زیلان تانیا: بە تێکۆشانی سەرتاسەری کۆنسێپتی داگیرکەری تێکدەشکێنرێت

25 حوزه‌یران, 2019

زیلان تانیا بەشداری بەرنامەی دەنگی شیلان، لە رادیۆ دەنگی وڵات بوو. تانیا سەبارەت بە بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەڵسەنگاندنی کرد و وتی:" جەبهەی تێکۆشانی هاوبەشی ناوخۆ و دەرەوە دەتوانرێت دوژمن بە چۆک دادات.

تێکشکانی ئێران بە واتای تێکشکاندنی سەنگەری هێزە هەژموونخوازەکانی جیهانە.

تانیا سەبارەت بە سیاسەتی هێزە هەژموونگەراکان بۆ گۆڕینی ئێران وتی :"هێزە هەژموونگەراکان نایانەوێت دەوڵەتێک کە دەست کردەی خۆیانە و هاوپەیمانی هێزی خۆیانە لەناو بچێت؛ چونکە کەوتنی ئێران بە واتای کەوتنی سەنگەری هێزە هەژموون خوازەکانی جیهانە، بۆیە نایانهەوێت و ناهێڵن ئێران بڕوخێت بەڵکو، هەوڵ دەدەن کە گۆڕانکاری لە ئێراندا دروست  بکەن و بە پێ بەرژەوەندی خۆیان رژێم تەسلیم وەربگرن."

سیستەمێک کە گەلانی ئێران دەیانەوێت، پشت بە ئیرادەی گەلان دەبەستێت.

راوبۆچوونی وا لە ئارادایە کە هێزە هەژموونگەراکان رزگارکەری گەلانی ئێرانن؛ یانێ ئەوان تێکۆشانیان بۆ دەکەن، ئەوان گوشار دەخەنە سەر ئێران، ئەوان ئێران دەگۆڕن؛ کەواتە ئێوە دانیشن و چاوەڕوان بن چونکە هێزە رزگارکەرەکان، هێزە دەرەکییەکانن. ئەوە لە کاتێکدایە کە ویست و داخوازی گەلان بە لاڕێ دادەبات چونکە ئەوەی پێویستە گۆڕانکاری بکات کۆمەڵگای ئێرانە. سیستەمێک کە گەلانی ئێران دەیانهەوێت، سیستەمێک نییە کە لەدەرەوە دەست نیشان بکرێت."

بۆ ئەوەی دەوڵەت کۆتایی بەم رەوشە بێنێت جارێکی تر کۆمەڵگا قوربانی دەبێت.

تانیا سەبارەت بە قوربانی بوونی کۆمەڵگا لەم شەڕ و ململانێیانە دا وتی:"ئەم ناکۆکیانە لە لایەکەوە بە قازانجی ئێرانە، چونکە هەتا ئەو کاتەی کە ئێران رووی لە دەرەوە بێت؛ رەوشی ناوخۆیی وە دوا دەخات. رەوشێکی وا دێتە ئاراوە کە پێویستە کۆمەڵگای ئێرانی لە بەرامبەر هێرشە دەرەکییەکان سەفەر بەر ببێت و ئێستا کاتی ناکۆکی نییە، کەواتە ئێستا کاتی شەڕ و ململانێ و تێکۆشان نییە. ئێوە ئێستا هیچ مەخوازن چونکە هێرش لە دەرەوە هەیە. بۆ ئەوەی دەوڵەت کۆتایی بەم رەوشە بێنێت جارێکی تر کۆمەڵگا قوربانی دەبێت."

ئەوەی کە گەلانی ئێران دەیانهەوێت ئازادی و دیموکراسییە، سیستەمی بەڕێوەبەری دێمۆکراتیکە

تانیا لە درێژەی قسەکانیدا سەرنجی راکێشایە سەر ویست و داخوازییەکانی گەلانی ئێران و وتی:"ئێران بە سیاسەتێک دەیهەوێت کۆمەڵگا پەروەردە بکات کە ویست و داخوازییەکانیان تەنیا لە ئاستی بژێوی ژیاندا قەتیس بمێنێت. تەنیا لە چوارچێوەی بازنەیەک کە دەوڵەت بۆ گەلانی دیار دەکات؛ دیاردەی ئازادی لە واتای راستەقینەی خۆی دەردەکەوێت و ئیتر ئازادی تەنیا لە ئاستی هەبوونی جەستەیی دا دەبێت. ئەوەی کە گەلانی ئێران دەیانهەوێت ئازادی و دیموکراسییە، سیستەمی بەڕێوەبەری دیموکراتیکە کە بتوانێت خۆی بەڕێوەببات. قەتیس کردنی تێکۆشانی گەلانی ئێران تەنیا لە کێشەی ئابووریدا بەلارێ دا بردنی ویست و داخوازی گەلانی ئێرانە."

لە بارودۆخێک کە داگیرکاری هەبێت، قەڵغانی زیندوو شێوازێکی خۆ پاراستنە.

تانیا سەبارەت بە قەڵغانی زیندووی باشووری کوردستان و پێویستی هەبوونی قەڵغانی زیندوو لە ئێران و رۆژهەڵایی کوردستان وتی:"کۆمەڵگای ئێرانی تێکۆشانی خۆی لە چوارچێوەی قەڵغانێک بۆ ئەم رەوتە کە دەرەوە دەیانهەوێت دەست بەسەر وڵات ، سیاسەت و کۆمەڵگا دابگرن، دروست کراوە، قەڵغانی زیندوو هەیە و پێویستە هەبێت. لە بارودۆخێک کە داگیرکاری هەبێت، قەڵغان شێوازێکی خۆ پاراستنە. قەڵغانی زیندوو لە باشوری کوردستان لە دژی داگیرکاری دەوڵەتی تورک بەڕێوە دەچێت و ئەوەش پێویستە بەرین تر و گشتگیرتر ببێت."

ئێستا پێویستی بە تێکۆشانێکی هاوبەش هەیە.

تانیا سەبارەت بە تێکۆشانی هاوبەشی گەلان وتی:"لەم بارودۆخانەدا هێزە دەرەکییەکان رەوتی خۆیان دیار کردووە و کۆمەلگاکانیش رەوتی خۆیانیان دیار کردووە، شەڕ و تێکۆشان رەوتی ئەوانە. لە شوێنێک کە داگیرکاری هەیە، هێرش هەیە؛ تێکۆشانێکی بێ وەچان هەیە. لەو قۆناخانەی کە لاوازی لە ئارادایە پێویستی بە تێکۆشانێکی هاوبەش هەیە. تێکۆشان لە کاتێکدا سەردەکەوێت کە بە هاوبیری، هاوهەڵوێستی و هاوسەنگەری بەرەو پیشەوە بچێت."

تێکۆشانێک کە سەرتاسەری نەبێت هێزی پێویستی بۆ گۆڕانکاری نابێت.

تانیا سەبارەت بە پەیامی دوایی بەرێز ئۆجەلان دەڵێت:"ئێستاکە کاتی ئەوەیە کە تێکۆشانێکی هاوبەش پێش بخرێت، تێکۆشانێک کە پێویستە هەر تاکێک لە ناویدا جێ بگرێت نە تەنیا بەشێک لە کۆمەڵگا. بە تێکۆشانی سەرتاسەری یەکڕیزی و یەکێتی دروست دەبێت و بە یەکێتی دوژمن لە ناو دەبرێت.رێبەر ئاپۆ لە دیدارەکانی دواییدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە پێویستی بە تێکۆشانێکی هاوبەش و یەکێتی هەیە. راستە تێکۆشانیک هەیە بەڵام، سەرتاسەری نەبۆتەوە؛ تێکۆشانێک کە سەرتاسەری نەبێت توانای گۆڕانکاری پێویستی نابێت."

تانیا لە کۆتایی قسەکانی دا پەیامێکی بەم شێوەی دا:" بۆ ئەوەی بگەین بە خاڵە بەهێزەکانمان، پێویستە خاڵە لاوازەکانمان بناسین و بەم شێوەیە بگەین بە خاڵە بەهێزەکانمان. ئێمە مافی ئەوەمان نییە کە ئەو دەرفەتە بۆ دەژمن بخوڵقێنین کە بەسەرماندا زاڵ ببێت، پێویستە هەموو ئەو دەرفەتانەی لێ بستێنین؛ ئەوەش بە یەکێتی و رێکخستن دروست دەبێت. گەلی کورد پێویستە یەکێتی خۆی بەهێز بکات. بە جەبهەیەکی تێکۆشانی هاوبەشی ناوخۆ و دەرەوە دەتوانێت دوژمن بە چۆک دا بدات.

 

پێوەندی‌دار