هێز و لایە‌نەکانی رۆژهەڵات هەوێنی ساز بوونی یەکێتی نه‌ته‌وه‌یى و دەست پێشخەرن بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یى

11 ئه‌یلول, 2019

فواد بێریتان – هاوسه‌رۆكی كۆدار

لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە پێ ئاڵوگۆڕە خێراکان، هیچ هێز و لایەنێک ناتوانێ وەک رابردوو سیاسەت بکات. چون گۆڕانکاریەکان گرتنەبەری سیاسەتی دێموکراتیک بە سەر هەر کەس و لایەنێک فەرز دەکات. ئەو ڕاستیە دەرەنجامی ئەو شەڕە قووڵەیە کە سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوینی تەنیوە.

له‌م قۆناخه‌دا هەر کەس و لایەنێک دەیەوێت کوردان، پەلکێشی سیاسەت و پیلانەکانی خۆیان بکەن، تا لەشەڕی جیهانی سێهەم، هاوسەنگیەکان بە پێ بەرژەوەندی خۆیان بگۆڕن. هۆکاری بنەڕەتی سەرجەم هێرش و پەلامارەکانی سەر کوردان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی که هێزی کورد، ئاکتەرێکی سەرەکی و دیاریکەری ئەم شەڕیە. هێزی گەلی کورد خۆی بداتە پاڵ کام هێز و لایەن، ئەو لایەنه قازانج و سەرکەوتن گەرەنتی دەکات و لایەنی تر لاواز دەبێت و شکست دەخوات. کوردی ئازاد هەرگیز، داگیرکەرێک بە باشتر لە داگیرکەرێکی تر پێناسە و هەڵنابژێرێت. بۆیە گرینگە کە کورد خۆی لە پرۆژەو پیلانە نەگریسانەکانی دەوڵەت و دەسەڵاتداران بە دوور بگرێت. بو ئەم مەبەسته دەبێت کورد خاوه‌ن سیاسه‌تێکی سەربەخۆ و ئیراده‌یەکی ئازاد‌ بێت. پێویستی بەوە هەیە کە کوردانی رۆژهه‌ڵات، له‌م قوناخەدا په‌ره به تێکوشانی سیاسی و دیموکراسیخوازییان بده‌ن و به تێکوشانی بێ پسانەوەیان، زهنییه‌تی دێموکراتیک له ناو کوردان ئاوا بکه‌ن. هەروەها سەرجەم هێز و لایەنەکان، نابێت فریوی بەڵێن و فرت و فێڵی ده‌وڵەتە هەژمونگەرا و کۆنەپارێزەکان بخۆن و بۆ چاره‌سه‌ری ئاریشە و گرفتەکانیان چاوەڕوان و چاولەدەستیان بن. گەلی کورد لەرۆژهه‌ڵاتی کوردستان هەرگیز خوازیاری بە ده‌وڵه‌ت بوون نیین، چون دەوڵەت ناتوانێت گه‌لان به‌ره‌و ئازادی ببات و بەشێوەی بنەڕەتی تەنگ و چەلەمەکانیان چاره‌سه‌ر بکات. بەو پێیە پێویستە کورد، برەو بە تێکۆشان و خه‌باتی دێموکراتیکی خۆی بدات ، تا ئازادی و دێموکراسی لەناوچەکە دەستەبەر بکات.

کورد دوودڵی لەپاراستنی ڕەوای خۆی ناکات

لەرۆژی ئەمڕۆدا گەلی کورد گەیشتۆەتە ئاستێک کە پێشەڕۆژی خۆی بە هێز و توانای گەوهەری دەست نیشان بکات. لەو پێناوەشدا  قوربانی زۆری داوە. بۆیە مافی خۆیەتی کە بە ناسنامە، زمان و بە ئازادی لە سەر خاکی بە پیت و پڕبەرەکەتی خۆی ژیان بەسەر بەرێت. هەر چەند دەوڵەتە داگیرکەر و هێزە کۆنەپارێزەکان بیانەوێت گەلی کورد پەلکێشی سیاسەتی خۆیان بکەن، زیاتر لەو ئاستەش پێویستە کورد هێڵی سێهەم بە بنەما بگرێت.

لەم هەلومەرجەدا پێویستە کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشخستنی هێڵی پاراستنی ڕەوا، وەک پرەنسیپێک بۆ خۆ بە بنەما بگرن، تا لەم هەلومەرجەدا پاراستن لەبوونی خۆیان بکەن. لەهەر ئەگەرێکدا کورد له رۆژهەڵات خۆ بە رێکخستن و پاراستنی ڕەوای خۆیان پێش نەخەن، لەهونەری بەڕێوەبەری ژیان و سیاسەتی دێموکراتیک بێ بەش دەبن و ئەوەش هەڕەشەیەکی مەزنە بۆ لەناوچوونیان.

لە رۆژهەڵاتی کوردستان، گەلی کورد بە تێکۆشان و ڕێکخستن کردنی خۆیان، کۆماری داگیرکەری ئێران ناچار دەکەن تا چارەسەری کێشەی کورد و گه‌لانی تری ئێران قبووڵ بکات و هەنگاوی سیاسی و دێموکراتیک بۆ چارەسەری کێشەکان هەڵبگرێت. پارادایمی نوێ کوردان ئیدی نە سازکردنی ده‌وڵه‌ته، به‌ڵکوو پێشخستن و په‌رەپێدانی زهنییه‌تی نه‌ته‌وه‌ی دێموکراتیک و پێشخستنی مۆدێلی سیاسی خۆبەڕێوه‌به‌ری دێموکراتیکه، کە هه‌وێنی سازبوونی ژیاری دیموکراتیک لە ئێران و رۆژهه‌ڵاتی کوردستانە. بەو مۆدێل و رێبازی چارەسەری، کوردانی رۆژهه‌ڵات هەژمۆنی دیموکراتیک له هه‌رێم دا دەستەبەر دەکەن. دۆخی هەنووکەیی ناوچەکە ئەوە بە سەر کوردان دەسەپێنێت کە پێویستە لەناو ئامادەکارییەکی بەرین و بەهێزدا بن کە لەئەگەری روودانی هەر جۆرە هێرش و پەلامارێک بۆ سەریان، پاراستن لەئیرادەو ناسنامەی خۆیان بکەن. هەرچەند گەلی کورد لە ئەساسدا شەڕخواز نییە و نەبووە، بەڵام دوودڵی لەپاراستنی رەوای خۆی ناکات.

ئەگەر رژێم بیەوێت، خۆی لەتەنگەتاوی، گێژاو و قەیرانەکان تێپەڕێنێت، پێویستە کێشەی کورد و هاوکات کێشەی گەلانی تری ئیران چارەسەر بکات. چون تاکە ڕێگای چارەسەری ئاریشە و گرفتەکان لە ئێران، بە ڕێگای چارەسەری پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان تێپەڕ دەبێ. ئەگەر رژێم رێبازی چارەسەری دێموکراتیک و ئاشتیانە قبووڵ نەکات و بیهەوێ ملشۆڕی بە سەر کوردستان بسەپێنێت و بە هێرش و پەلاماری بۆ سەر گەریلاکانی رۆژهەڵات و به ئەشکەنجە، گرتن و لەسێدارەدان گەلی کورد کپ و بێدەنگ بکات، بەرەو لێواری مەرگ خلۆر دەبێتەوە. چون تا بە ئەمڕۆ هیچ دەوڵەتێک نەیتوانیوە بە گرتن، ئەشکەنجەو زیندانی کردن درێژە بە تەمەنی دەسەڵاتداری خۆی بدات.

ئەگەر رژێمی داگیرکەری ئێران کێشەی سەرجەم گەلانی ئێران، بە تایبەتی کێشەی کوردان چارەسەر بکات، لەو شەرت و مەرجەدا بەهێز دەبێت. بەس ئەگەر ئاوڕێک لە سەر چارەسەری کێشەی کورد نەدات، بۆ هەمیشە لەناو ئاریشەو گرفت دەست و پەنجە نەرم دەکات  و کێشە ناوخۆییەکان قووڵتر و ناکۆکی و ناسازگارییەکان زیاتر و فراوانتر دەبن.

ڕەوشی هەنووکەیی هەم بۆ کوردان و رژێم مەترسیدارە. بۆیە پێویستی بەوە هەیە کە رژێمی ئێران ڕووپەلێکی تازە بۆچارەسەری پرسی کورد بکاتەوە و هەنگاوی کرداری هەڵبگرێت. چون گەلی کورد لەم هەلومەرجە هەستیارەدا، پەیوەندی خۆی لەگەڵ سەرجەم گەلانی ئێران چڕتر و تۆختر دەکەن و تێکۆشانی هاوبەش و جدیتر بەرەو پێش دەبەن.

"پەیوەندی لەگەڵ سەرجەم لایەنه سیاسیەکان له رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، له چوارچێوەی پرەنسیبه هاوبەشەکان گرینگه "

ئێمه دەمانهەوێ ئاستى په‌یوه‌ندییه‌کانمان‌ له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایە‌نه‌ سیاسییه‌کان پتەوتر و بەهێزتر بکەین و ‌ په‌یوه‌ندى پریۆدیک بەرقەرار بێت. ره‌نگه‌ له‌نێوان پارته‌کاندا، بۆچوونی جیاواز هه‌بێ و ده‌بێ جیاوازیش هه‌بێ، چون ئه‌وه نه کۆمه‌ڵگا‌‌ و هیچ لایەنێکی تر لاواز ناکات، بەڵکوو زیندوبوون، گۆڕانکارى و پێشکەوتن بە دوای خۆی درووست دەکات کە ئەوەش ده‌که‌وێته‌ خزمه‌تى گه‌ل و کۆمەڵگاوه‌.

 پێویسته ئێمه له رۆژهەڵاتی کوردستان کولتوری‌ ره‌خنه‌ و ره‌خنه‌دان پێش بخەین. رەخنه گرتن له یەکتر بە واتای نکۆلی کردنی یەکدی نییە، پێویسته‌ ره‌خنه‌و ره‌خنه‌دایین له‌نێوان پارته‌کاندا هه‌بێت، چونکه‌ کولتوری رەخنه و رەخنەدان، لایەنه سیاسیەکان و کۆمه‌ڵگا‌ش پێشده‌خات. له‌سه‌ر بنەمای ئامانجى نه‌ته‌‌وه‌یى هه‌موو هێز و لایەنەکان ده‌توانین هاوئاهەنگ و یەکگرتوو بین و بۆ سازکردنی یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی هەنگاوەکانمان بەهێزتر بکەین، پێویستە حیزبایه‌تى له‌پێشی خەباتی نه‌ته‌وایه‌تى نه‌بێت، بەڵکوو دەبێت لەم قوناخه هەستیارەدا، هه‌رکه‌س بۆ پێکهێنانی یەکێتی نه‌ته‌وه‌یى و چەسپاندنی دیموکراسی کار و خەبات بکات، ئه‌وە تاکە رێگایەکە کە کورد به‌‌هێز ده‌کات و سەرجەم گەلی کورد لێ‌ سوودمه‌ند ده‌بێت. جیاوازی فیکری و ئایدیۆلۆژى له‌نێوان پارت و لایەنە سیاسیه‌کان نابێت ببێته هۆکاری پارچه‌بوون و نکۆلی کردنی یەکتر. پێویسته سەرجەم هێز و لایەنە سیاسیەکان بە پلانی هاوبەش و سیاسەتی دێموکراتیک هەوڵ بدەین، ئەو ناکۆکیانەی که‌ زیان به‌ یەکڕیزی و یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یی دەگەیەنێت وه‌لاوە بنێن و تێکۆشان بۆ بەدیهێنانی یەکڕیزی و یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى چڕتر بکەین.

"بەستنی  کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یى دەبێت خاڵی هاوبەشی تێکۆشانی هەموومان بێت "

ئێستاکه ده‌رفه‌تێکى مێژوویى و زێڕین بۆ گەلی کورد رەخساوە‌. پێویسته له‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژووییەدا،‌ هەم بۆ خۆمان و گه‌لانى ناوچه‌که‌ و مرۆڤایه‌تیش کەڵک وەربگرین. نابێت ناکۆکیەکان ببنە بەربەست‌ و لەمپەڕ لەبەردەم نه‌به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یی. چون کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى، ناکۆکى و گرژی نێوان حیزبه‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کات. بۆیە تا کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى نه‌به‌سترێت، ناکۆکى نێوان پارته‌کان چاره‌سه‌ر نابێت و له‌نێوان به‌شه‌کانیتریشدا چاره‌سه‌رى نایەتە ئاراوە. بەس ئه‌گه‌ر کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى پێک بێت، ئەو کاته هێڵی نه‌ته‌وه‌یى لەکوردستان گەشە دەکات و گەلی کورد دەبنە خاوەن هێزی گەوهەری و ئیرادەی پۆڵایینی خۆیان. ئەگەر سەرجەم به‌ش و پارتە‌کان، بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی‌ به‌بنه‌ما بگرن، هیچ  پارتێک ناتوانێت‌ بە ئاره‌زوى دڵی خۆى به‌رنامەو پیلان حیزبی بەناوی کوردەوە به‌ڕێوه‌ ببات. لەبەر نەبوونی یەکڕیزی و یه‌کێتی نه‌ته‌وەیی لە کوردستان،‌ داگیرکه‌رانی کوردستان ئه‌مه‌ به‌هه‌لێک بۆ خۆیان گواستووەتەوە و ناهێڵن یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى لە کوردستان درووست بێت و گەلی کورد کەڵک له‌م ده‌رفه‌ته‌ مێژووییە‌ وه‌ربگرێت.

 پێویستی هەنووکەیی سەر کوردان فەرز دەکات کە تا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ مێژووییە له‌ده‌ستیان نه‌چووه، یه‌کێتى نه‌ته‌وه‌یى نێو ماڵی کوردی درووست بکەن. بۆ بە دیهێنانی ئەم ئاواتە مەزنە، هێز و تواناى گه‌وره‌مان له‌به‌رده‌سته‌، چون هیچ ناکۆکییه‌کى حیزبى ناتوانێت بەربەست لەبەردەم بەستنی کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى درووست بکات. بۆیە هێز و لایە‌نه رۆژهەڵاتیە‌کان لەم قۆناخە مێژووییەدا ده‌توانن ببنە هەوێنی، ساز بوونی یەکێتی نه‌ته‌وه‌یى و دەستپێشخەرن بۆ به‌ستنی  کۆنگره‌ی ‌ نه‌ته‌وه‌یى.

 

پێوەندی‌دار