رێورەسمی کۆمەلگایی و ئایینی پیرشالیار هۆی یەکگڕتویی نەتەوەیی، پاراستنی هەبوونی چاندی و ئازادی گەلەکەمانە

3 شوبات, 2021

ڕێورەسمی پیرشالیار کە هەر ساڵ لە هەورامانی تەخت بەرێوە دەچێ، یەکێک لە کوبوونەوەکانی کوردستانە کە سەمبۆلی یەکگرتوویی گەلی کوردە کە خاوەنی میژوویەکی کۆن و ریشە دارە.

 کومیتەی ئایین وباوەری کۆمەلگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان “کۆدار”، ئەو بەها فەرهەنگی، نەتەوەیی و باوەڕیەی گەلەکەمان لە باوەڕدارانی و هەموو گەلان، پیرۆز بایی دەکا.

بەرێوە چوونی رێوڕەسمی پیرشالیار، ماوەی ٣ رۆژ لە مانگی رێبەندانی هەر ساڵ، هێمای یەکگرتوویی نەتەوەیی و یەکڕیزی فەرهەنگییە لە کوردستان دا. هێمای پێکەوەبوون، کۆبوونەوەیەکی بە شکۆ و ئاواکردنەوەی هاورێیەتییە و مرۆڤ دۆستی گەلەکەمانە. پیرانی کوردستان بە درێژایی میژوو کۆڵەکەی خۆڕاگری کۆمەلگای کوردی و هۆی یەکگرتوویی و یەکڕیزی لە ئاراستەی، فەرهەنگی رەسەنیان بوە. لە رۆژی ئەمڕۆماندا، بەرێوەبردنی وەها رێوڕەسمێک لە رەوشێک دایە کە گەلی کورد لەگەڵ سیاسەتەکەنی قڕکردنی فەرهەنگی و سڕینەوە و جاروبار، قڕکردنی جەستەیی رووبەڕوو دەبێ. ئەو دوژمنانەی کە خاک و کۆمەڵگای کوردستانیان دابەش کرد، هێشتایش ئەو دوژمنایەتیەیان لە دژی تەواوی بەشەکانی کۆمەڵگا و دەستەواژەکانی فەرهەنگی، نەتەوەیی، ئایینی و باوەڕی، بەردەوامە. لە رێوڕەسمی پیر شالیار دا، هەموو پێکهاتە و گەلانی هەرێمە جیاوازەکان بە زاراوەگەلی جۆراوجۆری کوردی، تێیدا بەشدار دەبن و بە کۆبوونەوەیان لەلای یەک، یەکگرتوویی نەتەوەیی و فەرهەنگی مسۆگەر دەکەن، هەروەها پیشاندەری بەرخۆدانی کۆمەڵگای گەلەکەمانە بۆ پاراستنی بەها نەتەوەیی و فەرهەنگیەکان. ئەو رێوڕەسمە پێمان دەڵێت کە هەر نەتەوە و گەلێک، بە هەر باوەڕی و هزرێک، توانای بەرخۆدانی، تێکۆشان و مسۆگەر کردنی هەبوون و نەمر کردنی بەهاکانی هەیە.

گەلەکەمان، بە تایبەت ئەوانەی وا بە پیر شالیار باوەڕییان هەیە، بە باشی ئاگادارن کە سیاسەتەکانی ئاژاوە نانەوە و ماڵ وێرانکەری دوژمنان، بە تایبەت لە سەدەکانی هاوچەرخمان دا، گورزی گەورەی لە هەبوونی فەرهەنگی و باوەریەکانمان داوە و رژێمی داگیرکەری ئێستاکەی ئێران، هێشتایش بەو پیلانگێڕی و پارچە کردنە لە هەموو رەهەندەکانی سیاسی، فەرهەنگی و …، سەرقاڵە. بەڵام کۆمەڵگای کوردستان لە هەر چین و توێژێک، ئایین و باوەڕییەک،  هێشتایش لە سەر ڕێچکەی تێکۆشانی ئازادی و رزگاری دایە. ئەوەیش لە حالێک دایە کە بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان، ئەو رێگایەی بە پێشەنگی بەهێزی خۆی لەبەر گرتووە و بو پێشکەش کردنی هەزاران شەهید، بەهایەکی زۆری لەو رێگایەدا بەخشیوە.

وەک کومیتەی ئایین و باوەڕیەکانی کۆمەلگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان “کۆدار”، وێڕای پیرۆزبایی ئەو جەژنە پیرۆزە بە باوەرمەندانی پیر شالیار و بەشدار بوان لەو رێوڕەسمە سێ رۆژەدا، لە هەموو گەلەکەمان داواکاریم کە هێماکانی بەرخۆدانی فەرهەنگی و نەتەوەیی خۆیان بە ئامانجی پووچەڵ کردنەوەی گەلەکۆمەکانی دوژمنان، زیندوو راگرن و یەکگرتوویی خۆیان بەهێزتر کەن. هیوادارین کە بە وریایی و ئاگاداریەکی قووڵەوە، رێوڕەسمی کۆمەڵایەتی و ئایینی پیر شالیار ببێتە هۆی یەکڕیزی نەتەوەیی، پاراستنی هەبوونی فەرهەنگی و ئازادی گەلەکەمان لە هەموو بوارەکانی تێکۆشان بێت.  کۆدار سوێندی خۆی دووپات دەکاتەوە کە تا بەدیهێنانی ئازادی گەلەکەمان و تەواوی گەلان و بڕوادارانی بن دەس، دەس لە خەبات بەرنەدا.

کومیتەی ئایین و باوەڕی کۆمەلگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کۆدار

۰۳-۰۲-۲۰۲۱