ئایا كورد ئەو پارۆ بچكۆلەیە كە تۆڕەكانی دەسەڵات بتوانن وا بە ئاسانی قووتی بدەن؟!

24 شوبات, 2019

 

ئامەد شاهۆ

رێكخستن و تۆڕەكانی دەسەڵات و دەوڵەت ـ نەتەوەی رژێمی داگیركاری ئیسلامی ئێران لەلاوازترین قۆناخی دەسەڵاتداریدا لەپێناو قازانج ـ سەرمایە لەرۆژهەڵاتی كوردستان مەكینەی رەشبگیری، پاكتاوكاری كولتووری، ژینگەیی و سیاسی لەمەڕ قڕكردن و فەتح كردنی هزر و ویژدانی تاكەكانی كۆمەڵگا وەگەڕ خستووە. ئەوەش جیا لە سەپاندنی دەسەڵاتی سەربازی و میلتیاریزە كردنی رۆژهەڵاتی كوردستان لەپێناو مەرامە چەپەڵەكانیان هیچ مانایەكی تری تێدا بەدی ناكرێت. لێكەوتەی ئەو داگیركاری و دەستدرێژیانە بۆ سەر نرخ و بەهاكانی كۆمەڵگا، گوڕ كردنی فاشیزمی مەزهەبی و راگەیاندنی شەڕی سەرتاسەری دژ بە كۆمەڵگایە، كە مەرگەساتێكی مەزنی بەدواوە دەبێت و باجەكەشی دەبێ كاربەدەستانی رژێم بیدەن. چۆن زهنیەتی داگیركاری تۆڕەكانی دەسەڵات و دەوڵەت لەكوردستان نە هێزی پاراستن و بەرقەراری ئاسایش و ئارامین، بەڵكوو هێزی داگیركەر و چەوساندنەوەن كە تاڵان و كاولكاری ئامانجیانە و هەموو جۆرە چەوسانەوە، زۆرداری و داگیركارییەك لەسەر تاك و دەستكەوتەكانی كۆمەڵگا بەرەوا لەقەڵەم دەدەن.

رفاندن و گرتنی هەڕەمەكی و ئەشكەنجەی مامۆستایان، كرێكاران، چاڵاكانی مەدەنی و ژینگەپارێزی و سەپاندنی سزای قورس بە سەریان و  تیرۆركردنی رۆژانەی كاسبكاران، كۆمەڵە دەستەواژەیەكن لەلایەن تۆڕە شەڕانگێزەكانی رژێمەوە لەكوردستان بەداخەوە كراونەتە دیاردە. بەردەوامی و بەرفراوانی هێرش و پەلامار لەلایەن ناوەندەكانی داگیركاری رژێمەوە بۆ سەر دەستكەوت و نرخەكانی كۆمەڵگا و بە قووڵكردنەوەی جیاوازی رەگەزی، تێكدانی كۆمەڵگای ژینگەیی و دیمۆكراتیك و بە ئامانج گرتنی رۆڵەكانی كورد لەناو دام و دەزگا مەدەنیەكانیان، سەرەڕای كاركردنیان لەچوارچێوەی یاساكانی رژێم، بە واتای رەشەكوژی و گەورەترین تاوانی دژە مرۆیی و كۆمەڵگاكوژییە كە لەجینۆسایدكردنی كوردان مەترسیدارترە. ئەو میتۆدەش درێژەپێدەری فیتوای خۆمەنییە كە لەژێر ناوی كۆفر كوردستانیان لەئازادیخواز و نیشتمانپەروەران پاكسازی كرد و ئێستاش لەسەر هەمان رەوتی داگیركاری جیهادێكی سپی لەدژی كورد ناو تاقیكردنەوەدایە.

جەلادانی رژێم بە هەڵمەتی داگیركاری كوێركوێرانە لەژێر زیهنیەتی (شەلم، كوێرم و ناپارێزم)، كۆمەڵگای كوردی خستووەتە ناو لەپەكانی هەشت پێ (ئۆختاپووت)ی دەسەڵاتی سەربازی سوپای پاسدارانەوە كە لەپێناو قڕكردنی كۆمەڵگای كورد پەرە بە كارگەی سیخۆڕی و بەسیج گەرایی لەسەرجەم جومگەكانی كۆمەڵگای دیمۆكراتیكی گەل داوە كە رەوایەتی بە كۆمەڵایەتی كردنی كولتووری خیانەت و فاحشەگەرایی ئایدیۆلۆژی دەدات. لەبەردەوامی ئەو دژە كولتوور و دژە بەرخۆدانەی تۆڕەكانی دەسەڵات لەكوردستان لەمەڕ دابڕانی گەل و كۆمەڵگا لەسرووشت، هەڵمەتی ئاگربەردان لەدارستانەكانی زاگرۆس و گواستنەوەی سەرچاوە ئاویەكانی كوردستان و بەنداوسازی یان، هاوتەریبی ئەو سیاسەتە سەركوت كاریانە پەیڕەو كردووە كە كاولكاریەكانیشی تا بە ئەمڕۆ بەردەوامە. بەڵام لەبەر دەوڵەمەندی كولتووری كورد و گرێدانی گەلی كورد بە كولتووری زەردەشتی و ئاریانیەوە تۆڕەكانی دەسەڵاتی ولایەتی مۆتلەقەی فەقیە نەگەیەشتنە مەرامی خۆ و بە زنجیرە گرتن و رفاندنانەكان، تۆڵەی مێژووی لەگەلی كورد دەستێنن.

 حەملەی گرتنی ژینگەپارێزان، چالاكانی مەدەنی و سیاسی لەم قۆناخەی دواییدا لەژێر چ دەمامك، پەردەو بەرچەسپێك بەڕێوە دەچێت، ناڕەوا و هێرشێكی نوێ‌ داگیركارییە، چۆن بەواتای كۆمەڵكوژی و جینۆسایدی دیمۆكراسی و ئازادییە. ئەو سەركوت كاریانە زنجیرە كردەوەیەكن كە ئامانجی بنەڕەتیان سنوور داركردنی ئازادییەكان، دابڕانی كۆمەڵگا لەسرووشت، تێكدانی شیرازەی كۆمەڵگا، لەباربردنی ئەخلاقی كۆمەڵایەتی و ئافراندنی كۆمەڵگایەكی بێ‌ئەخلاق و بێ‌سیاسەتە. كۆمەڵگایەكی بێ‌سیاسەت، یەكسانە لەگەڵ كۆمەڵگایەكی بێ‌ئیرادە و بێ‌ناسنامە. كۆمەڵگایەكی بێ‌ئیرادەش، تەسلیم كراوە كە لەبەرامبەر دەسەڵات بە چۆكدا دێت. ئەگەر رژێم بەو زنجیرە گرتنانە بیەوێت دەرفەت و دەرەتانی خەباتی مەدەنی لەبار ببات و بە زۆرەملێ كۆمەڵگای دیمۆكراتی گەل بە بەرگی كۆمەڵگای دەوڵەتی دابپۆشێت، ئەوا تاكە بژاردەی گەل بەرخۆدانی سەرتاسەری دژ بە فاشیزمی مەزهەبی و دەسەڵاتی سەربازی رژێمی داگیركاری ئیسلامی ئێران دەبێت.

تۆڕەكانی دەسەڵاتی رژێم بە زەوت كردنی دوو گۆڕەپانی ئەخلاق و سیاسەت، دەیانەوێت توانای هۆنەری درێژەدان بە هەبوون و بەردەوامی فەلسەفەی خۆڕاگری و تێكۆشانی دیمۆكراتیك لەكۆمەڵگای كوردی لەبار ببەن. بە سیاسەتی زۆرەملێ و بە باڵۆنی كردنی كۆمەڵگای دەوڵەتی و دەسەڵات، بە خەیاڵ و پڵاوی شاهانەیان دەیانەوێت كۆمەڵگای سرووشتی ـ گەل نۆقمی ناو دەسەڵات و دەوڵەت بكەن و كۆمەڵگای كوردی بە بەرگی كولتووری خیانەت و تەسلیمیەت داپۆشن. بە دەستدرێژی، سووكایەتی و تیرۆریزە كردنی گۆڕەپانەكانی تێكۆشانی دیمۆكراتیكی گەل وەك؛ پەروەردە، ئەخلاق، سیاسەت، ژینگە، هۆنەر و ئابووری دەیانەوێت كۆمەڵگای كوردی بە قەفەسی ئاسنینی دەسەڵاتی سەربازی كۆنتڕۆڵ و پلۆم بكەن. لەكاتێكدا كلیلی ئازادی گەل هەر جۆرە قەفەسێك كە بە بۆیاخی كۆنەپارێزی و فاشیزم خەمڵێندرابێت، بە باهۆزی تۆڵە تێكیدەشكێنێت. دەبێت كاربەدەستانی رژێم ئەو حسابەیان لەدەست دەرنەچێت كە خرۆشانی شەپۆلی ناڕەزایەتی كۆمەڵگای كوردی دژ بە سیاسەتی هاڕین و پاكتاوكاری لەم دۆخەدا چ لێكەوتەی بەدواوە دەبێت؟!

 دام و دەزگاو رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، ژینگەیی، كولتووری و ئەدەبی بۆ هاوڵاتیانی كورد لەرۆژهەڵاتی كوردستان سەرەڕای كەم و كورتی و رەخنەی زۆر، بە واتای سەكۆی گەهێشتن بە ناسنامەی ئازادییە. مەڵبەندی ئەو گەل و كۆمەڵگایە كە لەناو تۆڕ و دەزگاكانی دەسەڵاتی رژێم جێگیر نەبوون و دەرەوەی تۆڕەكانی دەسەڵات خۆیان رێكدەخەن. ناوەندێكن كە لەسەر هەبوون و ناسنامەی گەلێكی ئازادیخواز و چەوساوە پێداگری دەكەن و رۆڵی پاراستنی شووناس، هەوێنی یەكگرتن، هۆشیاركردنەوەو ئیرادەی تاك و كۆمەڵگایان بە ئەستۆیە.  بۆیە تۆڕەكانی دەسەڵات لەپێناو بەرژەوەندیەكانیان بە گرتن و وەلانانی هاوڵاتیانی نیشتمان پەروەر و ئازادیخواز، دەزگا دیمۆكراتیەكانی كۆمەڵگا بە مۆرەو تاكی گەمژە، پووچ گەرا، بێ‌باوەڕ و سڕكراو دەخەمڵێنن تا پارێزوانی لەدەسەڵات و دەوڵەت بكەن.

ئەوەی سەرنج ڕاكێشە ژینگەپارێزێك، هونەرمەندێك، كاسبكارێك و چاڵاكوانێك لەكوردستان رەنج و تێكۆشانیان كە نەمام چاندنە، ئافراندنی بەرهەمە، پەیداكردنی نانی سەر سفرەیەو پەرەپێدانی زمانی دیمۆكراسی یە، تیرۆریزە دەكرێت و لەقەسابخانەی مێژووی رژێم و مەیدانی ئارێنای هاوچەرخی ئیتلاعات لەلایەن بكوژانی ئازادی و مرۆڤایەتی رووبەڕووی یاسای دارستان دەكرێنەوە. بە پێچەوانەوە مۆرەو تۆڕەكانی دەسەڵاتی سەربازی رژێم لەكوردستان كە رۆڵیان تۆقاندن، كاولكاری و كوشتنە، بە بۆیاخی یاسای داگیركاری بە پارێزەرانی نیشتمان، دابین كردنی ئارامی و سەقامگیری ئاشتی دەخەمڵێندرێن. بەو شێوەیە دەیانەوێت ماڵ لەخاوەن ماڵ حەرام بكرێت و سفرەی زێڕینی نیشتمان بۆ گەندەڵكار، جەردەو دزەكانی رژێم بەتاڵ بكەن.

بەس ئایا كوردستان ئەو پارۆ بچكۆلە دەبێت كە تۆڕەكانی دەسەڵات و دەوڵەت بتوانن وا بە ئاسانی قووتی بدەن؟! كاربەدەستانی رژێم دەبێت لەناو خەیاڵ و ژیانی وەهمی بێنە دەرەوە، چۆن كۆمەڵگای كورد قەت مافی هەبوون و بەردەوامی ژیانی ئازادیان بە تۆڕە دەسەڵاتدارەكانی رژێم ناسپێرن. ئاستی هۆشیاری گەلی كورد بە پێچەوانەی خەونەكانی رژێم ئەوەندە زیادی كردووە كە بەڕەنگاری ئاموورەكانی داگیركاری ببنەوەو بە زنجیرە پەلامارێك لەتێكۆشان و خۆڕاگری پاشگەز ببنەوە. بە پێچەوانەوە گەلی كورد و رۆڵە نیشتمان پەروەر و ئازادیخوازەكانی لەژێر دروشم و فەلسەفەی ئێمەش؛ (ژینگەپارێزین، پارێزەرین، هۆنەرمەندین، چاڵاكوانین، مامۆستاین، كرێكارین و … هتد) سەنگەرەكانی خۆڕاگری گەلەكەمان چۆڵ ناكەن و بە بەرفراوانی و پتەوكردنی تێكۆشان و بەهێزكردنی خۆڕاگری خاوەندارێتی لە نرخ ـ بەها، رێكخستن و دەزگاكانی كۆمەڵگای دیمۆكراتیكی خۆیان دەكەن. لەهەمان كاتدا لەپێناو ئازاد كردنی پێشەنگەكانی كۆمەڵگا و پاراستنی نرخ و دەستكەوتەكانیان، بەهێز كردنی ئاستی تێكۆشانی دیمۆكراتیك بە پێویستیەكی سەردەمیانە لەقەڵەم دەدەن.

 

پێوەندی‌دار