کۆدار و کۆمەڵە “بونیادنانی بەرەیەکی دیموکراتیکیان” تاووتوێ کرد
20 نیسان, 2017عەگید سیروان
شاندێکی کۆدار بە سەرپەرشتی هاوسەرۆکانی کۆدار هەڤاڵان (فواد بریتان و زیلان تانیا)، هەروەها مەزڵوم حەفتەن ئەندامی کۆردیناسیۆنی کۆدار و پەیمان ڤیان ئەندامی دیپلۆماسی کەژار، رۆژی چوارشەممە رێکەوتی 19ی نیسانی 2017 سەردانی بارەگای ناوەندی کۆمەڵە ـ رێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران یان کرد. شاندەکەی کۆدار لەلایەن شاندیکی کۆمەڵە بە سەرپەرشتی هاوڕێ ئیبراهیم عەلیزادە سکرتێری گشتی کۆمەڵە پێشوازیان لێکرا.
لەدانیشتنێکدا هەردوولا رەوشی سیاسی ناوچەکە و بە تایبەت ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانیان بە تێر و تەسەلی تاوتوآ کرد، هاوکات ئاماژە بە هەڕەشەی پەرەسەندنی زیهنیەتی شۆڤێنیزم لەناوچەکەدا کرا و تەشەنە سەندنی ئەو هێڵەش بە خاڵێکی مەترسیدار بۆ بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکە وەسفکرا.
لەبەردەوامی دانیشتنەکەدا جەختیش لەسەر ئەوە کرایەوە کە بە ئامانجی رێگرتن لەو زیهنیەتە مەترسیدارە، دەبێت هێزە ئازادیخوازەکان بە باشترین شێوە کەڵک لەو دەرفەتانە وەربگرن کە بۆ گەلی کورد لەسەرجەم بەشەکانی کوردستان رەخساوە و لەپێناو پێکهێنانی بەرەیەکی هێزە چەپ و دیموکراسیخواز و دژە فاشیزم هەوڵەکان چڕ و پتەوتر بکرێن.
لە بەشێکی تری دانیشتنەکەدا لەگەل ئەوەی هەر دوو لایەن جەختیان لەسەر کاری هاوبەش و هاوکاری و هاوئاهەنگی نێوانیان کردەوە، شاندەکەی کۆدار یش دەستنیشانیان کرد کە ئەوان ئامادەن هەموو هێز و توانای خۆیان بۆ جێبەجێکردنی هەر ئەرکێک لە بونیادنانی یەکێتی و بەرەی دیموکراسین بخەنە گەڕ و پێویستی راپەڕاندنی هەموو ئەو کار و خەباتانەیان بە بەرپرسیارێتی شۆڕشگێڕانە دووپات کردەوە و لێرەشەوە داوای خۆیان ئاراستەی سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد کە هەوڵەکانیان بۆ یەکێتی و یەکدەنگی بخەنەڕوو.
لەکۆتایی دانیشتنەکەدا ئاماژە بەوەدرا کە بۆ مایەپووچ کردنی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و سنووردارکردنی زیهنیەتی دەسەڵاتداری رژێم، لایەنەکان پەیوەندییەکانیان پتەوتر بکەن.