ڕۆژئاواو فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا بەشی -1-

31 كانونی یه‌كه‌م, 2016

هەواڵی بە فەرمی ڕاگەیاندنی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا لەکاتێکدا بڵادەبێتەوە کە ئەنجومەنی دامەزرێنەرانی ئەم فیدراسیۆنە، بەبێ ناو هێنانی "ڕۆژئاوا"، ناونیشانی ڕەسمی فیدراسیۆنەکەیان بە "فیدراسیۆنی باکوری سوریا" ڕاگەیاند. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەشێکی گەورەی ئەم ئەنجومەنە لە نوێنەرانی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا یان "کوردان" پێکهاتووە. ئەم ژمارە زۆرو بەکاریگەرە! بەئاسانی دەیتوانی ناوی ڕۆژئاوا لەم فیدراسیۆنەدا جێ بکاتەوەو یان تەنانەت ناوی ئەو ناوچەو فیدراسیۆنە بەتەواوی بکاتە ناوی ڕۆژئاوا. بەڵام ئەوەی کە بینرا، ئەنجومەنی دامەزرێنەران هەرگیز ئەوەیان نەکرد و وای بەباش زانی کە فیدراسیۆنەکە ناوی "فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکوری سوریا" بێت.

 

ڕاگەیاندنی ناوی ڕەسمی فیدراسیۆنەکە نەک تەنها بووە هەواڵی مێدیاکانی ناوچەکە، بەڵکو لە شەقامی کوردیشدا گفتوگۆی هێنایە ئاراوە. هەندێک ئەمەیان وەک دەست بەردان لە ئامانجەکانی "کوردستانی گەورە" پێناسە کردو هەندێکیش وەک هۆکاری "نانەتەوەیی بوونی پ.ی.د" لەقەڵەمیان دا. بەڵام ئەو پرسیارەی کە هەروا بێ وەڵام ماوەتەوە ئەوەیە کە بەڕاستی بۆچی کوردان سەرەڕای کاریگەریان و دەستڕۆیشتووییان لە ئەنجومەنی دامەزرێنەراندا، ناوی ڕۆژئاوایان جێگیر نەکرد؟ وە پرسیارێکی گرنگتر ئەوەیە کە ئایا چارەنوسی ڕۆژئاوا چی بەسەر دێت؟

 

وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە، لەڕاستیدا دەتوانێ تێگەیشتنێکی زیاتر لە ئامانجەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پ.ی.د) و بەگشتی تەڤگەری ئاپۆیی لەهەرچواربەشی کوردستان بێنێتە ئاراوە. لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامی پرسیارەکان چاو لە "فەلسەفەی سیاسی" تەڤگەری ئاپۆیی بکرێت.

 

عەبدوڵا ئۆجالان وەک دامەزرێنەری فەلسەفەی ئاپۆیی -کەئێستا لەهەر چواربەشی کوردستان بڵاو بۆتەوە- سەرەتا بە دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان دەستی بە تێکۆشان کرد. هەروەک لەناوەکەیەوە دیارە، ئەم پارتە بەر لەهەر شتێک پارتێکی سۆسیالیستیەو لێگەڕینی بۆ ئازادی مرۆڤی کورد لەڕێبازی پرنسیپە سۆسیالیستیەکاندا دەبینێتەوە. هەڵبەتە بیرهێنانەوەی ئەم خاڵە لێرەدا پێویستە؛ کە لە پ.ک.ک و تەڤگەری ئاپۆییدا، سۆسیالیزم هەمان ئەو سۆسیالیزمەی سەدەی بیست (سۆسیالیزمی بونیادنراو) نیە، کە سروشت و ناسنامەی ڕاستینی (ئۆرژیناڵیتە)ی خودی سۆسیالیزمە. لەڕستیدا تەڤگەری ئاپۆیی ئەمڕۆ گەورەترین بزوتنەوەی سۆسیالیستیە کە زۆرترین ڕەخنەی لەبەرەی سۆسیالیزمی بونیاد نراو و ماکسیزمی سەدەی بیستەم هەبووە. وە هەر ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کەلەنێوان شکست و جۆرەکانی تری سۆسیالیزمدا، ئەم تەڤگەرە ببێتە بزوتنەوەیەکی سەرکەوتوو فراوانی ناوچەکە.

 

لە فەلسەفەی سیاسی مارکسیزم و ئەوەی بەناوی سۆسیالیزمی بونیادنراوەوە لەسەدەی ڕابردوو پێکهات، "تێگەی ئازادی" کرایە قوربانی "یەکسانی" و ئەوەی کە بۆ خەڵک مایەوە، تەنها دیاردەو شێوە گرتنی دیکتاتۆریانە یا سەرکوتکاریەک لە سۆسیالیزمی دەوڵەتی بوو. ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بە ڕاشکاوی ئەم کەموکوڕیانەی سۆسیالیزمی بونیادنراوی لە پارێزنامەکانی بەناوی "مانیفیستۆی شارستانی دیموکراتیک" شرۆڤە کردووەو هاوکات ڕێکارە پراکتیکیەکانی دەرباز بوون لێی ڕۆشن کردۆتەوە. بەو هۆیەشەوە "تەڤگەری ئاپۆیی، تەڤگەرێکە کە ئازادی خەڵکی کورد لە ئازادی گەلانی ناوچەکەو جیهاندا دەبینێتەوە". بابەتێکە کەئەگەر بە تێگەیشتن و سیاسەتی شکست خواردووی ستالین "سۆسیالیزم لەیەک وڵات" بەراورد بکرێت، ڕاستیەکەی بەتەواوی ڕوون دەبێتەوە.

 

خاڵی بەهێزی بابەتەکە ئەوەیە کە ئەگەر کوردان وێڕای هێزو کاریگەری لە ڕۆژئاوا، هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و ئەنجومەنی دامەزرێنەران هەیانە، ئەم ناوچەیان بخستایەتە چوارچێوەی ناوی ڕۆژئاوا، درەنگ یا زوو دەبووە هۆی ئەوەی کە گیرۆدەی هەڵوێست گەلی نەتەوەپەرستی ببن کە زۆر نمونەی لەو شێوەیە لە مێژووی سەدەکانی ڕابردوودا بەتایبەت سەدەی بیستەمدا بینراون. کوردان پاڵپشت بە پرنسیپەکانی تەڤگەری ئاپۆیی، ڕێگای گەیشتن بە دیموکراسی، لە ڕەد کردنەوەی نەتەوەپەرستیدا دەبیننەوە. یانی ئەگەر کوردەکان هەوڵ بدەن بە سود وەرگرتن لە دەستڕۆیشتنیان لە ڕۆژئاوا، دیموکراسی تەنها بۆخۆیان بەدەست بێنن، لەکۆتاییدا ناچار دەبن کە مافی گەلانی ترو مەزهەبەکان ڕەد بکەنەوە. بەوپێیەی کە کوردان ڕوانگەیەکی گشتی و درێژمەودایان بۆ دیموکراتیزاسیۆنی کوردستان و ناوچەکە هەیە، بۆیە بەباشی هەست بە مەترسیەکانی داهاتووی ئەو هەڵوێستە دەکەن. دەتوانرێ بوترێت کە کورد بۆ گەیشتن بە دیموکراسیەتی ڕاستەقینە، ناچارن دیموکراسی لە ناوچەکەدا لەگەڵ ئەوانی تریش دابەش بکەن. ئەم هەڵوێستەی کورد لە ڕۆژئاوا، بە تەواوی دێتە واتای پێشگرتن لە ڕۆیشتنی ستاتۆی خۆیان بەرەو دیکتاتۆریەت و سەرکوت لە داهاتوویەکی نزیکدا.

 

لێرەدا دەبینین کە کورد لەڕۆژئاواو باکوری سوریا، هەرچەندە زۆرینەن و دەسەڵاتی کاریگەریان هەیە، بەڵام هەوڵیان دا ناوی ئەو هەرێمە دووربێت لە ناونیشان و ئاماژەی نەتەوەگەری و بۆ ئەوە تێکۆشان کە فیدراسیۆنی نوێ، نوێنەرای هەموو ئەو گەلانە بێت کەلەم جیۆگرافیایەدا دەژین.

 

پێوەندی‌دار