هێزە داگیرکەرەکان دەخوازن برینەکانی هەڵەبجە دوپات بێتەوە

15 ئازار, 2017

سی و یەک ساڵ بەسەر کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە تێپەر دەبێت. لە رۆژی ١٦ی ئاداری ١٩٨٦،جەنگەندەکانی سەدام حوسێن بۆمبی کیمیاییان خستە ناو شارەکە لە ئاکام دا، پێنج هەزار شەهید و بەهەزاران کەسیش بریندار بوون. ئەو کارەساتە بەرهەمی زهنیەتێکی فاشیست و نادیموکڕاتیکی حکومەتی بەعس بوو. هەر بۆیە بە واتاترین هەلوێست لە بەرامبەر ئەو کارەساتە دەبوایە هەوڵدانێکی فرەرەهەندی بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی ئازاد و دیموکراتیک بێت. بە واتەیەکی تر هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی چارەنووسێکی بە پێچەوانەی ئەوەی کە حکومەتی بەعس بۆ گەلی کورد بەدی هێنا.

لە مێژوودا، گەلی کورد بە دەیان هەڵەبجەی بەسەر هاتووە بەڵام ئەوەی کە زۆرتر دڵگرانی کردووە هەڵوێست و کردەوەی نادیموکڕاتیانەی هەندێک لایەنی کوردی بووە. رۆژئاوا نموونەیەکی بەرچاو لە یەکرێزی و خەباتی هاوبەشی هەموو گەلی کوردستان بوو. ئەگەرچی هەندێک هێزی ئاڵقەبەگوی بێگانە دژایەتیان کرد بەڵام دیسان رێگەی خۆی دیتەوە. گەلۆ کەس هەیە خەباتی هاوبەشی گەریلا و پێشمەرگە بۆ رزگار کردنی دەیان هەزار خەلکی ئیزەدی لە دەست داعش بیربکات؟ تەنیا ئەو هێزانە دەتوانن چاوی خۆیان لە بەرامبەر بەو کارەساتە دڵتەزێنانە بگرن و ئەو فەداکاریانە نەبینن کە خۆیان بەشێک لەو سیاسەتە دژبەرانە بن.

لە کاتێکدا کە خەلی کوردستان و شەرڤانانی، لە هەموو بەرەکانی کوردستان خەباتی دامەزراندنی سیستەمی دێموکراتیک و پاراستنی ئەو دەسکەوتانە دەکەن هێزەکانی پارتی دیموکڕاتی کوردستانی ئیراق پەلاماری شەنگال و گەلی ئیزەدی دەدەن. بێ گومان ئەو هێرشانە هێچ کات ناکەوێتە خانەی بەرژەوەندی باڵای گەل. ئەو کردەوانە تەنیا دەتوانێت نەخشەکانی داگیرکەرانی کوردستان پێک بێنێت و هەڵەبجەیەکی تر بقەومێنێت.

لە کۆتایی دا وەک کۆدار کارەساتی هەڵەبجەو قوربانیانی ئەو وەبیر دێنینەوە و لەو دۆخە هەستیارەی کوردستان و ناوچەکە بانگ لە گەلی خۆمان دەکەین پێش بەو کارە نابەرپرسیارانەی ئەو هێزانە بگرن. لەسەر ئەو بڕوایەین کۆمەڵگایەک کە هەڵەبجەی بەسەر هاتووە و فیداکاری لە ئاستی لووتکە نواندووە شیاوی ژیانێکی نادێموکڕاتیک و کارەساتی لەو جۆرانە نیە. هەر بۆیە هۆشیاری نەتەوی و هەڵویستی لەجێدا دەتوانێت لەو قۆناخەدا پیلانەکانی نەیارانی کورد بن پووچەڵ کاتەوە.

 

دەستەی ڕێوەبەری کۆدار

١٥ی ئاداری ٢٠١٧ زایینی

پێوەندی‌دار