پژاک؛ شەهید بێریڤان؛ شۆڕشگێڕێک پڕ لە خۆشەویستی، دایكایەتی و خولیای ئازادی 

3 شوبات, 2019

 

هێرش و تیرۆری دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان تا دێت و دەڕوات مەترسیدارتر و دڕندانەتر دەبێت. كارنامەی كردەوە تیرۆیستیەكانیان لەكوردستان ئەوەندە بە ئێش و خوێناوییە كە هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەكی ئەو مێژووە تاڵە بە دەیان تراژیدیا و ئەفسانەی خوێناوی تێدا هەڵ كۆڵدراوە.

لەبەرەبەیانی ٣ی فەوریەی ٢٠١٦ی زایینی بەرامبەر بە (١٤ی رێبەندان) فڕۆكە جەنگیەكانی سۆپای داگیركاری توركیا بە هاوكاری زانیاری كۆماری ئیسلامی ئێران و دەست و پێوەندیەکانی، چەند بنكە و بارەگای پژاك یان لەهەرێمەكانی پاراستنی میدیا بە خەستی بۆردۆمان كرد. دەرئەنجامی ئەو بۆردۆمانە ئەندامێكی مەجلیسی پارتیمان بە ناوی گوڵناز عەلیپوور ناسراو بە (بێریڤان هەژار) و دوو كادیری پێشەنگی تەڤگەرەكەمان بە ناوەكانی؛ ئەمرا تورکەر (شیار وان) و فەرزاد کریمی (هێژا مەد) شەهید بوون. بەم بۆنەیەوە لەسێهەمین ساڵڕۆژی شەهید بوونی ئەو سێ كادیرە پێشەنگەمان جارێكی تر یادیان بەرز رادەگرین و سەری رێز و نەوازش لەبەرامبەر قامەت یان دادەنوێنین.

جێگای ئاماژەیە ئەو سێ هەڤاڵەمان لەماراتۆنی تێكۆشانی دیمۆكراتیكی گەلەكەمان لە رۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن كەسایەتیەكی؛ فیداكار، بوێر، لەخۆبوردوو، دڵسۆز و خەمخۆری دۆزی رەوای گەلەكەیان بوون و وەك كەسایەتێكی پێشەنگ لە تەڤگەری رۆژهەڵاتی كوردستان خاوەن رۆڵی مێژوویی بوون. تایبەت شەهید هێژا و شیار دوو كادیری گەنجی تەڤگەرەكەمان كە لەقۆناخی لاوێتی دا بە رۆحی بەرپرسیاری و ورەو مۆڕاڵێكی شۆڕشگێڕییەوە بۆ پوچەڵكردنەوەی سیاسەتە نەگریسانەكانی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەركی سەرشانیان رادەپەڕاند و بە هەموو هێز و توانایانەوە خزمەتی گەل و نیشتمانیان دەكرد.

هاوكات شەهید بێریڤان وەك ئەندامی مەجلیسی پارتەكەمان خاوەن كەسایەتێكی شۆڕشگێڕ بووە. وەك دایكێك لەبەرامبەر زیهنیەتی چەقبەستووی پیاوسالاری كۆماری ئیسلامی سەر هەڵدەدات و لەساڵی ٢٠٠٧ی زایینی پەیوەستی ریزەكانی گەریلا دەبێت. وەك هەڤاڵێكی ژنی ئاپۆیی لەرەوڕەوەی شۆڕشدا قەت رێگا بەوە نادات كە دایكبوون ببێتە لەمپەڕ لەبەردەم لێگەڕینی بەدوای ئازادی و گەیێشتن بە ئامانجە شكۆدارەكانی. هەڤاڵێك بووە كە زۆر رووخۆش، لەسەرخۆ، جددی و بە دیسپلین بووە. لەبەر دڵپاكی، رۆحی فیداكاری و خاكی بوونی هێلانەی خۆشەویستی لەناوی دڵی هەڤاڵانی هەڵدەچنێت. بە زمانی شیرین و پێداگری هەمیشە قەناعەتی بە لایەنی بەرامبەری خۆی دەهێنا. لەدوا قۆناخی ماراتۆنی ژیانی شۆڕشگێڕیدا لەسەر كاروباری كۆمیتەی شەهیدانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ئەوینەوە ئەركی سەرشانی بەئەستۆ گرتبوو. لەو ئەركەیدا لەبەر هەستی دایكایەتی لەكوڵ و ئێشی دایكانی نیشتمانەكەی لەناخەوە تێدەگات و لەتێگەیێشتن و دڵنەوایی و هۆشیار كردنەوەیان بێ‌پسانەوە هەوڵ و تەقەلای دەدا. شەهید بریڤان ئەو هەڤاڵە پڕشنگدارەیە كە شوێنپەنجەی لەهەر قوژبنێكی خەباتی رۆژهەڵاتی كوردستان بەرچاوەو هەمیشە یاد و بیرەوەریەكانی لەیادگەی هەڤاڵان و گەلەكەی دەدرەوشێتەوە.

بۆیە پژاك لەرەوڕەوەی مێژووی تێكۆشانی دیمۆكراتیكیدا؛ شەهید بریڤان بە سەمبۆلی دایكێكی شۆڕشگێڕ و دایكی حەقیقی نیشتمان لەرۆژهەڵاتی كوردستان پێناسە دەكات. چۆن وەك ژنە شۆڕشگێڕێك لەسەر بنەمای فەلسەفەی ئازادی ژن دەبێتە مۆمێكی درەوشاوە و رۆچنێكی ئازادی بۆ سەرجەم ئەو ژنانەی كە تینووی ئازادی و یەكسانین.

بۆیە لەكەسایەتی شەهید بێریڤان، هەڤاڵان هێژا و شیار جارێكی تر سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی بەرز رادەگرین و بە بەهێزكردنی تێكۆشانی دیمۆكراتیك لەپێناو بۆنیادنانی كۆمەڵگایەكی ئازاد و دیمۆكراتیك، بەڵێنی درێژەپێدەری رێبازیان دووپات دەكەینەوە.

 

مەجلیسی پاڕتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاك)

٠٣-٠٢-٢٠١٩

 

پێوەندی‌دار