گەنجان بە ڕۆحی شەهید چالاک، پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەن
31 ئاب, 2019بزووتنەوەی ئاپۆیی لەسەرەتای دامەزراندنیەوە، بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان، مۆرکی خۆی لە مێژووی تێکۆشانی گەلی کورد داناوە، لە پێناو دەستەبەر کردنی ئازادی و ژیانێکی بە واتا، باشترین رۆڵەکانی لە هەستیارترین قۆناخەکانی تێکۆشاندا فیدا کردووە.
شەهید چالاک جوانڕۆ، یەک لەو گەنجە بە توانا و خاوەن هەڵوێستانەیە کە لە سەرەتای لاوێیتیدا بەشداری تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد بووەوە، بە ڕۆحی گەنجێتی بەرەو سەرکەوتن هەنگاوی هەڵهێناوە. شەهید چالاک وەک گەنجێکی شۆڕشگێڕ و میلیتانێکی ئاپۆیی، بە مەبەستی وشیار کردن و بە ڕێکخستن کردنی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئاشکرا کردنی پیلانەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێران، بێ وچان لە تێکۆشان و جموجۆڵدا بووە. وەک ناوەکەی، خاوەن کەسایەتییەکی چالاک و وریا بووە کە ڕاوەستان و ماندوو بوونی نەناسیوە.
شەهید چالاک لە ساڵی ١٩٨٣ لە شاری جوانڕۆ چاو بە دونیا هەڵدێنێت. وەک گەنجێکی کورد زۆر زوو هەست بە سیاسەتی داگیرکاری رژێم دەکات. ناخی لێوانلێو بووە لە هەستی تۆڵەسەندنەوە و خولیای ئاوا کردنی ژیانێکی ئازاد و دادپەروەرانە بووە. لە دوای پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کە لە کەسایەتی سەرۆک ئاپۆدا لە دژی گەلی کورد پێکهات، بەشداری ڕیزەکانی تێکۆشان بوو، تا کاتی شەهادەتیشی قەت لەتێکۆشان سڵی نەکردەوە و چالاکانە تێکۆشاوەوە، بووەتە پێشەنگی جەوانانی ڕۆژهەلاتی کوردستان.
هەڤاڵ چالاک وەک گەنجێک کە پێشەنگایەتی تێکۆشانی گەنجانی ڕۆژهەڵاتی دەکرد، خاوەن کەسایەتییەکی تێکۆشەر، بە مۆڕاڵ، بە ئیرادە و خۆڕاگر بوو. لە هەر گۆڕەپانێکی تێکۆشان و خەباتدا کە جێی بگرتایە، بە ئامانجی سەرکەوتن بەرەو ئەو کارە هەنگاوی هەڵگرتووە. لە بچووکترین دەرفەت، بۆ فێربوون و پێشکەوتنی کەسایەتی کەڵکی وەرگرتووە و هەر ئەو تایبەتمەندییەشی وای کرد بتوانێت لە ماوەیەکی کورتدا ئەرکی پێشەنگایەتی وە ئەستۆ بگرێت و ببێتە ئاڵا هەڵگری تێکۆشانی گەنجانی ڕۆژهەڵات و لە ناو هەڤاڵانیدا هێلانەی خۆشەویستی هەڵکۆڵێت.
لە ٢٠٠٧.٩.١ کە بە رۆژی جیهانی ئاشتی ناسراوە، لە تێکهەڵچوونێک لە گەڵ هێزەکانی ڕژیمی داگیرکەری ئێران لە ناوچەی مەریوان، هەڤاڵ چالاک چووە ڕیزی کاروانی نەمرانەوە و چەکی تێکۆشانی بۆ گەنجانی ڕۆژهەڵات بە ئەمانەت بە جێهێشت.
لە ساڵڕۆژی شەهادەتی هەڤاڵ چالاک جوانڕۆدا، بەڵێن و پەیمانی خۆمان لەگەڵ سەرجەم شەهیدانی ئازادی نوێ دەکەینەوە و بەڵێن دەدەین کە درێژەپێدەری ڕێبازی شەهیدان بین. هەروەها جەوانانی کورد بە تایبەت جەوانانی جوانڕۆ، بانگهێشتی خاوەندارێتی کردن لە ڕەنج و خوێنی شەهیدان دەکەین کە ئەوەش بە بەشداربوونی ناو ڕیزەکانی تێکۆشان و پتەوکردنی خەباتی ئازادیخوازی گەلەکەمان مسۆگەر دەبێت.
تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد هەر لە سەرەتاوە بە پێشەنگایەتی گەنجان دژی داگیرکەری و زۆرداری دەستی پێ کردووە و بە ڕۆحی گەنج بوون بەرەو سەرکەوتن و دەستەبەرکردنی ئامانجەکان دەڕوات. لە سەر ئەم ئەساسەش شەهید چالاک جوانڕۆ بە ڕێزەوە بە بیر دێنینەوە و بەڵێن ئەدەین کە ئێمەی گەنج بە ڕۆحی شەهید چالاک جوانڕۆ پێشەنگایەتی شۆڕشی ڕۆژهەڵات بکەین و تا پێکهێنانی ئاوات و ئامانجی شەهیدان درێژەدەری ئەو رێگایەین.
کۆمەڵگای جەوانانی ڕۆژهەڵات( کەجەرە)
٠١٠٩٢٠١٩