ساڵی ٢٠١٧ دەکەینە ساڵی پێشخستنی تێکۆشانی هاوبەش لە کوردستان و سەرانسەری ئێران
3 كانونی دووهم, 2017لە ساڵی ٢٠١٦، کۆمەڵگای کوردستان و ئێران گۆڕانکاری گرنگی بەخۆیەوە بینی. هەرچەندە گۆڕانێک کە لە بەرژەوەندی ماف و ئازادیەکانی خەڵکی ئێران و بەتایبەت گەلانی ئێران بێت؛ لە لۆژیک و زیهنیەتی دەسەڵاتدا ڕووی نەدا، بەڵام هێزە گۆڕانخوازەکان لە جیۆگرافیای ئێران، بە شێوازی جیاواز لەهەوڵ و کۆششی گۆڕینی ڕەوشەکەدا بوون. سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتی ڕۆحانی چەند بەڵێنی سنورداری تایبەت بە پێکهێنانی مافی گەلانی ئێران دابوو، بەڵام بەکردەوە نەیتوانی زۆرێک لە بەرنامە کەموکورتەکانی خۆی پێش بخات. کارنامەی ڕۆحانی بەتایبەت لە حەوزەی سیاسەتی ناوخۆیی و پەیوەند بە کێشەی مافی هاوڵاتی بوون، دەرخەری ئەم ڕاستیەیە کە تەنانەت ئەگەر بانگەشەیەکی سنورداریش بۆ کەمترین گۆڕانکاری لە ئێراندا هەبێت، ئەو هێزانەی کە پێکهاتەی دەسەڵاتی ئێرانیان بەدەستەوە گرتووە، مۆڵەت نادەن کە گۆڕانکاریەک لە بەرژەوەندەی خەڵکی ئێران بێتە ئاراوە. ئەم ڕەوشە بە باشی ئەوە نیشان دەدات کە مەرجی بنەڕەتی هەر ئاڵوگۆڕێک لە ئێران، نەک تەنها گۆڕینی دەوڵەتەکان، بەڵکو گۆڕانکاریەکی زیهنیەتی لەتەواوی دەسەڵاتدایە. بێگومان هیچ گۆڕانێک خۆ بەخۆ ڕوونادات و بەبێ بەرخۆدان و گوشاری کاریگەر، بەردەوام و هەمەلایەنەی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاو هێزە دیموکراتیکەکان، پێک نایەت. لەم چوارچێوەیەدا، ئەگەرچی ڕەوەندی بەرخۆدانێکی بەشکۆ لە ئێراندا هەبوو، بەڵام ئەم بەرخۆدانانە بەهۆی پارچە بوون، ڕێک نەخراو و نەبوونی هاوکاری هێزە ئازادیخوازەکان، نەبووە هۆی گۆڕانکاری ڕیشەیی.
ڕێککەوتنی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوایی لەسەر بەرنامەی ئەتۆمی ئێران، هەرچەندە لەئاستی نێونەتەوەییدا زۆرێک لە ڕێگریەکانی بەردەمی ئێرانی هەڵگرت، بەڵام لەبەر ئەوەی نەبووە هۆی لابردنی بەربەستەکانی دیموکراتیزاسیۆن لەناوخۆی ئێران و دەسەڵات هەوڵی نەدا کە داخوازیەکانی گەلانی ئێران بە ڕەسمی بناسێت و بەمەبەستی چارەسەری بنەڕەتی کێشەکان، لەگەڵ نوێنەرانی ڕاستەقینەی کۆمەڵگا گفتوگۆی نەکرد، پێشکەوتنێکی جێگیر نەهاتە ئاراوە. نەرمی نواندن لە دەرەوەو مشتی ئاسنین لە ناوخۆ، تەنانەت ئەگەر دەستکەوتیشی بۆ دەسەڵات هەبووبێت، دەستکەوتێکی لاواز، ناجێگیر و کاتی بووە. دەسەڵاتە سەربازیەکان و بازنە جیاوازەکانی دەسەڵات لە ئێراندا، تەنانەت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان بووە بەربەستێک لەبەردەم باشتر بوونی گوزەران و ڕەوشی ئابوری خەڵک و کۆمەڵگا. دیاردەکانی وەکو "خەوتن لە گۆڕدا" و "کۆڵبەری" لەگەڵ هەموو ئاماژەکانی تری هەژاری ئابوری، ئەو ڕاستیانەن کە دۆخی خراپ و بێ ئیرادەیی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتیەکانی کۆمەڵگا ڕوون دەکاتەوە. لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا گەندەڵیە زۆرەکانی باندەکانی دەسەڵات، قاچاخچێتی لەلایەن هێزەکانی حکومەت و دابینکردنی تێچووی دەستێوەردانە سەربازیەکان لە ناوچەکەدا، هەموو ئەمانە دەرخەری ئەو ڕاستیەن کە بابەتەکە تەنها ناکارایی سیاسەت و شێوازی ئابوری ئێستا نیە؛ بەڵکو باش بوونی دۆخی گوزەرانی خەڵکی ئێران، بەهیچ شێوەیەک ئەولەویەتی دەسەڵاتی نادیار و ئالودە بە فەسادی ئێستای ئێران نیە. مەرجی بنەڕەتی هەرجۆرە گۆڕانکاریەکی ئابووری، پەرەسەندنی دیموکراسی، نەهێشتنی جیاکاری و چاودێری و لێپرسینەوە لە هەموو کۆڵەکەکانی دەسەڵات لە ئێراندایە.
لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، لەساڵی ڕابردوودا میکانیزمەکانی سەرکوت و گوشار هەروا چالاک بوون و بەتایبەت لە کوردستان، سوپای پاسداران و هێزەکانی ئیتلاعات، زیاد کردنی پایەگای سەربازی، سیخوڕێتی، مانۆڕی سەربازی و هەروەها ئۆپەراسیۆن لەدژی هێزەکانی گەریلا زۆرتر لە جاران ناوچەکەیان میلیتاریزە کردبوو. ئەمە بە ڕوونی ئەو بابەتە دەردەخات ئەو هێزەی لێهاتوویی و ژیری چارەسەری دیموکراتیکی کێشەی کوردی نیە و تەنها لەڕێگای ترس و تۆقاندن، بەکارهێنانی هێزی سەربازی، بانگەشەو چەواشەکاری دەیهەوێ چارەسەری دوابخات، دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی ئێرانە. لەم پەیوەیندیەدا یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (YRK) هەرچەندە ویستی پەرەسەندنی پێکدادانەکانی نەبووە بەڵام لەهەر شوێنیک هێرشی کرابێتە سەر مافی پاراستنی ڕەوای بەکار هێناوەو لە درێژەشدا، بەهەمان شێوە ئەم مافە بۆخۆی دەپارێزێ و بەڕەوای دەزانێت.
لەساڵی ڕابردوودا، خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەهەموو مەیدانەکانی سیاسی، مەدەنی، ژنان، ژینگەیی، کرێکاری و زانکۆ، درێژەیان بە بە بەرخۆدان و تێکۆشانی خۆیان دا. لەگەڵ ئەم بەرخۆدانەدا، گەلی کورد لە ساڵی ڕابردوودا بە شێوەی جیاواز پشتیوانیان لە خەباتی ئازادیخوازانەی گەلەکەمان لە بەشەکانی تری کوردستان کرد. ئەو کۆبوونەوەو کەمپەینانەی بۆ پشتیوانی لەباکور و هەروەها پارتی دیموکراتی گەلان (HDP) کرا، بەباشی ئەوە دەخەنە بەرچاو کە هەستیاریەکی گشتی سەبارەت بە تەڤگەری دیموکراتیکی گەلی کورد لە بەشەکانی تر، لە ئاستێکی بەرزدایە.
ئێستا ساڵی ٢٠١٧ لەکاتێکدا دەست پێدەکات کە ناوچەکەو جیهان، لە گۆڕانکاریەکی خێرادان. هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ وەک سەرۆک کۆماری ئەمریکا، دەستپێکی لەناوچوونی داعش، گۆڕانکاریەکانی سوریا، ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی باکوری سوریا لەو مژارانەن کە بێگومان کاریگەری لەسەر دۆخی ئێران دادەنێن. هەم گۆڕانکاریە هەرێمیەکان و هەم چڕبوونەوەی داخوازیە ئازادیخوازیەکانی گەلانی ئێران، پێویستی گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ئێراندا لەهەموو کات زیاتر بەرجەستە دەکاتەوە. دیارە بەبێ چارەسەرکردنی پرسی کوردو گەلانی ئێران، دەسەڵاتداری ئێران ناتوانی خۆی لەبەردەم شەپۆلی گۆڕانکاریەکان بە تێڕوانینی "هەڵهاتن لە چارەسەری" و "دورخستنەوەی قەیران لە سنورەکانی خۆی" ڕابگرێت. هیچ ئارامیەک بەبێ گۆڕانکاری هەڵسوکەوتی دەسەڵات و چارەسەری پرسی کوردو دیموکراتیزاسیۆن لە ئێران، دوور لە چاوەڕوانیە. لە قۆناغێکی ئاوادا کە گەلی کورد بە وردی چاودێری گۆڕانکاریەکان لەناوچەکەو دەستکەوتە دیموکراتیکەکانی گەلەکەمان لەبەشەکانی تری کوردستان دەکات، جگە لە ئازادی و خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک شتێکی تر پەسەند ناکات و بۆ بەدەستهێنانی ئەوەش، ئامادەیە بەرپرسیارێتی خۆی پێکبێنێ.
لەسەر ئەو بنەمایە، ئێمە وەکو کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کۆدار، لەکاتیکدا پیرۆزبایی ساڵی ٢٠١٧ زاینی ڕادەگەیەنین، بانگ لە هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و هەموو گەلانی ئێران و هێزە دیموکراتیکەکان دەکەین کە لە ساڵی نوێدا، بۆ پێشخستنی تێکۆشانی هاوبەش، زیاتر لە ڕابردوو هەوڵ بدەن و هەنگاوی پراکتیکی هەڵگرن. هاوهەڵوێستی ئەو هێزانەی کە بۆ دیموکراسی ڕادیکاڵ لە ئێران تێدەکۆشن، نەک پێویستیەکی سیاسی و شۆڕشگێڕانەیە، بەڵکو ئەرکێکی ئەخلاقیە. نەبوونی هاودەنگی ئەم هێزانە، ستەمێکی دوو هێندەیە بەرامبەر بە کۆمەڵگای کوردستان و ئێران. بێگومان تەنها لەکاتێکدا دەتوانرێ لەو بارودۆخەدا گۆڕانکاری بنەڕەتی بکرێت کە هەموو هێزە گۆڕانخوازەکان، گەلان، کەمینەکان، ژنان و لاوان، دینامیسمی تێکۆشانیان بەیەکەو گرێ بدەن و ئاستی خەباتی ئازادیخوازیان لە ئێراندا پەرە پێ بدەن.
کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (KORAD)