بە هێز گرتن لە شەهیدانی یەکی گوڵان، تێکۆشانمان فراوانتر دەکەین
30 نیسان, 2017"گوڵان" مانگی بەرخۆدان و فەداکاری و رەنجدەری و گیانبازیە. مانگی ئەڤینداری بە نیشتمان و دووپات کردنەوەی سۆز و بەڵێنیەکانە. مانگی ئازادی و گوڕکردنی تیکۆشانە. هەر ئەو مانگەیە کە تێکۆشەران و کۆڵنەدەرانی رێگەی ئازادی بۆ گەیشتن بە مافەکانیان گیانی شیرینی خۆیان لەسەر دەست دادەنێن تاکوو کۆمەڵگایەکی دیموکراتیک و ئازاد لەدایک بێت. بێگومان قسەکردن و وەبیرهێنانەوەی هەموو ئەو شەهیدانەی کە لەم رێگە و رێبازەدا گیانی پاکیان بەخت کردووە زۆری تێدەچێت و ناکرێت بە نووسراوەیەک و بگرە سەدانی تر ئەو بۆشاییە پڕ بێتەوە بەڵام باس کردن لە کەسایەتی و خەباتی ئەوان دەتوانێت پاڵپشت و هاندەری جیلی دوایی و هۆمێدێک بۆ داهاتووی ئەو وڵاتە بێت.
لەناو ئەو پاکرەوانە مەزنانە کە لە مانگی گوڵان بەرەو کاروانی نەمران و نەبەزان تێپەڕیون، شەهیدانی چاپەمەنی یەکی گوڵان خاوەن جێگە و پێگەیەکی مەزنە. لە یەکی گولانی ساڵی ٢٠٠٨ فرۆکەجەنگیەکانی ئەرتەشی تورکیە بۆ سەر بناری قەندیل، ٦تێکۆشەر و ئازادیخوازی گەلی کورد بە ناوەکانی "دیاکۆ بهختیاری، ناسراو به هێرش ئامهد، کاردۆ عهلیالی، ناسراو به ئارگهش باوهڕ، بههجهت تهکین ئاڵپ، ناسراو به فرات چهلێ، جهمال ڕهسولی، ناسراو به ئارمانج مهریوان، محهمهد گویرهن، ناسراو به وەداد ئامهد، رهحیم بۆرنا، ناسراو به ڕامان جاوید" پەیوەستی کاروانی شەهیدان بوو.
ئەم هەڤاڵە قارەمانەنە بە تێکۆشانی خۆیان سەلماندیان لەناو کۆمەڵگایەک کە چەوسانەوە و ناعەداڵەتی و جنسیەتگەرایی حوکمی تێدا بکات ئەو کۆمەڵگایە ناتوانێت سالم بێت و گەل بە گشتی و کرێکاران و ژنان و گەنجان بە تایبەت ناتوانن بە حەقی خۆیان بگەن. هەڤاڵانی شەهیدمان بە خەبات و تێکۆشانیان لە گۆڕەپانی راگەیاندن دا و بە شەهید بوونیان لەم ڕۆژەدا پەیامیان بە هەمو کۆنەپەرەستان داوە کە هەتاکو زوڵم و زۆری و نابەرابەری لە کۆمەڵگا دا بمێنێت، بەرخۆدان و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئازادی بندەستان دەمێنێت.
وەک کۆمیتەی شەهیدانی کۆدار، یاد و بیرەوەری هەموو تێکۆشەرانی رێگای ئازادی و هەڤاڵانی شەهیدمان وەبیر دەهێنینەوە و ڕۆژی یەکی گوڵان لە هەمو کرێکاران، زەحمەتکێشان و ئازادیخوازان پیرۆز دەکەین.
کۆمیتەی شەهیدانی کۆدار
٣٠ی نیسانی ٢٠١٧ی زایینی