شەنگاڵ و رۆژئاوا، دەروازەی داگیرکردن و ئازادی کوردستانن
25 نیسان, 2017دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک لە مێژووی بە دەوڵەتبوونیەوە تا بە ئەمڕۆ مۆرکی خۆی لە دەیان کۆمەڵکوژی و داگیرکاری دژ بە گەلان و نەتەوە و وڵاتانی دەوربەری جوگرافیای دەرەوەی سنوورەکانی خۆی داوە. ئەمڕۆش بە هەمان شێوە بەبێ رەچاوکردنی هیچ پێوەرێکی ئەخلاقی و سیاسی و ناونەتەوەیی بەردەوامە لە پەلامار و داگیرکارییەکانی.
ئەم دەوڵەتە فاشیستە کە لە پەلەقاژەی مەرگدایە و دەیەوێت دووبار و چەند بارە بەخوێنی گەلانی هەرێمەکە و بەتایبەتیش گەلی کورد لە هەر بەشێکی وڵاتی کوردستان خۆی بژیێنێتەوە، شەوی رابردوو لە چوارچێوەی شکاندن و پێشێلکردنی دەیان سنووری جوگرافی، سیاسی و ئەخلاقی، بەشێوازێکی زۆر هۆڤانە هێرشی کردەوە سەر مەڵبەندی دەستکەوتی ئازادی بەری خوێنی هەزاران شەهیدی کورد و زۆرێک لە ئازادیخوازی تری ئەنترناسیۆناڵی جیهانی (شەنگاڵ و رۆژئاوای کوردستان).
ئەم هێرشە لەکاتێکدایە کە هەرێمی ئازادکراوی شەنگاڵ و هەرێمەکانی فیدراسیۆنی باکوری سوریا هەر لەسەرەتای ئازادکردن و هەوڵەکانی دامەزراندنی بونیادی خۆبەڕێوەبەری گەلانی هەرێمەکەوە، لەژێر هەڕەشەی پەلاماری دەوڵەتی فاشیستی تورک و کۆمەڵێکی زۆر لە دەست و پێوەند و چەتەکانیدایە. تاکە ئامانجیش لەم هێرشانەی داگیرکەرانی کوردستان و هاوپەیمانە هەرێمییەکانیان سەرکوتکردن و لەناوبردنی دەنگ و هێزی ئازادی کورد و گەلانی هەرێمەکەیە بۆ سەدەیەکی تریش.
ئەوەی جێگای گومان و تێڕامانە بێدەنگی هێزە کوردییەکانی باشوری کوردستانە، کە تا ئێستاکە بە بێدەنگی خۆیان ورە و هێز بە دەوڵەتی فاشیستی تورک دەدەن تا زیاتر ببنە حاکم و باڵادار و تا زیاتر هێزی سەربازی و چەتەکانی تایبەت بە خۆی لە ناوچەکانی هەرێمی باشووری کوردستاندا جێگیر بکات. هاوکات دەتوانین بێدەنگی راگەیاندنەکانی باشووری کوردستان بەتایبەتی و هەموو ئەو راگەیاندنانەی چاوپۆشی لەو هێرشانە دەکەن بە هەمان بێدەنگی هێزە کوردییەکان بچوێنین و بگرە دێتە مانای هەوڵی خەڵەتاندنی رای گشتی کورد و سەرکوت کردنی دەنگی راستیخوازی. هەر بەم هەڵوێستەشیان حاشاهەڵنەگرانە پەردە لەسەر بێلایەن نەبوونی خۆیان رادەماڵن.
وەک هاوسەرۆکایەتی کۆدار و بەناوی تەڤگەڕی ئازادی و دیموکراسیخوازی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە هێزە کوردییەکان دەکەین کە بێدەنگ بوونیان لەبەرامبەر بە داگیرکاری و پەلامارەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک دەبێتە مایەی کۆمەڵکوژی خەڵکی کورد و هەروەها داوا دەکەین کە چیتر پێشمەرگەی کوردستان نەکەنە قوربانی مەرامەکانی خۆیان. پێشمەرگەی کوردستان بە خوێنی خۆی دڵسۆزییان بۆ ئازادی کوردستان سەلماندووە، نابێت بکرێن بە قوربانی سیاسەتی چەوتی هاوپەیمانی کردن لەگەڵ دەوڵەتێکی فاشیستی وەک دەوڵەتی تورک لەبەرامبەر بە هیچ تەڤگەڕێکی کوردی.
لێرەوە جارێکی تر سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی سەرجەم کەسوکاری قوربانیانی هێرش و پەلامارەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هەر شوێنێکی رۆژهەڵاتی ناوین و بەتایبەتیش شەنگاڵ، باشوور و رۆژئاوای کوردستان دەکەین. داواش لە گەلی کورد و هەموو ئازادیخوازان، رۆشنبیران، هەموو توێژەکانی کۆمەڵگای کوردی لە هەر لایەکی کوردستان دەکەین کە بە هەڵوێستی شکۆداری و شەرەفمەندانەوە بێنە دەنگ و ئەم هێرشانەی دژ بە خاکی ئازادکراوی کوردستان دەربڕن.
هاوسەرۆکایەتی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان – کۆدار
25/04/2017