کۆبانی سەمبولی بەرخۆدان و یەکێتی گەلانی ئازادیخوازە
31 تشرینی یهكهم, 2016رۆژی یەکی نۆوامبر رۆژی جیهانی کۆبانی لە رێبەر ئاپۆ و هەموو شەهیدانی رێگای ئازادی و تەواوی گەلانی ئازادیخواز پیرۆز دەکەین. گەلی کورد بە پێشەنگایەتی تەڤگەری ئازادیخوازی و بە کەڵک وەرگرتن لە بیرورامانی رێبەر ئاپۆ توانیان لە شۆرشی رۆژئاوا و بەتایبەتی کۆبانی، بە بەرخۆدانی و یەکێتی هێڵی دواکەوتووی داعش تێکبشکێنن. سەرکەوتنی شۆرشی رۆژئاوای کوردستان و قارەمانێتی کۆبانی سەلماندی کە گەلی کورد نە هێڵی نەتەوەپەرەستی سەرمایەداری جیهانی قەبووڵ دەکات و نە هێڵی ستاتۆپارێزی دەوڵەت-نەتەوە. گەلی کورد بە رۆحێکی بەرخۆدێرانە و ئاشتیخوازانە نیشانیدا کە بۆ سەدەی داهاتوو بە مۆدێلی نەتەوەی دیموکراتیک خوازیاری پەرەپێدانی ئیرادەی ئازاد و دیموکراتیکە.
گەلی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بە خاوەندارێتی لە شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان و کۆبانی جارێکیتر سەلماندی رۆحی یەکێتی و بەرخۆدانی هیچ سنوورێک ناناسێت. ژنان و جەوانانی رۆژهەڵاتی کورستان توانیان بە بەشدار بوون و خاوەندارێتی کردن، رۆڵێکی کاریگەریان لە سەرکەوتنی کۆبانی و خوڵقاندنی وەها رۆژێک بێت. بێگومان ئەو هێزانەی کە پشتیوانی داعش بوون و لە سەرەتای ئەوان تورکیا، بە باشی زانیان کە گەلی کورد بە بێ هیچ جیاوازیەک لە دژی فاشیزم و نەتەوەپەرەستی رادەوەستێ و لە هەر شوێنێکی کوردستان بێت بەرنگاری تاریك بیران دەبێتەوە.
ئەمرۆکەش کە بە تێکۆشان و قارەمانێتی گەلەکەمان شۆڕشی رۆژئاوا گەیشتووەتە ئاستی لووتکە و بەرخۆدانی باکوری کوردستان لە ئاستی هەرە بەرزی خۆی دایە، پێویستە کە وەک هەر کات گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان یارمەتیدەر و پاڵپشتی شۆڕش بێت و بە خاوەندارێتی لە شۆڕشی باکور و بەشدار بوون لە تەڤگەری ئازادیخوازی رۆڵی کاریگەری خۆیان لە سەرکەوتنی ئازادی و ئیرادەی دیموکراتیک، بگێڕن.
لە کۆتاییدا دیسانەکە ئەمرۆژە بە وەبیر هێنانەوەی یادی هەموو ئەو شەهیدانەی کە بە خوێنی خۆیان رەنگی ئاشتیان لە سەر خاکی رۆژئاوا سەقامگیر کرد، بەرز رادەگرین و ئەمرۆژە کە رۆژی سەرکەوتنی ئیرادەی ئازاد و سنوورنەناسی گەلەکەمانە، لە هەموو گەلی کورد بەتایبەتی گەلی رۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆز دەکەین.
دەستەی رێوەبەری کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان- کۆدار
1/11/2016