رژێمی داگیرکەری ئێران ناتوانێت ئەو ئاگرە گەشاوەی کە لەهەناوی گەلانی ئازادیخواز هەڵقوڵاوە دابمرکێنێت

12 كانونی یه‌كه‌م, 2019

وەک دەزانین ئەوە دەمێکە شەپۆلی ناڕەزایەتی دیمۆکراتیک بەشێک لە وڵاتانی دونیا وەک شیلی، فەرانسە، لوبنان، ئێراق و چەند وڵاتی تری جیهان و ناوچەکەی بۆ گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیکی تەنیوە.

لەمانگی رابردوودا گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بۆ دەستەبەر کردنی ماف و ناسنامە و ئازادی، دژی گەندەڵی و نادادپەروەری دەسەڵاتدارانی رژێمی داگیرکەری ئێڕان رژانە سەر شەقامەکان. لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و بە تایبەت ئەم ساڵانەی دوایی جاری یەکەم نیە کە گەلانی ئێران ناڕەزایەتی دیمۆکراتیک دەردەبڕن. بە دڵنیاییەوە داخوازی گەل تەنیا سنووردار بەدەستەبەرکردنی نان نییە کە بەڕێوەبەرانی ئێرانی لەسەر ناوی زیاد کردنی یارانە و شتی لەو بابەتە دەیانەوێت داواکارییەکانی گەل بچوک نیشان بدەن، بەڵکو بە پێچەوانەوە داخوازی گەلان چەسپاندنی دیموکراسی، عەداڵەت، ناسنامەی کولتوری و هەبوونی ئیرادەیەکی سیاسی و خۆبەڕێوەبەرییە.

جێگای داخ و پەژارەیە کە جارێکی تر رژێمی داگیرکەری ئێران بە شێوازێکی دوور لە ئەخلاق و مرۆڤایەتی، بە ئاگر و ئاسن وەڵامی  داخوازی رەوای خۆپیشاندەرانیان دایەوە و بێ بەزەییانە بە سەدان کەسیان شەهید کرد و بە هەزاران کەسیان بێ سەر و شوێن کردوە کە هەتا ئێستایش گرتن و شەهید کردن لە ژێر ئەشکەنجەدا بە مەبەستی چاوترسێن کردنی گەل و کۆمەڵگا بەردەوامە. بەس حەقیقەتی تێکۆشانی دیموکراتیکی گەلان بەرپرسانی ئێران ناچار بەوە دەکات کە دان بەو راستیەدا بنێن کە ئیدی ناتوانن ئەو ئاگرە گەشاوەی کە لەهەناوی گەلانی ئازادیخواز هەڵقوڵاوە و بە خوێن ئاو دراوەو بە ئاگر گوڕتر بووە، دابمرکێنن.

بەو بۆنەیەوە ئەو هێرشە دڕندانە و زەخت و گوشاری سەر گەل ئیدانە و شەرمەزار دەکەین. بە رێزەوە یادی ئەو شەهیدانەی بەشەکانی تری ئێران بە گشتی و رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە شارەکانی جوانڕۆ، مەریوان، سنە، کرماشان و بۆکان بەرز و پیرۆز رادەگرین و لە کەسایەتی ئەواندا هەموو شەهیدانی رێگەی ئازادی بە بیر دێنین.

لەکۆتاییدا سڵاو حورمەت و سەرەخۆشی خۆشمان ئاراستەی بنەمالەو و کەس و کاری شەهیدان و هەموو گەلانی ئێران دەکەین.پەیمانی خۆشمان بە شەهیدان نوی دەکەینەوە کە هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانیان بە بێ وچان درێژە بە خەبات و تێکۆشانیان دەدەین.

             کۆمیتەی شەهیدانی کۆمەڵگای دموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی  کوردستان  – کۆدار 

١١.١٢.٢٠١٩

 

پێوەندی‌دار