کۆدار: ئاواتە مرۆڤی و مافخوازەکانی پێشەوا قازی بەدی دێنین
30 ئازار, 2017٧٠ ساڵ بەسەر لە سێدارە دانی پێشەوا قازی موحەممەد، محەممەد حسەین خانی سەیفی قازی و ئەبولقاسم سەدری قازی تێپەڕی. لە ١٠ی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی هێزەکانی ڕژێمی ڕوخاوی شاهەنشای ئێران لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد، پێشەوا قازی موحەممەد و هاوڕێکانیان لەسێدارە دا.
ئارگەش کارزان، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار بە ڕێزەوە شەهیدانی کۆماری کوردستان بە بیر دێنێتەوە و دەڵێت: «کۆماری کوردستان لە مەهاباد ڕوداوێکی گرینگە لە مێژووی کورد، پێشەوا قازی و هاوڕێکانی هەوڵیان دا نمونەیەکی پێشڕۆ و دیموکراتیک بونیاد بنێن. نمونەیەک کە بە هەموو کەم و کوڕیەکانیەوە دەسکەوتێکی زێڕین و سەرچاوەیەکی تێکۆشانە بۆ هەموو گەلی کورد».
ئەم ئەندامەی دەستەی بەڕێوەبەری کۆدار لە درێژەی قسەکانی دا دەڵێت: «شەهید بوونی پێشەوا قازی و هاوڕێکانی ڕۆژێکی ڕەشە لە مێژووی کورد و سەرشۆڕیە بۆ ئەو دیکتاتۆرانەی کە داخوازە ڕەواکانی گەلی کوردیان پێ قەبووڵ ناکرێت. بە لە سێدارە دانی شەهیدانی کۆماری کوردستان، نەک هەر خەون و ئاواتەکانی ئەوان لە ناو نەچوو بەڵکو ئێستا نموونەکەی لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتۆتە دی و ئێمە وەک کۆدار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خۆمان بە درێژەدەری ڕیگای پێشەوا قازی بۆ بەدەست خستنی مافەکانی گەلی کورد دەزانین».
ئارگەش کارزان لە بەشێکی تر لە لێدوانەکەی دەڵێت: «کۆماری کوردستان و لەسێدارەدانی پێشەوا قازی و هاوڕێکانی وانەی زۆری بۆ تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد تێدایە. یەکەم ئەوەی کە بێ یەکگرتوویی هەموو چین و رێخستنە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگای کوردستان، دەسکەوتەکانمان دەمکورت و لە مەترسی لەناوچووندا دەبن. خالێ دوهەم ئەوەیە کە ستاتۆی دیموکراتیکی گەلی کورد لە بواری ڕووبەرەوە دەبێت هەمووی بەشەکان و هەرێمەکانی کوردستان بگرێتەبەر و هیچ بەشێک لە کۆمەڵگای کوردستان لە دەرەوەی ئەم بازنەیە نەهێڵدرێتەوە. لە پاڵ ئەمانەدا، تێڕوانینی هێزەکانی دەرەوە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا سەلماندی کە گەلی کورد تەنها بە پاڵپشتی گرتن لە هێزی خۆی و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان دەتوانێت دەستکەوتەکانی بپارێزێ و زلهێزە هەرێمی و جیهانیەکان بە ئاسانی دەتوانن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان گەلی کورد بێ ماف بهێڵنەوە، ئەم ڕاستیە لە ئێستاش دا جێگای هەیە».
لە دوایین گوتەکانی دا ئارگەش کارزان دەڵێت: «ستراتێژی هێڵی سێهەم کە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دا کۆدار نوێنەرایەتی دەکات، بە دەرس وەرگرتن لە بەسەرهاتی پێشەوا قازی و هاوڕێکانی و هەروەها ڕوداوەکانی تری مێژوی گەلی کورد پێک هاتوە. کۆدار بە بەرز ڕاگرتنی یادی شەهیدانی کۆماری کوردستان، خۆی پابەندی بەدی هێنانی خەونەکانی ئەوان کە بنەمای ئازادی و یەکسانی بوو دەزانێت. گەلی کورد تینوی ئازادیە و شیاوی ئەوەیە کە بە یەکگرتویی نەتەوی و هێزی جەوهەری خۆی ئەم ئازادیە بە دەست بخات، ئەمە ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی و مێژووییە».