پەیامی پیرۆزبایی مەزڵوم هەفتەن بە بۆنەی ٤ی نیسان
2 نیسان, 2017ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار مەزڵوم هەفتەن بە بۆنەی ٤ی نیسان، ساڵڕۆژی لەدایک بوونی ڕێبەری گەلی کورد عبدالله ئۆجالان و هەروەها ساڵڕۆژی دامەزرانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان(پژاک) پەیامێکی بڵاو کردەوە.
مەزڵوم هەفتەن دەڵێت: لە دایک بوونی ڕێبەر ئاپۆ گرینگیێکی تایبەتی بۆ خەڵکی دانیشتوی جۆگرافیای کوردستان هەیە لەبەر ئەوەی کە واتایێکی نوێ دەدات بە وشەکان
بۆ ئێمەی کورد پێویستە بزانین کە ڕێبەر ئاپۆ چی بۆ دیار کردین و چی بۆمان دروست کرد و چۆن هەل و مەرجی گۆڕیوین؟ لەبەر ئەوە گرینگە بزانین ڕێبەر ئاپۆ لە ڕەوشێکی زۆر و زەحمەتدا کە کوردبوون مایەی شەرم بوو، هەروەها کورد ڕاستی و شوناسی خۆی ئینکار دەکرد و لێی دوور دەکەوتەوە و کوردبوون شکەنجە و زیندان و کوشتن و دەربەدەری بەدواوە بوو دەستی پێ کرد.
ئەم ئەندامەی بەڕێوەبەری کۆدار لە درێژەی قسەکانیدا باس لەوە دەکات کە سیستەمە دەسەڵاتدارەکان بۆ ئەوەی کە ئیرادەی گەلان بشکێنن و بیانکەن بە کۆیلەی خۆیان، مێژوو، ڕاستی و هەروەها سەرکەوتنەکانیان ئینکار دەکەن. لەو کاتەدا کە مرۆڤی کورد ڕۆحی لە دەست دابوو وەک مردووی لێ هاتبوو، ڕێبەر ئاپۆ توانی زیندووی بکاتەوە و بیکاتە خاوەنی ناسنامەی کوردی ئازاد و شووناسێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و ئەمەش شتێکی گرینگ و جێگای بایەخە. ڕێبەر ئاپۆ کێشە و پێداویستیەکانی کوردستانی بە باشی زانیوە و بە یەک ڕەستە دەست پێ دەکات و دەڵێت: کوردستان بندەستە. زانین و ناسینی کەسایەتی بندەست و کۆمەڵگای بندەست زۆر گرینگە و هەرکەسێک بە قووڵایی لەم بوارەدا بیر بکاتەوە دەتوانێت بنەڕەتی ئەم شۆڕشەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردوە بناسێت. هەروەها دەڵێت: ڕێبەر ئاپۆ دوای ئەوەی کە کێشەکە دەناسێت، بە شوێنی ڕێگەچارە دەگەڕێت کە بتوانێت کەسایەتی و کۆمەڵگای کورد لە بندەستی دەر بهێنێت و لەو بوارەدا دەست بە تێکۆشان دەکات و مانیفەستۆیەک دروست دەکات، کە بە ناوی "ڕێگای شۆڕشی کوردستان" دەناسرێت. لە بەر ئەوەی کە کێشەی کوردستان تایبەتە، بە هەر شێوەیەک چارەسەر نابێت و پێویستە کە ڕێگەچارەی تایبەتی بۆ بدۆزرێتەوە کە ڕێبەر ئاپۆ ئەو کارە دەکات. لە مێژووی گەلی کورد دا چەندین سەرهەڵدان ڕوویداوە بەڵام بە داخەوە هیچ یەک لەوانە نەیانتوانیوە گۆڕانکاریێکی گەورە لە ناوچەکە ساز بکەن، تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ لە ماوەی ٤٠ ساڵدا بە بەردەوام بوون توانی گۆڕانکاری زۆر و گەورە لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناویندا ساز بکات. ئەم کاریگەرییە ئیرادەی بە کەسایەتی کورد و ڕۆژهەڵاتی ناوینی داوە و ئەو باوەڕەی پێ داون کە خۆیان دەتوانن چارەنووسی خۆیان دیار بکەن و پێویست نییە کە بۆ ڕزگار بوون چاوەڕوانی دەستی دەرەکی بکەن و لە ئێستا دا پێشکەوتنەکانی شەڕڤانانی ئازادی ئەم ڕاستیە دەردەخات.
مەزڵوم هەفتەن قسەکانی بەم شێوەیە کۆتایی دێنێت: لە ئیمڕۆدا کە سیستەمی کاپیتالیسم بێهیوایی و بێباوەڕی لە ناو مرۆڤەکاندا بڵاو کردۆتەوە، ڕێبەر ئاپۆ بە هزر و فەلسەفەی خۆی هیوا و باوەڕیان پێ دەدات. بەم هۆیە ئێمەش بۆ ئەوەی کە بتوانین خزمەتێک بە مرۆڤایەتی بکەین و لە سەر ڕێگای ئازادی بەردەوام بین، پێویستە کە ناسینی خۆمان لەسەر ڕێبەر ئاپۆ زیاتر بکەین.
جارێکی تر لەدایک بوونی ڕێبەر ئاپۆ و دامەزراندنی پژاک لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و هەروەها بنەماڵەی شەهیدان، تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی، زیندانیانی سیاسی و ئەو کەسانەی کە بە بەرخۆدانی خۆیان دەیانەوێت کۆتایی بە داگیرکەری بێنن پیڕۆز دەکەم.