ئێران لەنێوان بەرداشی دیموکراتیزە بوون و دەستێوەردانی هەرێمی و جیهانی

30 ئایار, 2017

لەدوای هاتنە سەرکاری ترامپ گۆڕانکاریەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین خێراییەکی زیاتریان وەرگرتووە، ئەمەش بۆ درێژە کێشانی شەڕی تیرۆر (داعش) دەگەڕێتەوە کە چاوەڕوان نەدەکرا هەم لە ڕووی کاتەوە، هەمیش لەڕووی خەرجی و تێچووەکەی بگاتە ئەم ئاستەی ئێستا.

 

جدیەتی ئەمریکاو هاوپەیمانانی شەڕی دژی داعش لە دوای بڕیاری کۆشکی سپی بۆ پڕ چەککردنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک زۆرتر لەجاران دەرکەوتۆتە پێش. ئەگەرچی حەتا خودی ئەمریکا (لەچوارچێوەی بەرژەوەندی و پەرەپێدانی سیستمی کاپیتالیزم) لەوبڕیارەشدا ڕوو بەڕووی ناکۆکی و هەڵبژاردەیەکی سەخت بۆتەوە بەڵام بۆ ئەمریکا ڕوون بۆوە کە جگە لە کورد (یەپەگە، یەپەژەو هەسەدە) هیچ هێزێکی ڕاستگۆو بەپرەنسیپ بەتایبەتی لە سوریاو ڕۆژئاوای کوردستاندا نیە کە بتوانێ هاوپەیمانێتی، یان ڕێکەوتنێکی لەگەڵ پێک بهێنێت، هەروەها بە مەبەستی ڕێگری کردن لە هێژمونگەرایی ڕوسیاو دەوڵەتانی هاوپەیمانی وەک ئێران و هەندێ هێزی تری وەک حیزبوڵاو سپای پاسداران، وە لەلایەکی تریشەوە بە مەبەستی پێشگرتن بە دەستێوەردان و فرەخوازیەکانی تورکیا؛ بۆیە بڕیاری پڕچەک کردن و خێراکردنی پڕۆسەی لەناو بردنی داعشی دا. لەلایەکی ترەوە ئەم بابەتە چەندە پەیوەستە بە کۆتایی هێنان بەداعش بەهەمان ئەندازەش پەیوەستە بە دەستێوەردانی ئێران و تەنگ کردنەوەی سنوری پەلهاوێشتنەکانی دەوڵەتی ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوین.

 

لەگۆڕەپانی كوردستانیش، حیزب و لایەنە سیاسیەكان لەمەڕ هەڵبژاردنەكانی ئێران هەڵوێستی بایكۆتیان هەڵبژارد، هەڵوێستێك كەپێشتریش تاقی كرابووەو لەگەڵ خۆی ئەو پرسیارەی دێنایه كایەوە؛ گەلۆ چەندە سیاسەتی بایكۆتی بێ پلان و پرۆژه دەتوانێت خزمەت بەهاتنە دی ویست و داخوازیەكانی گەلی كورد لەڕۆژهه ڵاتی کوردستان بکات؟ ئەمە لە حاڵێكدا بوو كه نزیکایەتی كۆدار و پێكهاتەكانی ئەو بۆ پرسی هەڵبژاردن جیاواز بوو. كۆدار له پرسی شۆراكانی شار و گوندەكاندا بەئامادەكردنی نەخشەڕێگا و جارنامەی ویست و داخوازیەكان، دەست پێشخەری دایە خودی خەڵك كەبەپێی هەلو مەرجی هەرێمەكەیان بەشداری بكەن. ئەگەرچی دەسەڵاتدارانی ئێران هیچ وەڵامێکی ئەرێنی بە نەخشەڕێگای کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) لەمەڕ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شورای شارو گوندەکان نەدایەوە، بەڵام بە سەردانی کردنی ترامپ بۆ عەرەبستانی سعودیەو ئیسرائیل، ڕاستی خاڵەکانی ئەو نەخشەڕێگایە بۆ دەستێوەردانی دەرەکی لەئەگەری هەنگاونەهاوێشتنی ئێران بەرەو دیموکراسیەت، ئاشکراتر دەبێت. لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ: بۆچی ترامپ لەیەکەمین سەردانیدا ڕوو لە عەرەبستان دەکات لەکاتێکدا هەر بۆخۆی بڕیاری قەدەغەی هاتنی هاوڵاتیانی مسوڵمانی چەندین وڵاتی ئیسلامی بۆ وڵاتەکەی دەرکرد؟ وەڵامی ئەم پرسیارە لە ڕێککەتنی سەدان ملیارد دۆلاری فرۆشتنی چەک بە عەرەبستان وەک ناوەندی بەرهەمهێنانی بیری توندڕەوی ئیسلامیستی و تیرۆر، ڕوون و ئاشکرایە.

 

 

لە ئێستادا ئێران لەهەموو کات زیاتر لە دەستێوەردانی دەرەکی نزیک بۆتەوەو هێزە دەستێوەردەرەکانیش هەم لە هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان و هەمیش هاوپەیمانێتی هەرێمی، چ بە ئاشکراو چ بە نهێنی لەهەوڵی دروستکردن و پێکهێنانی بەرەی تایبەت و گرێدراو بەخۆیانن تا وەک هێزی زەمینی لە ئان و ساتی هێرش بۆسەر ئێران بەکاریان بهێنن و سودیان لێوەرگرن، ئەم هەنگاوەش چەندە ئامانج لێی ڕووخاندن و لاواز کردنی کۆماری ئیسلامی ئێرانە، ئەوەندە زیاتر پێشگیری کردنە لە دروست بوونی یەکێیتی گەلان و کۆنفیدراسیۆنی نێوان پێکهاتەکانی ئێران. هاوکات ڕێگری کردنە لە دروست بوونی هێزێکی خۆجێی هەرێمی لە نمونەی یەپەگە/یەپەژە. بۆیە بێ هیچ شک و گومانێک ئەو دەستێوەردانانە نە لە بەرژەوەندی خەڵک و هاوڵاتیانی ئێرانە، نە لە قازانجی پڕۆسەی دیموکراتیزاسیۆن لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوین.

 

 

جارێکی تر و لەکۆتاییدا دەبێ ئەوە بەبیر بهێنرێتەوە کە کۆدار و پژاک بەدوور بینی و هەڵسەنگاندنی دۆخەکەو ماهیەتی هێزە دەستێوەردەرەکان، نەخشەڕێگای چارەسەری پێشکەش کردو بەو هەنگاوەش توانی جیاواز لە ڕەوتی سونەتی، (هێڵی سێهەم) پێش بخات و وەک ئاڵتەرناتیڤی چارەسەری پرسەکان لەهەموو مەیدانەکاندا خاوەن ڕۆڵ و وتەی بەڕۆژ بێت. لێرەدا ئەوەی پێویستە هەموون بیزانن ئەوەیە کە پێشەنگانی هێڵی سێهەم نە چاوەڕوانی موداخەلەی دەرەکین و نە بەو شێوازە حکومڕانیەی دەوڵەتی ئێرانیش ڕازی دەبن، هەربۆیە لەو چوارچێوەیەدا خەباتی دیموکراتیک و ئاوا کردنی سازی مەدەنی و لەهەمانکاتدا دامەزراندنی هێزی پاراستن لەخەڵکی هەموو ناوچەکان بەبنەما دەگرێت و بە لەبەرچاوگرتنی پۆتانسیەلی گەل ڕێگا نادات دۆخێکی بەرژەوەندخوازی کەس، حیزب و هێزەکانی تر بێتە ئاراوەو گومانیش لەوەدا نیە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و پێکهاتەو گەلانی تری ئێرانیش، ڕۆژئاواو هێزەکانی یەپەگە/یەپەژە بۆخۆیان وەک ئەزموون و مۆدێلێک وەردەگرن.

پێوەندی‌دار