مانگى ڕەمەزان دەرفەتێکە بۆ بونیادنانی یەکێتى گەلانى رۆژهەڵاتى ناوین
28 ئایار, 2017لە رۆژهەڵاتى ناوین، دین و باوەڕیەکان خاوەن جێگە و پێگەیەکى گرینگن و چاندى موسلمانێتى راستەقینە، تیکۆشانێکى مەزنى هەمبەر داگیرکەران و فرعۆنانى زەمان بەڕێوە بردووە. مانگى ڕەمەزان یەک لەو کات و دەرفەتە پیرۆزانە بووە کە مرۆڤ لەپێناویدا تێکۆشانێکی بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکى یەکسان و ئازاد بەڕێوە بردووە. کولتورى زەکات وسەرفترە و یارمەتیدان بە فەقیران و هەژاران هەروەها خۆپاراستن لە بێ ئەخلاقى و ژیانى تاکپەرەست لە تایبەتمەندیەکانى ئەو دەرفەت و زەمانە پیرۆزەیە.
مەخابن هاتن و زاڵبوونی سیستەمى سەرمایەداری، ئەو کولتورە هەرەوەزى و بەرخۆدێرەی بە هێنانە ئاراى رێبازی ئیسلامی ساختە و پەردەپۆشکراو، بە وەگەڕخستنی توندو تیژى و شەڕ و ماڵوێرانى لە رێگەى کۆمەڵە چەتەگەلی داعش و هاوپەیمانانییەوە، بەلاڕێدا چووە و لاوازبووە. سیستەمى داگیرکەرى و سەرمایەى جیهانى لە یەکێتى گەلانى رۆژهەڵاتى ناوین و چاند و باوەڕییەکانى دەترسێت هەر بۆیە هەوڵ دەدات بە هەموو شێوازێک دژایەتى بکات و تێکۆشانى ئاستەنگ بکات.
وەک کۆمەڵگاى دیموکڕاتیک و ئازادى رۆژهەڵاتى کوردستان – کۆدار، هاتنى مانگى ڕەمەزان لە موسڵمانانى جیهان پیرۆز دەکەین و لەسەر ئەو بڕوایەین کە ئەم مانگا دەتوانێت ببێتە دەرفەتێکى زێڕین بۆ ئاواکردنى یەکێتى و یەکڕیزى دژ بە سیستەمى داگیرکارى و زۆردارى جیهان. هەر بۆیە داوا لە گەلانی هەرێمەکە و بەتایبەتیش گەلانی کوردستان و ئێران دەکەین بە ڕۆحی بڵندی پێخەمبەران و شۆرشگێڕان بەرەو کۆمەڵگایەکى ئازادو یەکسان هەنگاو هەڵێنەوە و بۆ نەمانى زۆلم و بندەستى پەرە بە تێکۆشانى خۆیان بدەن.
کۆنسەی بەڕێوەبەرى کۆدار
جۆزەردانى ٢٧١٧ ى کوردی