کۆدار، پژاک،کژار و ک ج ر، هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئیرانیان بایکۆت کرد

12 ئایار, 2017

دەقی ڕاگەیاندنی هاوبەش

  دوازدەهەمین خولی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری و پێنجەمین خولی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی شار و گوندەکان، ڕواڵەتێکی جیاوازی بە باس و گفتووگۆکانی ئەم چەند مانگەی دوایی لە ئێران بەخشیوە. هۆی چارەنوس ساز بوونی ئەم هەڵبژاردنە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە هەستیارەی کە بەسەر هەرێمەکە و جیهان دا زاڵ بووە. ئەم هەڵبژاردنە و دەرئەنجامەکانی دەتوانێت ببێتە خاڵێکی وەرچەرخان لە سیاسەتی زلهێزەکان سەبارەت بە ئێران و هاوکات ببێتە هۆکاری گۆڕانکاری لە سیاسەتی ناوخۆیی، کاریگەری لە سەر هەم ئەوانەی کە لە ناو دەسەڵاتدا جێدەگرن و هەم ئەو کەسانەی کە ئاکتۆری کۆمەڵایەتین.

لەم ماوەیەدا هەوڵمان داوە کە بەدواداچوون بۆ ڕەوتی گۆڕانکارییەکان بکەین و پێناسەیەکی نوێ بۆ بارودۆخی سیاسی ناوخۆی ئێران و ئەو ڕەوشە ئاڵۆزە سەربازی-ئەمنیەتیەی کە بەسەر ناوچەکەدا زاڵە بکەین. لەم ڕێگایەوە هەوڵمان دا بە لەبەرچاوگرتنی پێویستییەکان و بەرژەوەندیەکان، هەڵوێستێکی سیاسی جیاواز بگرینەبەر. بۆیە لە لێدوانی دەستپێکی هەڵبژاردن لە ڕێکەوتی٣١.٣.٢٠١٧ ئاماژەمان بە پێویستی وگرینگی کرانەوەیەکی  دیموکراتیک هەم بۆکۆمەڵگا و هەم بۆ دەسەڵات-دەوڵەت راگەیاند. ئێمە لەو باوەڕەداین کە نیشاندانی ڕووی خۆش بۆ دەرەوە و کەمتەرخەمی سەبارەت بە داخوازییە کەڵەکەبووەکانی گەلان لە ناوخۆ و، لە هەمانکات دا ئێران بە پشت گوێ خستنی کێشەکان لەم گرفتانە ڕزگاری نابێ و ملکەچبوونی دەسەڵاتدارانی ئێرانی بە زلهێزانی جیهانی تەمرینی دیمۆکراسی، پێکەوە ژیانی گەلان و کۆمەڵانی ناوخۆ دەخاتە مەترسییەوە. بە ڕاگەیاندنی نەخشەڕێگا لە ڕێکەوتی٢٣.٤.٢٠١٧ زۆر بە باشی ئاگامان لەوە بوو کە  سیستەمی دەسەڵاتداری ئیران بە کەڵەکەکردنی کێشەکانی لە بواری زێهنیەتی و هێشوویی لە ئاستی دەوڵەت و دەسەڵات، توانای سەقامگیر کردنی ناوخۆ و دەرباز کردنی کێشەکانی لە ڕێگای دیموکراتیکەوە نییە. بەو هۆیەوە بە خستنەبەرباسی ئەم نەخشەڕێگایە، بە تێڕوانینێکی قووڵەوە هەوڵی دەستنیشانکردنی ئاسۆیەکی نوێ وهەنگاوهەڵگرتنی سەرەتایی لە بواری کردارییەوە بۆ تێپەراندنی کێشەکانی دەوڵەت-دەستەڵات  و پێشخستنی کۆمەڵگا پێشکەش بکەین. هەروەها لە کۆتایی دا بە ئامانجی هەڵسەنگاندی ئیرادەی ئەو هێز و لایەن و کەسانەی کە دەیانەوێت بەڕێوەبەرایەتی دەسەڵات بکەن، لە ڕێکەوتی٦.٥.٢٠١٧ "گەڵاڵەی گشتگیری داخوازییەکان" لە لایەن ئێمەوە پێشکەش کرا. ئامانجی سەرەکی ئەوە بوو کە دەرکەوێت ئایا دەسەڵاتداران ڕێز لە سەرەتایی ترین مافەکانی هاوڵاتیان دەگرین و ڕێگە بە پێویستییەکانی ژیانی کۆمەڵگا و کۆمەڵایەتی هاووڵاتیان دەدەن یان نا؟

بەڵام ئەوەی کە لە درێژەی چەند مانگی ڕابردوو و بەتایبەت لە دیبەیتەکان و سەردانی پارێزگاکان دا بینرا، ئەوە دەخاتەڕوو کە هیچ یەک لە لایەنەکانی ناوخۆی دەسەڵات بەرنامەیەکی ڕێک و پێک و گونجاویان بۆ چارەسەر کردنی گرفت و کێشەکان پێ نییە و دیالۆگی سیاسی لە نێوان هەردوو لایەن دا لەناو بازنەیەکی پوپولیستی دا دەخولێتەوە.  گوتاری پوپولیستی لە ناو بناژۆخوازان سونەتێکی درێژی هەیە و لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٣٨٤ و بەهاتنەسەر کاری ئەحمەدی نژاد وەک سەرۆککۆماری ئێران گەیەندرایە ئاستێکی نوێ. لە لایەکی ترەوە تێڕوانینی ڕیفۆرمخوازی-میانەڕۆی هیچ ڕێزێکی بۆ عەقڵیەتی سیاسی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی خولی یازدەهەمی سەرۆک کۆماری لە ساڵی ١٣٩٢ دانەناوە وڕێزی لە بەشداری سیاسی خەڵک و کۆمەڵگای گەلانی ئێرانی بۆ دەربازبوون لە بارودۆخی ئەمنی-سەربازی نەگرتووە.

کارنەکردن لەسەر ئەو بنەمایانەی کە بەدیهێنەری کێشە و ئاڵۆزیەکانی ئێرانن، نیشانەی ئەو تێڕوانینەیە کە کاربەدەستانی سیستەمی دەسەڵات لە ئێران لە جیاتی چارەسەرکردن، فێری سڕینەوەی کێشەکان بوون. پوپولیسم و هەرای سیاسی  زاڵ لە سەر کەش و هەوای گفتۆگوکان و تۆمەت بارکردن به کەسانی  ناو هەردو لایەن وەک هۆکاری کێشەکان، بۆ لادانی سەرنج لەسەر هۆی سەرەکی کێشەکان ئەنجام دەکرێت. بێگومان سەرچاوەی سەرکی کێشەکان بریتیە لە یاسای بنەڕەتی ئێران، ناوەندگەرایی، کۆکردنەوەی دەسەڵات لە ژێر ناوی ولایەتی فەقێ کە لە بەرانبەر «جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان» و بڵاوکردنەوەی دەسەڵات و بەڕێوەبەری وەک ڕێکاری سەرەکی کۆنترۆڵی دەسەڵات و بە بنەما گرتنی کۆمەڵگا نەبینرێت. بەشدار نەبوونی ژنان و گرینگی نەدان بە پرسەکانی تایبەت بە ئەوان وەک کۆمەڵگایەکی سەربەخۆ ئەو ڕاستیە دەخاتە ڕوو کە کۆمەڵگا بە شێوەیەکی بەرچاو پەراوێز خراوە؛ ئەوە دەتوانرێت پێوانەیەک بێت بۆ هەڵسەنگاندنی ئازادی، دیمۆکراسی و مرۆڤدۆستی سیستەمێکی سیاسی. دەسەڵات ـ دەوڵەت به شێوازێک  هه‌ولی ئه‌وه‌ ئه‌دات که داخوازی کومه‌ڵگای ژنان ته‌نیا له ئاستی یه‌کسانی یاسایی، بیولوژیک و، جل‌و‌به‌رگدا سنووردار بکات. نەبوونی تێڕوانینێکی ڕەخنەگرانە  سەبارەت بە نزیکایەتی گشتی دەسەڵات وپەلهاوێشتنی لە بواری سیاسەت، کۆمەڵگا، کلتوور و ئابوری ئامانجی ئەوەیە کە بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی دەسەڵات لادات و پاک نیشانی بدات. کەم کردنەوەی سەرنج و داخوازی گەلان و کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە ئابووری و هەوڵدان بۆ بونیادنانی کۆمەڵگا‌یەکی گەندەڵ ئامانجی ئەوەیە کە ڕێگری لە گەڕاندنەوەی بەشێک لە داراییە تاڵانکراوەکانی کۆمەڵگا بگرێ و پەرەی زیاتر بە کۆیلەیی بدات.  دەوڵەت-دەسەڵات بە گرنگی دان بە کێشەی سەربازی و ئەمنی ڕۆڵی داروغه‌ی مۆدێڕن بۆ خۆی دەبینێت. نەبوونی کاندیدایەک کە لە لایەن کۆمەڵگاوە هاتبێت لە باتی ئەوەی کە کۆمەڵگا بەشداری بەڕێوەبەری و بڕیارداری بۆ چارەنووسی خۆی بکات، ڕێگە بۆئەوە خۆش دەکات کە خەڵک بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکار بهێنێت و بەشداری گەل لە هەڵبژاردنەکان دا تەنیا وەکوو خۆپیشاندانێکی سەرشەقام بۆ خۆ نواندن بەکار ببات. ئامانج نمایشکردنی خۆیانە لە بەرانبەر هێزەکانی دەرەوە و،هەروەها بۆ ئەو لایەنانەی کە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکەن نیشاندانی هەبوونی خۆیان لە ئاستی ناوخۆدایە. ئەم تێڕوانینە هەڵبژاردنەکانی کردۆتە کارناوالی  قەرەباڵغی و نمایشی و ڕۆڵی ئۆپۆزسیۆنی ساختەی بە دەوڵەت و دەسەڵات  داوە.

ئەمە لە حاڵێکدایە کە بەهۆی مەزن کردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری نابێت هەڵبژاردنی شۆرای شار و گوندەکان لەبیر بکەین. کۆماری ئیسلامی بە شکڵدان به ویستی سیاسی هەوڵی ئەوە داوە کە سەرنجی کۆمەڵگا و گەلانی ئێران بەرەو پرسە مەزنەکان لە بەشی هەڵبژاردن دووربخاتەوە. دەرەنجامی ئەو کەفوکوڵە سیاسییە بێ بایەخ بوون و سەرنج نەدان بە یەکەکانی ڕێوەبەری خۆجێیی کۆمەڵگاکان لە لایەن هاووڵاتیان بووە. هەر بەو هۆکارەیە کە ماوەیەکی درێژە ناوچەکانی قەراخ و سنووری کە بەشێکی گەورەی گەلانی دەرەوەی فارس زمان لەو جۆغرافیایە دەژین، بووە بە گۆڕەپانێک بۆ خۆ نیشاندانی سیاسی باڵەکانی ناو دەسەڵاتی ئێران. ئەو دەستێوەردانانەی حکومەت لە ئیرادە و هەستیاری کۆمەڵگا دەرحەق بە گرینگترین ساحەی بیۆلۆژی خۆیان و دەست لەسەر دانانی ئەوە بوەتە هۆکارێک کە کەسانی بەرژەوەندخواز، باندگەرا و گەندەڵ کە ئامانجێکیان دەرەوەی بەدەست هێنانی پارە و دوورخستنەوەی کۆمەڵگا لە سیاسەت نییە، جڵەوی بەڕێوەبەری خۆجێییان لەدەستی خۆیان گرتووە و لە شوێنی ئەسپی ترۆوای ناوەند لەو ناوچانەدا ڕۆڵ دەگێڕن. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی کە حکومەت-دەوڵەت بە کەڵک وەەرگرتن لە بۆشایی دیموکراتیک لە یاسای بنەڕەتی و لە کاناڵی ژووریاساکان دەرفەتی دەستێوەردان هەرچەند کەمیش بە یەکە خۆجێییەکانی کۆمەڵگا نادەن، کۆمەڵگا بە هزر و شعوری سیاسی خۆی  لەدەرەوەی نیگەرانی و هەیەجانی عەشیرەیی، ماڵباتی، چینی و ئایینی و لە هەندێک جێ نەتەوەپەرەستی لە شوێنگەلێک کە لە پێکهاتەی کلتوری فرەڕەنگ پێک هاتووە، دەبێ ئەو پانتاییە خۆبەڕێوەبەریە لە کەسانی هەلخواز، دژەسیاسەت و دەرەوەی خۆبوون بە تەواوی بسڕنەوە. لەو چوارچێوەیەدا هەڵبژاردنی کەسانی شیاو و گەل دۆست لە کاتی ئامادەبوون لە ناوەندەکانی هەڵبژاردنی هەر ناوچە بۆ گرتنە ئەستۆی ڕێوەبەرییەکانی خۆجێیی شار و گوند بە ویستی خودی هاووڵاتیان وەک ڕەوایی دان بە ئەسڵی حاکمیەت نەبووە و پێویستە لەم دەرفەتە وەکو هەستیاربوونی کۆمەڵگا سەبارەت بە مافی دیارکردنی چارەنووس لە ساحەی ڕێوەبەرییەکانی خۆجێیی یاد بکرێت.

لە کەش و هەوایەک کە ڕێکخراوەکان و ئەو باڵانەی کە لە سەرووی حکوومەت و دەوڵەت بە هۆکاری زەوتکردنی بەرپرسیارێتی لە بەرامبەر کۆمەڵگا لە چوارچێوەی ئۆپۆزسیۆن حاڵەتێکی مۆتەواریان بە خۆیان گرتووە، شەپۆلێک هاتۆتەدی کە هەوڵی سڕینەوەی مێشک و هۆشی مێژوویی-سیاسی و کلتوری کۆمەڵگا دەدات. ئەو شەڕە زێڕینگەرییە کە بە ئامانجی خاپاندن و فریودانی کۆمەڵگا لە مافەڕەواکانی خۆی پێک دێت پێویستە بە توندی شەرمەزار بکرێت. کەواتە بە زانینی شەرت و مەرجی هەنوکەیی و دەستەبەرکردنی ئەرکی مێژویی، کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار ، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک ، کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار و هەروەها کۆمەڵگای گەنجانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان – (ک ج ر) بەشداری لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری بە هەڵوێستێکی توند، تەحریم و بایکۆت دەکات.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک

کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار

کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار

کۆمەڵگای جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-ک ج ر

12.5.2017

بیست‌و‌دووهه‌می‌ گوڵانی 1396