوون، له‌ لایه‌كه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌ره‌ڕۆ و پاشكه‌وتووی مه‌لاكان له‌ لێكه‌وته‌كانی جێبه‌جێ كردنی بڕیاری سێداره‌ له‌ دژی گه‌ریلاكانی ئازادی وه‌خۆهاتن و جدییه‌تی ته‌ڤگه‌ره‌كه‌مانیان به‌باشی بینی. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ بڵێسه‌ی ئاگری تێكۆشان، به‌رخۆدان و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان گه‌شاوه‌تر بوو. شه‌هید رووناهی له‌ به‌رامبه‌ر كه‌لتووری ناپاكی و خۆوه‌ده‌سته‌وه‌دان، بوو به‌ رۆشنكه‌ره‌وی ڕیگا و بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ هه‌موو هه‌وڵ و هێزی خۆی خستووه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ بنبڕكردنی هه‌رچه‌شنه‌ خۆوه‌ده‌سته‌وه‌دان، چه‌وساندنه‌وه‌ و داگیركاری، به‌تایبه‌ت كۆتایی هێنان به‌و زوڵم و زۆردارییه‌ی كه‌ رژێمی داگیركه‌ری ئێران له‌ سه‌ر ژنان به‌ڕێوه‌ی ده‌بات. هه‌ڵوێستی شۆڕشگێرانه‌ و مێژوویی هه‌ڤاڵ رووناهی هه‌روه‌ها وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌كی توند و به‌جێ بوو به هێرشه‌ سیسته‌ماتیكه‌كانی رژێم بۆ سه‌ر ژنان به‌تایبه‌ت له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان. شه‌هید رووناهی به‌م چالاكیه‌ی خۆی هێز و گیانێكی نوێی به‌خشی به‌ تێكۆشانی ئازادیخوازانه‌ی ژنان له‌ ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هه‌روه‌ها رێگای به‌هێزتر بوونی ئیراده‌ی خۆڕاگری و تێكۆشان بۆ ئازادی ژنانی هه‌موارتر كرد. هه‌نووكه‌ له‌ سایه‌ی فیداكاری و گیانبازی شه‌هیدانێكی پێشه‌نگ وه‌ك هه‌ڤاڵ رووناهی، ته‌ڤگه‌ری حه‌قخۆازانه‌ی گه‌له‌كه‌مان و پێشه‌نگه‌كانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان و ئێران له‌ گۆڕه‌پانه‌ جیاوه‌زه‌كاندا پێشكه‌وتن و ده‌ستكه‌وتگه‌لێكی به‌شكۆی وه‌ده‌ستخستووه‌. مسۆگه‌ر هیچ هێز و سیسته‌مێك به‌تایبه‌ت رژێمی داگیركه‌ری ئێران به‌ سیاسه‌تی سه‌ركوت و سێداره‌ و چڕتر كردنه‌وه‌ی گوشاره‌كان، توانای رووبه‌ڕووبوونه‌وه و سه‌ركوتی گه‌له‌كه‌مان و بزووتنه‌وه‌ی ئاپۆیی نیه‌ و ئه‌مە‌ حه‌قیقه‌تێكی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ كه‌ له‌ پێش چاوی هه‌ركه‌سه‌. ئێستا هه‌زاران هه‌ڤاڵ و هۆگر و قوتابی هه‌ڤاڵ رووناهی به‌ جۆش و خرۆشێكی زیاتره‌وه‌ له‌ مه‌ته‌رێزه‌كانی پارێزگاری له‌ ئازادی و دیمۆكراسی به‌تایبه‌ت له‌ زیندانه‌كانی رژێمی داگیركه‌ری ئێران سه‌رقاڵی تێكۆشانی و خۆڕاگرین. له‌ كۆتاییدا جارێكی دیكه‌ وێڕای به‌رز و پیرۆز راگرتنی یاد و بیره‌وه‌ری هه‌ڤاڵ رووناهی و هه‌موو شه‌هیدانی رێگای ئازادی، سۆز و به‌ڵێنی خۆمان به‌ شه‌هیدان دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌ هه‌ر هه‌لومه‌رج و شوێنێكدا به‌ ده‌رس وه‌رگرتن له‌ هه‌ڵوێست و ئیراده‌ی پۆڵایینی هه‌ڤاڵ رووناهی، له‌ ده‌ستكه‌وتی شه‌هیدانی و به‌هاكانی گه‌له‌كه‌مان خاوه‌ن ده‌ركه‌وین و هه‌تا وه‌دیهێنانی ئاوات و ئامانجه‌كانیان كه‌ بونیادنانی كۆمه‌ڵگایه‌كی ئازاد و دیمۆكراتیكه‌ درێژه‌ به‌ تێكۆشان و چالاكی بده‌ین.

پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)

 ٣١/١٢/٢٠٢١