زیلان تانیا: گومانمان هەیە بەڵێنەکانی کۆماری ئیسلامی، دەسکەوتی بۆ گەلانی ئیران هەبێت

14 كانونی دووه‌م, 2017

هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵگای دیموکڕاتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان "کۆدار" لە بەرنامەی ئەم حەوتوویەی کەناڵی نەورۆز تی وی باسی دوایین گۆڕانکاریەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کرد و ڕوونی کردەوە کە ئێران ناتوانێت خۆی لە ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە دەرەوە و ناوخۆوە زەختی لێدەکەن دوور بگرێت، ئەو گۆڕانکاریانەی کە لایەنە دەرەکیەکان دەیانەوێت بیسەپێنن سەر ناکەوێت چونکە ئەوانیش چوارچێوەی دەوڵەت-نەتەوەیان دەرباز نەکردوە لە حاڵێکدا کە تەمەنی ئەم سیستەمە کۆتایی دێت کە بۆ خۆی سەرچاوەی قەیران و گەندەڵییە و دەستنیشانی کرد کە سیستەمی دەوڵەت نەتەوە دوو چین ساز دەکات کە لایەنێک دەبێت بە دەسەڵات و لایەنێک دەبێت بە ژێردەست و ململانێی نێوان ئەم دوو چینە کۆتایی نایەت و سەرچاوەی قەیرانە.

هاوسەرۆکی کۆدار هەروەها باسی ئەوەی کرد کە لە وڵاتە عەرەبیەکان بینرا کە چۆن سیستەم شکستی هێنا و یەک بە یەک دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان ڕووخان و لە ئێستاش دا هەمان کێشە بۆ تورکیاش هاتۆتە ئاراوە و لە ئەگەری ڕووخاندایە و ئێرانیش کە هاوسنووری ئەم وڵاتانەیە تووشی مەترسیەکی وەها هاتووە. ئێران لە ماوەی دواییدا توانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە مامەڵە بکات و هەندێک دەستکەوت بۆ پاراستنی ستاتۆی خۆی بەدەست بێنێ و ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە چاوێک بە ناوخۆدا بخشێنێ و بۆ درێژ کردنەوەی تەمەنی خۆی هەندێک گۆڕانکاری ناوخۆیش پێش بخات. کۆماری ئیسلامی لە تەمەنی ٣٨ ساڵەی خۆیدا هەرجۆرە زەخت و سەرکوتێکی لەسەر کۆمەڵگا سەپاند و ئێستا توشی قەیرانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و مافی مرۆڤ بووە و ئەم شەپۆلە ناخی ئێرانی گرتوە و ناچاری دەکات بەرەو گۆڕانکارییەک بڕوات. کۆماری ئیسلامی دەیەوێت کە کۆمەڵگا ناچار بکات بەرەو ئەو رۆژەڤانەی کە خۆی دیاری کردوە بچێت و هیوایەک ساز بکات کە دەوڵەتیش پێویستی و داخوازیەکانی کۆمەڵگا دەبینێ و بۆ چارەسەری قەیرانەکان ئامادەیە پیلان و پرۆژە پێش بخات.

ئەو پرۆژانەی کە ئێران بۆ پێدانی مافی کۆمەڵگا باسی لێ دەکات تازە نیە و گومانمان هەیە کە دەسکەوتێکی بۆ کۆمەڵگا هەبێت چونکە ئەو بابەتانەی کە کۆماری ئیسلامی باسیان لێ دەکات لە دەستوری بنەڕەتی ئێرانیش دا هەیە بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و ئەمە بووە بە باوێکی پرۆپاگەندایی و بانگەشە لە ناو سیستەمی ئێران دا کە کاتێک وڵات بەرەو گۆڕانکاری یان هەڵبژاردن دەچێت کۆمەڵێک باسی ناو کۆمەڵگا وەک پرۆگرامێک دێنن پێشکەشی دەکەن و دەنگی ناڕەزایەتیەکانی ناو کۆمەڵگا نەرم دەکەن و ئەمەی وەک فێڵکاریەکی سیاسی پەیڕەو دەکەن.

"زیلان تانیا" ئەوەشی خستە بەر باس کە حەسەن ڕۆحانی لە سەرەتای هاتنەسەرکاری باسی مافی ژن و کەمینە نەتەوەکانی دەکرد و بەڵێنی ئاڵوگۆڕی دەدا بەڵام لە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ لە کاری دەوڵەتی ڕۆحانی نەک تەنیا پێشکەوتن ساز نەبوو بەڵکو پاشدا چوونێکی بەرچاویش لە هەموو بوارەکاندا دەبینرێت. لێرەدا کۆمەڵگای ئێرانی و گەلان خراونەتە پشت گوێ و ویست و داخوازیەکانیان بەرچاو نەگیراوە و ئەمە لە حاڵێکدایە کە هەرکام لە گەلانی ناوخۆی ئێران خاوەنی چارەسەری و ئاڵترناتیڤن و پێشەنگ و ڕێخستنیان هەیە.

لە وڵامی پرسیارێک سەبارەت بە مردنی ڕەفسەنجانی و ناکۆکی نێوان لاریجانی و ڕۆحانی کە بووە هۆی کاردانەوە لە لایەن خامنەییەوە هاوسەرۆکی کۆدار وەڵامی دایەوە: هێشووی دەسەڵات لەگەڵ خۆی ناکۆکی و قەیران دێنێ و ناڕەزایەتی لە بەرانبەر ویلایەتی فەقیه زۆرن کە کۆماری ئیسلامی کردویە بە تابۆ و دەیەوێت لە لایەن کۆمەڵگاوە تەقدیس بکرێت، لە ناوخۆی کۆماری ئیسلامی دا کەسایەتە دەسەڵاتدارەکان خاوەنی قسە و بۆچونی جیاوازن و لەگەڵ یەکتر کێشەیان هەیە. مردنی هاشمی ڕەفسەنجانی دەبێتە هۆی لاواز بوونی ڕێفۆرم خوازان لە بەرانبەر بناژۆ خوازان و قەیرانی ناخۆی مەقاماتی ئێرانی قووڵتر دەکات و ڕەنگە لە کورتخایەن دا بیشارنەوە بەڵام لە درێژخایەندا خۆی نیشان دەدات. ئەمە شەڕی دەسەڵاتە و ناتوانین بڵێین ئەم ناکۆکیانە لە بەرژەوەندی کۆمەڵگایە و کاربەدەستانی ئێران بەردەوام دەبن لە سەر سەقامگیر کردنی دەسەڵات و هەوڵ دەدەن کۆمەڵگا پەراوێز بخەن.

پێوەندی‌دار