ویست و داخوازی جەوانان خراوەتە پەراوێزی هەڵبژاردنەوە
7 ئایار, 2017گۆڕانکاری لە هەرێمەکە دەستی پێکردووە، هەتا دەچێت خێرایی ئەم ئاڵو گۆرە زۆرتر دەبێت و شەپۆلەکەی پەرەدەسێنێت. بە واتایەک دەتوانین بڵێن ئەم پێڤاژۆیە قۆناخی ڕزگاری گەلانی بن دەست و پێکەوە ژیانیانە. ئەگەر تەواشای سەرەتای قۆناخی دوایی گۆڕانکاری کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوین هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ هاتووە بکەین، ئەو ڕاستیە دەبینرێت کە ئەو دەسەڵاتانە کە لە بەرامبەر هێزی کۆمەڵگاوە شەڕیان کردووە و سیاسەتی تۆقاندن و هەڕەشەیان گرتۆتە بەر، یان سیاسەتی چەواشەکاریان بە بنەما گرتووە، دۆڕاندویانە و بۆ هەتا هەتایە نێویان لە مێژوودا بە ڕەشی دەمێنێتەوە.
ئەمە راستییکی حاشا هەڵنەگرە کە ئەو دەسەڵاتدارانەی کە لە ناوچەکەدا خەریکن سیاسەت و کردەوەی دژ بە کۆمەڵگا پەیڕەو دەکەن، یان پێویستە ڕێباز و بیرۆکەی پاوانخوازیان بگۆڕن یان فەوتاندنی هەتا هەتایی بپژرێن. سەرەڕای ئەم ڕاستییانە یەکێک لەو دەسەڵاتانە کە لەم قۆناخە هەستیار و مێژوویەدا خەمسارد هەڵسوکەوت دەکات، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
ئەمە لە حاڵێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەموو دەوڵەتەکان باشتر دەتوانێت بۆ دیموکراتیزەکردنی ناوچەکە ڕۆڵ بگێڕێت و هەلەکانی لە هەموو دەسەڵاتەکان گۆنجاوترە. هاوکات لە گەڵ ئەمەدا هەم لە ناوخۆ هەم لە دەرەوە هەتا دەچێت دژبەرانی زۆرتر دەبن ڕەوشی بەرەو هەڵدێر دەچێت. ئێران پێویستە دان بەو ڕاستیەدا بنێت کە هیچ هێزێک ناتوانێت لە بەرامبەر هێزی کۆمەڵگادا ڕاوەستە بکات و نەگۆڕدرێت. نزیکی ڕۆژی هەڵبژادنی سەرۆک کۆماری و شوراکانین. ئەم پێڤاژۆیە دەرفەتێکی گۆنجاوە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی هەنگاوهەڵگرێت و وەڵامی داخوازیەکانی گەلان لە ئێران بە تایبەت گەلی کورد و جەوانان بداتەوە.
وەها دیارە کە هەڵبژاردن لە ئێراندا دوور لە پێوانەکانی دیموکراتیک و ڕەنگ و بۆی دیموکراسییە. بە تایبەت بۆ جەوانان هیچ یەک لە پاڵێوراوان خاوەن پرۆژە و پیلان بە تایبەت جەوانانی کورد هەتا ئێستا نەبوونە. وەک هەموو کاتێک پەنایان بردۆتە بەر سیاسەتی درۆ ، خەڵەتاندن، چەواشەکاری ڕای گشتی و پەراوێز خستنی جەوانان لە هەموو گۆڕەپانەکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی. بیجگە لەمە بە دەبڕین و دابەزاندنی ئاستی ویست و داخوازی جەوانان بۆ بابەتگەلێک وەک پارە، خانوو، ئیزدواج و هەر وەکوو تر، بێ رێزی بە ویست و داخوازی بنەڕەتی جەوانان دەکرێ و هەروەها داخوازی ئازادی، دیموکراسی و بەرابەری کە ویستی بنەڕەتی و ئەساسی جەوانانە خراوەتە پەراوێزو ئاماژە پێنەکراوە.
بۆیە جەوانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت بە بەرپرسیارێتی و پێشەنگایەتی ڕۆڵی دیارکەری خۆیان لەم قۆناخە جێبەجێ بکەن و ببن بە هێزی پێشڕەو لە سیاسەتی ئازادی و دیموکراسی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران. هاوکات جەوانانی کورد دەبێ لەم پێڤاژۆیە نیشان بدەن کە هیچ دەوڵەت و دەسەڵاتێک ناتوانێت بێ ئەوەی کە ویست و داخوازی جەوانان ڕەچاو بکات، سەر بکەوێت.
بانگەوازی لە جەوانانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکەین، کە پێویستە لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری لە ئێراندا بە پێی نەقشە ڕێگای کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) کە بە بەفراوانی پێوان و پرنسیپەکانی بەشداربوون لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری و شوراکانی بۆ ڕای گشتی بڵاو کردووە، نزیکی هەڵبژاردنەکان ببن .
کاوە ئاواڵان
ئەندامی کوردیناسیۆنی کۆمەڵگای جەوانانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (KCR)