ساڵی ٢٧١٧ی کوردی دەکەینە ساڵی بەرزکردنی ئاستی خەبات لە کوردستان و ئیران

19 ئازار, 2017

بەهار و ئازادی پەیوەندی دانەپچڕاویان لەگەڵ یەک هەیە. شادی و خۆشیەکانی هاتنی بەهار، نموونەیەک لە ویستی مرۆڤ بۆ نوێ بوون، گۆڕانکاری و وەرچەرخانە. پێچەوانەی بەهار و ئازادیش، چەقبەستوویی و نەمان و خامۆشیە. هەر بەو هۆکارەش تێکۆشان لە رێگەی ئاواکردنی (ژیانێکی ئازاد)، هاوتەریب لەگەڵ تێکۆشان دژی نەمان، چەقبەستوویی و خامۆشیە.

ساڵی ٢٧١٦ی کوردیمان تێپەڕاند. ساڵێک کە ئەگەرچی ژیانێکی ئازاد و دیموکڕاتیکی لەگەڵ خۆی نەهێنا، بەڵام لەهەموو بەشەکان هەوڵدان و خەباتی گەلی کورد و گەلانی ئیران بۆ گەیشتن بە ژیانێکی شەڕافەتمەندانە و دەستەبەرکردنی ماف و ئازادیەکانیان بێ ووچان بەردەوام بوو.

حکومەتی ئیران نەک تەنیا هەوڵی نەدا گۆڕانکاری لە زهنیەت و ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە (پرسی کورد و دیموکراتیزاسیون لە ئیران) پێک بێنێت، بەڵکوو بۆ لاوازکردنی دینامیزمی دیموکڕاتیک لە کوردستان، ئیران و ناوچەکە، لە هیچ هەنگاوێکی تەخریبکار دەستی نەپاراست.

لە ساڵێک کە تێپەڕ بوو، هەم دەستکەوتی مێژوویی و هەمیش کارەسات گەلێکی دڵتەزێنمان تەجروبە کرد. سەرکەوتنە مەزنەکانی رۆژئاوا و ئاوا کردنی (فدڕاسیونی باکوری سوریە) هەم جۆش و مۆڕاڵێکی مەزنی بەخشی و هەمیش دەستکەوتێکی هاوبەش بوو بۆ ئیمە و هێزە ئازادیخواز و دیموکڕاتیکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئیران و ناوچەکە؛ دەستکەوتێک کە بۆ بەرفراوانکردنی خەباتمان هیوابەخشە.

هاوکات لەگەڵ ئەو سەرکەوتنانە، شکستی ترۆریستەکانی داعش بە دەستی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG)، یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ)، هێزەکانی سوریەی دیموکڕاتیک و هەروەها پێشمەرگەکانی باشوری کوردستان، ئەو ڕاستییەیان بۆ هەموو خەڵکی جیهان سەلماند کە گەلی کورد و هاوپەیمانەکانی، نەک تەنیا خۆیان لەبەرامبەر هێرشی تێرۆریستەکان پاراست بەڵکوو بە خولقاندنی نەزمێکی دیموکڕاتیک، پابەندی خۆیان بە پێکهێنانی ئاسایش و ئارامی بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە و جیهان نیشان دا.

لە لایەکی ترەوە، کۆمەڵگای دیموکڕاتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) هەوڵی ئەوەیدا بەرپرسیارێتی مێژویی خۆی بۆ لەیەک نێزیک کردنەوەی لایەنە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێک بێنێت. ئەو هەوڵدانە ستراتیژیکانە بەشێکن لە هەوڵدانێکی گشتی کە لە هەر چواربەشی کوردستان بەردەوامە. لەو چوارچێوەیەدا، دەوڵەتە دژەکوردەکان و لەسەروی هەموانیش دەوڵەتی تورکیە، بە هەموو هێزی خۆیان هەوڵیاندا کە نەتەنیا پێش لە یەکڕێزی گەلی کورد بگرن، بەڵکوو شەڕی کورد بە کورد بکەن. ئەوەیکە لە شەنگال ڕوویدا نموونەیەک بوو لەو هەوڵە بێشەرمانەیە.

لە حاڵێکدا ئیمە بەرەو نەورۆز و بەهار دەڕۆین کە گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها گەلانی تری ئیرانیش، زیاتر لە هەمووکات ئازادی بۆ خۆیان بە پێویست دەزانن. هەم ڕەوشی ناوخۆیی لەئیران و هەمیش گۆڕانکاریە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەکان، حکومەتی ئیرانیان لە بەردەم دووڕێیانێک داناوە: یا دیالۆگ و دانووساندن لەگەڵ کوردان و هێزە دیموکڕاسیخوازەکان دەسپێکی بەهاری چارەسەری دیموکڕاتیک لە ئیران یانیش ئەویکە بەرەو زستانێکی دژوار و پڕ لە قەیران و چارەنووسێکی وەک سوریە. بارودۆخێک کە نیسەی ئەو لەسەر ئیران گرانی داناوە.

کۆمەڵگای دیموکڕاتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار)، ئەو مزگێنیە دەدات کە ئەوساڵ بە بەرزکردنەوە ئاستی تێکۆشان، خوێنێکی تازە دەخاتە ناو دەماری خەباتی رزگاریخوازانەی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمە هەم نیازێکی ئەم قۆناخەیە و هەمیش پێویستیەکی مێژوویە. ئیمە وەک کۆدار، خۆمان بە بەرپرسیار دەزانین کە ئاستی تێکۆشان لە رۆژهەڵات و ئیران بەرز بکەینەوە.

لەسەر ئەو بنەمایەش، هاتنی نەورۆز و دەسپێکردنی ساڵی ٢٧١٧ی کوردی، بە گەلی کورد لە هەر چواربەشی کوردستان و گەلانی ئیران و ناوچەکە پیرۆزبایی دەڵەین و بانگ لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا، لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، ئیران و هێزە ئازادیخوازەکان دەکین کە لەسەر بنەمای هەوڵدان بۆ چارەسەری دیموکڕاتیک، پەرە بە دیالۆگ، یەکڕیزی و هاوکاری نێوانیان بدەن. هەروەها بانگ لە حکومەتی ئیرانیش دەکەین بێ لەدەستدانی کات، بۆ (کرانەوەی دیموکڕاتیک) و سازکردنی بناغە سیاسی و حقوقیەکانی چارەسەری کێشەی کورد و پرسی دیموکراسی لە ئیران هەنگاو بنێت.

کۆمەڵگای دیموکڕاتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان

١٩/٠٣/٢٠١٧ی زایینی

٢٩ی ڕەشەمێ ٢٧١٦ کوردی

پێوەندی‌دار