بۆ رای گشتی و راگەیاندن
2 نیسان, 2021دامەزراندنی پژاک، وەڵامی رەنج و تێکۆشانی گەلەکەمانە
حەڤدە ساڵی شکۆدار بەسەر دامەزراندنی پارتەکەمان، پژاکدا تێپەری. ئەو مێژوویە، لێوانلێوە لە حەماسە و قارەمانی شەهیدان و لەخۆبوردوویی هێزی گەریلا بە پاڵپشتی گەلەکەمان، مزگێنیدەری سەرکەوتنە بەسەر یەکبەیەکی لووتکە بەرزەکانی ئازادی و دیمۆکراسی و هاواری سەربەستترین و ئازادترین کۆمەڵگەکانە. ساڵڕۆژی دامەزراندنی پژاک وەک سەرلەنوێ ژیانەوەی گەلەکەمان، لە هەموو ئازادیخوازان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان پیرۆز دەکەین.
دامەزراندنی پژاک وەڵامی رەنج و تێکۆشانی گەلەکەمانە. کاتێک کە پژاک دامەزرا، گەورەترین ئاوات و ئارەزووی گەلەکەمان واتە گەیشتن بە ئازادی، بوو بە بنەماییترین ستراتژی و پلانی هێزە تێکۆشەر و فیداییەکانمان. گەشەپێدان و پێگەیاندنی ئەو ئاواتە لەلایەن پارتەکەمان پژاکەوە و بونیاتنانی “هیوا” وەک مەزنترین و جوانترین راستەقینە، بوو بە تاقانە ئامانج و ئەرکی پارتەکەمان. بێگومان دانەر و پێشەنگی راستەقینەی ئەو قەڵای ئومێدە، رێبەر ئاپۆیە کە دژوارترین و تاقەتپڕووکێنترین رەنجەکانی بۆ داڕشتنی کێشاوە. وەڵامێکی شایستە بۆ ئارەزووی راستەقینەی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی ستەملێکراو بوو کە بۆ رێپێوان لە رێگای تێکۆشان و خەباتی سەرکەوتووانەدا پێویستیان بە ئەندێشە و هزرێکی پتەو و گەشەدار هەبوو. رێبەر ئاپۆ ستوونەکانی ئەو ئەندێشە تۆکمەیەی لەسەر بەستێنی مەزنترین نیازی مرۆڤی ئەو سەردەمە داناوە کە نیاز و پێداویستی بە دیمۆکراسییە.
سەرەتای رێگای شۆڕشی هەر پارتییەک لە “پارتیبوون” و پێگەیشتنی حیزبیەوە تێدەپەڕێ تا بتوانی شایانی فیداکارییەکانی هەمیشەیی گەلی کورد ببێ. ئەو مژارە گرینگە، بێ چەمک و تێگەی دیمۆکراسیەکی پشتبەستوو بە بەشداری دیمۆکراتیکی گەل پێکنەدەهات. هاوکات لەگەڵ دامەزراندنی پژاک لە ساڵی ٢٠٠٤، رێبەر ئاپۆ پاڕادایمی نوێی خۆی واتە “کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک و ئێکۆلۆژیک لەسەر بنەمای ئازادی ژن”ی تازە پێشکەش کردبوو. ئەو رێکەوت و هاوکاتبوونە پێرۆزە رێگای پێشکەوتنی پژاکی بە تەواوی کردەوە. دامەزراندنی پارتیمان پژاک رێکەوت بوو لەگەڵ راگەیاندنی قۆناغی سێیەمی بەپارتیبوون لە لایەن رێبەر ئاپۆوە کە ورە و گیانێکی تازەی بە جەستەی شۆڕشی نوێی نەتەوەی کورد و گەڵالانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەخشی.
گەلەکەمان لە سەردەمی بێدەنگی دونیا بەرامبەر دۆخی ژینۆسایدی فەرهەنگی و نکۆڵی لە شوناسەکەی باوەشی هیوای، بە ئومێدی رۆنێسانس و ژیانەوە بۆ پژاک کردەوە. لە سایەی پێشکەش کردنی سیستمی بێوێنەی کۆنفێدڕاڵیسم و نەتەوەی دیمۆکراتیک، ئازاترین و وێراترین رۆڵەکانی خۆی بە ئامانجی وەدەستخستنی بەرزترین لووتکەکانی ئازادی بە بڵیندایی ئاکۆ سەرکەشەکانی قەندیلـ زاگرۆس، پێشکەشی خەبات کرد. ئێستاکە پارتیمان پێویستە بە پشتبەستن بە بنەماکانی پاڕادایمی دیمۆکراتیک، لە خەباتی “پارتیبوون”دا مسۆگەر، سەرکەوتن بەدەستبهێنێ. لە هەوراز و نشێوی تێکۆشانی حەڤدە ساڵی رابردوودا، پارتیمان کۆمەڵێ چالاکی دژوار و قۆناغی ئەستەمی لە پاش خۆی بەجێهێشت و سەرەڕای کۆسپ و لەمپەرنانەوەی دزێوانەی دوژمن و بەکرێگیراوانی، بەڵام رێگای پڕ لە کەندولەندی تێکۆشانی بە هەموو سەرکەوتن و کەموکووڕییەکانیەوە تێپەڕاندووە. بێگومان پژاک بە جەخت و پێداگری لەسەر تێگەی دیمۆکراسی و ئازادی ژن بە مەبەستی دیمۆکراتیزەکردنی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بۆ بەرپەرچدانەوەی قڕکردنی فەرهەنگی دوژمن، دەستی بە کار و خەباتی فەرهەنگی کردووە. ئەگەرچی دوژمن لە بواری پێوانەی دیمۆکراسی و ئاشتیدا لە ئەوپەڕی لاوازیدایە و دووچاری چەقبەستوویی بووە، بەڵام بە هەموو توانایەوە هەوڵدەدا بۆ لەناوبردنی پژاک و پیلانی جوراوجۆری بۆ ئەو مەبەستە داناوە، بەڵام توانست و هێزی ئایدۆلۆژیکی و پارادایمیکی پژاک وەک دوو ستوونی تۆکمەی بەرخۆدان هەموو هەوڵەکانی دوژمنی بەتاڵ کردەوە. میناکی سەلمێنەری ئەو راستییە، حیماسەی بەرخۆدانی قەندیلە کە بە پێشەنگایەتی فیداییانەی هەڤاڵانی وەک سمکۆ سەرهەڵدان پێکهات و رێبازێکە کە بە گیانبازی هەڤاڵانی وەک شەهید جەنگاوەر باهۆز درێژە دەدرێت.
پژاک لە درێژایی ئەو حەڤدە ساڵ خەباتە دژوارەدا، مۆری خۆی لە گۆڕەپانی تێکۆشانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران داوە و بە ئیدعای پێشەنگایەتی راستەقینەی شۆڕش بە رۆحی بەرخۆدانی قەندیل و خۆڕاگری شەهیدان پێداگرانە درێژە بە رێگای تێکۆشانی دەدا. بە پشتبەستن بە دروشمی شەشەمین کۆنگرەی خۆی واتە” بە بونیاتنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک بەرەو یەکێتی دیمۆکراتیکی گەلانی ئێران” ستراتژی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی پەیوەست کردووە بە بەشداری دیمۆکراتیکی گەلان و سازدانی یەکێتییەکی پتەو و تۆکمە بە ئامانجی گەیشتن بە سەرکەوتنی تەواو. بێگۆمان سەرەکیترین پێداویستی کۆمەڵگەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، بونیاتنانی نەتەوەی دیمۆکراتیکە لە جەستەی سیستمی کۆنفێدڕاڵیسمی دیمۆکراتیکدا تا وەدیهێنەری ئاشتییەکی شەڕافەتمەندانە و مایندە بێت لە سەدەی رۆنێسانسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دیارە ئێران پتر لە هەموو وڵاتانی هەرێمەکە پێویستی بەو گۆڕان و وەرچەرخانە پێرۆزە هەیە. بێشک لەو رێگە پڕ هەوراز و نەشێوەدا، هە لایەنێک کە دیمۆکراسی و ئاشتی رەتبکاتەوە، بە دۆڕاوی و سەرشکستەیی مەیدان بەجێدەهێڵێ. جێگای فەخر و شانازیە کە پارتیمان پژاک لەو تێکۆشانەدا و لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٠ و دەسپێکی سەدەی نوێ لە ئێراندا، تۆکمەترین بەرنامە و رێکوپێکترین نەخشەڕێی پێشکەش کردووە و پێداگرە لەسەر بە ئامانج گەیاندنی. بەجێهێنانی بەرپرسیارێتی لە ئاست گەلەکەمان و هەموو گەلانی ئێران کە هەزاران ساڵە بە یەکەوە بە تەبایی دەژین و شیاوی شکۆدارترین ژیانی ئازادن، مەگەر بە پێداگری لەسەر پاڕادایمی دیمۆکراتیک و ئاشتییەکی مایندە مومکین ببێت. لە نیوەی جەنگی جیهانی سێیەمداین کە بە ناوەندێتی کوردستان بەڕێوەدەچێ و بەردەوام دەکا، تاکانە رێگای ژیرانە، جوامێرانە و ئازایانە بۆ دەرکەوتنی وڵاتانی ئێران، تورکیە، عێراق و سووریە لە بنبەستی شەڕ و ململانی لەگەڵ نەتەوەی کورد، هاتنەبەربار و قەبووڵی برایەتی و یەکێتیە لەتەک نەتەوەی کورد و داندانان بە پرسی کورد و هەبوونی کوردە. پرسی کورد، پرسی ناوەندی و تەوەرەی سەرەکییە لە ئێران و وڵاتانی حاکم بەسەر هەر چواربەشی کوردستان و چارەسەری ئەو پرسە کلیلی وەدیهاتنی رۆنێسانس و رزگاری لە ستەمی هەژمۆنی سەرمایەدارییە. بە هێوای ئەو رۆژەی کە درگاکانی ژەنگهەڵێناوی زوڵم و ستەمی فاشێسم و قڕکردن و پاکتاوکاری بە کەڵکوەرگرتن لە کلیلی چارەسەری پرسی کورد بکرێنەوە و ژیانێکی نوێ دەستپێبکات.
وەک پارتی ژیانی ئازادی کوردستانـ پژاک ساڵڕۆژی حەڤدەهەمینی دامەزراندنی پارتیمان و ساڵرۆژی لەدایکبوونی رێبەری گەڵان رێبەر ئاپۆ لە چواری ئاوریل رێکەوت لەگەڵ پازدەی خاکەلێوە لە هەموو نەتەوەکەمان، گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، گریلاكانی ئازادی كوردستان، خەباتکاران و لایەنگران و وڵاتپارێزان پیرۆز دەکەین. بانگەوازیمان بۆ هەموو لایەنگرانی پارتیمان، ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی رێگای دیمۆکراسی، جوانان، ژنان، کرێکاران و رۆشەنبیران ئەوەیە لەو رۆژە پێرۆزەدا کە هاوکات رۆژی لەدایکبوونی رێبەرئاپۆ و دامەزراندنی پژاکە بە ئامانجی وەدیهێنانی ژیانێکی ئازاد، بە هەموو هێزەوە بۆ بەردەوامی تێکۆشانی دیمۆکراتیک و ئازادیخوازانە و لەناوبردنی دوژمنی فاشیست شانبەشان لە مەیدانەکانی تێکۆشاندا ئامادە بن. پەرەپێدانی کەمپەینی “نا بۆ سێدارە و بەڵێ بۆ دیمۆکراسی” لەو قۆناغە چارەنووسسازەی ئێستادا ئەرکی هەر کەسێکە و رۆڵی گرینگی لە دیمۆکراتیزەکردنی ئێراندا هەیە. لە کۆتاییدا، وێڕای پێرۆزبایی دووبارە و جەخت لەسەر تێکۆشان هەتا سەرکەوتن و لەناوبردنی کەموکووڕییەکان، بەڵێنی دەدەین کە تا بونیاتنانی نەتەوەی دیمۆکراتیک بە پێشەنگی ژنان و بە پشتبستن بە ئایدۆلۆژی ئازادی ژن، ماندوونەناسانە درێژە بە خەباتمان بدەین و هەتا گەیشتن بە ئاواتەکانی شەهیدانی کوردستان بێپسانەوە خەبات بکەین.
پارتی ژیانی ئازادی کوردستانـ پژاک
2-4-2021