جەنگی کۆتایی دونیا لە سوریا

28 ئه‌یلول, 2016

ڕێوار ئاودانان

یاری مەرگ و ژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا، گەیشتۆتە ئاستێکی چارەنوس ساز. ئەم جارە نەک تەنها گلادیاتۆرەکان لە مەیدانی شەڕدا کەوتوونەتە گیانی یەکتر، بەڵکووو ئیمپراتۆرەکانی جیهان و تەنانەت ئەوانەش کە دەیانویست تەنها تەماشاچی بن، کەوتوونەتە چاڵەکەوە! سوریا ئەو شوێنەیە کە ئەمڕۆ هەرکەس هەرچی لە هەگبەکەیدایە ئاشکرای دەکات تا بتوانێ خۆی بە زیندوویی لەسەر پێ ڕابگرێت. بەم هۆیەوە دەتوانین بڵێین چارەنوسی شەڕی سوریا چارەنوسی ڕۆژهەڵاتی ناوین و هەموو ئەوانەی لە دوور و نزیک دەستیان لە ئاگری شەڕەکەدایە، دیاری دەکات. ئەگەر بمانەوێ سەرەکیترین یاری چیەکانی مەیدانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوین دەستنیشان بکەین، بێ گومان ئەم حەوت ناوە ئاشنایەتیان لەگەڵ گوێەکانمان هەیە؛ کوردستان، ئەمریکا، ئێران، سعودیە، تورکیا، ڕوسیاو ناتۆ. عیراق و سوریا ناوەندی ململانێی ئەم هێزانەن. ڕۆڵی ئەم ئەکتەرانە هەر ڕۆژەو شێوەیەکی نوێ بەخۆیەوە دەبینێ. هاوسەنگیەکان بەخێرایی شێوە دەگرن و ڕەنگدانەوەشیان خێراترە. بەڵام ئەنجامی ئەم ململانێیە هەرچی بێت، سوریا نابێتەوە سوریای پێشوو؛ ڕۆژهەڵاتی ناوینیش ناتوانێ وەکو پێشوو بمێنێتەوە. پێ دەچێت هیچ کاتێک وەک ئێستا، نەخۆشی و قەیرانی سیستەمی کاپیتالیستی جیهانی بەم ئەندازەیە ئاشکرا نەبووبێت. ئەوەی کە لە عیراق و سوریا ڕوو دەدات، تەنها شەڕێکی سەربازی نیە، بەڵکووو لەبەر یەک هەڵوەشانەوەی سەدەیەکە. سەدەی بیست و تەواوی سنوورەکان، کۆمپلۆ، پلانگێڕی و هاوسەنگیەکان لە سوریادا دووچاری لەناو چوونن. جیا لەوەش، شارستانی دەوڵەتگەرای پێنج هەزار ساڵەو شێوازی ئەمڕۆی، واتا مۆدێرنێتەی کاپیتالیسم لە سەرەمەرگدایە. دەیەوێ خۆی نوێ بکاتەوە بەڵام هیچ دیار نیە تا چەندە دەتوانێت؛ پێ دەچێت هەر لێرەدا بگاتە خاڵی کۆتایی! لەبەر ئەوە دۆزینەوەی ئاڵتەرناتیڤ و ڕێکارەکانی دەرباز بوون لەو ڕەوشە، بە توندی و سەختی بەردەوامە. ئەوەی لە زەمینەی سیاسی سوریا ڕوو دەدات، مەرگی پەرگالێکی سیاسی ڕزیو و ساتی لەدایک بوونی پەرگالێکی سیاسی نوێ یە. کۆمەڵگای دەوڵەت-نەتەوە ئیتر بەبەری ڕۆژهەڵاتی ناوین تەنگ بووەو ئێستا ئەو ساتەیە کە ئەم ناوچەیە سەرەڕای گۆڕینی کۆمەڵگا، پێویستە خۆی بگۆڕێت. ڕاستیەکی تاڵ ئەوەیە کە سیستمی سەرمایەداری و بەتایبەت بەریتانیا، بە دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەی فاشیست، ڕۆژهەڵاتی ناوینی دووچاری گۆڕانکاریەکی خراپ کرد. سەد ساڵی کۆتایی، دۆزەخێکی ڕاستەقینەی گەلانی ئەم هەرێمە بوو، دین و باوەڕیەکان گەیشتنە ئاستی جینۆساید. ئەوەی ئێستا لە سوریا و عیراق ڕوو دەدات، تەسویە حسابێکی خوێناویە؛ یاریەکی ڕاستەقینەیە لەنێوان ئەوانەی بەدوای شکۆی سیاسی-کەلتوری خۆیاندا دەگەڕێن و ئەوانەی تا ئێستاش دەیانەوێ پایەکانی کۆشکی سەرمایەو دەسەڵاتی خۆیان لەسەر بڕە بڕە ماندووەکانی پشتی ڕۆژهەڵاتی ناوین لەسەر پێ ڕاگرن. ئەگەر سەیری ئێستراتێژی و تاکتیکی ئەکترەکانی شانۆی ئەم شەڕە بکەین، دەتوانین بەم شێوەیە دەستە بەندی بکەین: تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد بە پێشەنگایەتی "پ.ک.ک" نەک بە پڕۆژەیەکی کاتی و دەم کورت، بەڵکوو بە تەواوی توڕەیی و ئومێدی شاراوەی سەد ساڵی ڕابردوو کە لە ناخی کۆمەڵگای کورددا کۆبووەتەوە، چۆتە ناو گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین. کوردان بۆ تێکدانی یاریە باوەکان، بەتەواوی کەوتوونەتە مەیدان.

 

ڕێساکانی ڕابردوو ئیتر وەڵامدەر نین و ڕۆژهەڵاتی ناوین پێویستی بەخوێنێکی تازە بەناوی دیموکراسی ڕادیکاڵی کوردە. جیاوازیەکە ئەوەیە؛ کوردان کە لەهەمووان زیاتر بیرو دڵ و ڕۆحیان لەلایەن دڕندەی دەوڵەت-نەتەوەوە داگیر کراوە، ئیستا لە گۆڕانکاریەکانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هێزێکی بەکاریگەرن. ئەو شۆڕشەی کە بە کاراکتەری کۆمۆنالیست-دیموکراتیک لە ڕۆژئاوای کوردستان هاتە ئاراوە، بووە جێی ڕامانی هەموو ئازادیخوازان، سۆسیالیستەکان و تێکۆشەرانی دیموکراسی. کۆبانێ، داستانی مرۆڤی ئازادیخوازی سەدەی لەناوبردنی مرۆڤی جیهان بوو. شەڕی ڕۆژئاوا لەگەڵ داعش لە بنەمادا شەڕی نێوان بەرەی ئازادیخوازی و بەرەی کۆنەپەرستیە. تورکیای فاشیست بۆ سەرخستنی داعش هەموو هەوڵەکانی خۆی خستە گەڕ. لەکۆتاییدا کاتێ شۆڕشی ڕۆژئاوا زیاتر ڕەگی خۆی داکوتا، گورگەکان لەجۆری ( خۆڵەمێشی، سەوز و ڕەش!) زیاتر هەراسان بوون. کاتێ کە منبج لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە ئازاد کراو تورکیای فاشیست گرفتاری کارەساتی کودەتای ١٥ تەمموزی ٢٠١٦ بوو، ئەردۆغان دوایین بڕیاری خۆیدا. ئەوەی کە نەیتوانی بوو لەڕێگای داعشەوە لە باکووری سوریاو دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەنجامی بدەن، ئەمجارە ویستیان لەڕێگای دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سوپای تورکیاوە بە ئەنجامی بگەیەنن. سوپای تورکیا کە هێشتا لەناو گێژاوی ئەوەدا بوو کە لە تورکیا بەسەری هاتبوو، ڕوویان لە جەرابلوس کرد. لانی کەم سودی ئەم لەشکرکێشیە بۆ سوڵتانی تازە بە تەخت گەیشتووی عوسمانی نوێ ئەوەیە؛ ئەو سەربازانەی کە ڕقیان لە دڵدایە بەرامبەر ئەردۆغان، لەدەرەوەی سنورەکان سەرقاڵی شەڕێکیان بکات! تورکیا هەوڵ دەدات لەڕێگای داگیرکردنی ناوچەکانی باکووری سوریا، پێش بە سەرکەوتنی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە شەڕی دژی داعشدا بگرێت. تورکیا بەئاشکرا دوژمنایەتی هەموو جۆرە مۆدێلێکی دیموکراتیک دەکات کە گەلانی سوریا و بەتایبەت کوردان مافەکانی خۆیان تێدا بەدەست بێنن. هەر بۆیە بە داگیرکردنی جەرابلوس ئاگری شەڕی لە سوریا خۆش کردو گەشتریشی دەکات. لەبەر ئەوە گەلی کوردو گەلانی باکووری سوریا گەیشتن بە ستاتۆی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک لە چوارچێوەی فیدراسیۆنی دیموکراتیکی باکووری سوریا وەکو تەنها ڕێگای پاراستنی هەبوونی خۆیان و بەدەست هێنانی ئازادی خۆیان دەبینن. وەک چۆن لەبەرامبەر چەتەکانی داعش بەرخۆدانیان کرد، ناچار ڕوو بەڕووی سوپای تورکیاش دەبنەوە. ڕاستیەکە ئەوەیە کە داگیرکردنی جەرابلوس تەنها بە خواستی تورکیا پێک نەهات و ئێران- سوریا- پ د ک(پارتی دیموکراتی کوردستانی عیراق) لە چوارچێوەی سازشێکی بەرژەوەندخوازانە بوونە هاوکاری تورکیا. پەلاماردانی حەسەکە کە بە شکستێکی ئابڕوبەرانەی هێزەکانی سەر بە ڕژێمی ئەسەد و ئێران کۆتایی هات، هەنگاوی یەکەمی ئەم نەخشەیە بوو. ئامانجیان ئەوە بوو کە ڕۆژئاوای کوردستان لە مەنگەنە بدەن و شۆڕشی دیموکراتیکی ئەو بەشە لەنێوبەرن. بەڵام بەرخۆدانی بەشکۆی یەکینەکانی پاراستنی گەل "ی.پ.گ"، ئەو نەخشە داڕێژراوەی پوچەڵ کردەوە. خاڵێکی سەرنج ڕاکێشە کە دەستێوەردانی تورکیاو هاوپەیمانانی لە دژی سوریاو شەڕی پێنج ساڵە کە لەڕێگای داعش و بەرەی نوسرەو سوپای ئازادەوە بەردەوامی پێ دەدرا، بەمەبەستی لاواز کردنی هێژموونی ئێران تا نزم ترین ئاست بوو. بەم شێوەیە هاوپەیمانی تاکتیکی ئەم دواییانەی ئێران- تورکیا- سوریا بە ناوەندێتی دژە کورد ئەنجام درا، نیشاندەری ناکارامەیی سیاسی هەردوو دەوڵەتی ئێران و سوریایە. چونکە ئەگەر عاقڵانە لەو بابەتە بڕوانین، دەبینن کە تورکیا زۆرترین سود لەم داگیرکاریە دەبات و دەیەوێ لەڕێگای بەکارهێنانی ئێران و سوریا و تەنانەت مامەڵەیەکی مام ناوەند لەگەڵ ڕوسیا، بەرنامە درێژمەودا داگیرکاریەکانی لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناویندا بەشێوەیەکی تر بخاتە بواری جێ بەجێ کردنەوە. تورکیا بەشێوەیەکی قوڵ لەگەڵ سەرمایەداری جیهانی پەیوەندی هەیەو بە هەزارو یەک ڕایەڵە بە سیستمی سەرمایەداری جیهانیەوە بەستراوەتەوە. بەتایبەتی ئەوەی کە بونیادی دەوڵەت – نەتەوەی تورکیا لە چوارچێوەی پاراستنی هێژمون و ئاسایشی ئیسرائیل لە ناوچەکەدا نەخشەسازی کراوە؛ هەر لەبەر ئەوە خەیاڵێکی بێ بنەمایە کە چاوەڕوان بکرێت تورکیا ببێتە دۆستێکی ڕاستەقینەی ئێران. تەنها بەمەبەستی جێ بەجێ کردنی بەرنامەکانی دژی کوردە کە خۆی لە ئێران نزیک دەکاتەوەو دواجار ڕووی خۆی لێ وەردەگێڕێ. ئەردۆغان مامۆستای دوو ڕوویی سیاسەتەو دور نیە ئەو داعشەی کە لە سوریا شکستی خوارد ئەمجارە بەرەو ئێران ئاراستەی بکات. بەتایبەت ئێستا کە دەوڵەتە عەرەبیەکانی ناوچەکە لەبەرامبەر ئێراندا سەنگەرەکانیان قایم دەکەن و چاوەڕوانی هەلێکن.

 

شان بەشانی ئەو شەڕەی کە لە باکووری کوردستان و تورکیا لە دژی گەلی کورد لە ئارادایە، هەوڵ دەدرێت هەموو ئەو هێزانەی کە بە کێشەی کوردەوە سەرقاڵن، بخرێنە خزمەتی سیاسەتەکانی تورکیاوە. بۆیە ئەو گورزەی کە بونیادی سیستەمی تورکیاو سوپاکەی لە کودەتاکەی دواییدا خواردی، تورکیای فەلەج کردووە. فاشیزمی تورکیا کە لە داگیرکردنی شارەوانیە ئازادەکانی گەلی باکووری کوردستاندا ڕووی خۆی ئاشکرا دەکات، زۆرتر پێویستی بە بەهێز کردنی هەستە. ئەردۆغان دەیەوێ لە ڕاستای ڕەشکردنی تەڤگەری ئازادیخوازی گەلی کورد، پلانگێڕی دژی شۆڕشی ڕۆژئاوا ئەرکی زیاتر بە بارزانی بسپێرێت و بەشێک لەو بارە گرانەی ئەم قۆناغە بە کۆڵی "پ.د.ک"دا بدات. ئەمە ئەزموونێکی ئێمەی کوردە: کوردی بەکرێ گیراو هەمیشە لەکاتێکدا کە دوژمنان ماندوو و لەرزۆک دەبن، لەهەمبەر ناسنامەی کوردی ئازاد دەردەکەون و دەکەونە جوڵە. لەلایەکی ترەوە، ئەردۆغان بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوزی ئەمریکاو ترافیکی دیپلۆماتی لەگەڵ ئێران و سوریا، دەیەوێ هاوکێشەی کاریگەریە وێرانکاریەکانی شەڕی ناوخۆو کودەتا ڕاست کاتەوە. مۆڵەتیان بە تورکیا دا تا بە داگیرکردنی باکووری سوریا ئەم پەیامە بە کوردان و گەلانی ئازادیخواز بدەن؛ تورکیای دڕندە بەسەرتانەوە دەفڕێت، لەبەر ئەوە هۆشیار بن و زیاتر لەوە پێشڕەوی نەکەن! هۆی ئەوەی کە ئەمریکا مۆڵەتی بە داگیرکەری تورکیادا ئەوە بوو کە لە دوای ئەو کودەتایەی کە تورکیای ئاڵۆز کرد، تورکیا زیاتر لە جاران لەبەرامبەر ئەمریکادا یاخی بوو. تورکیا بە پەیوەندی لەگەڵ ڕوسیاو ئێران، ڕق و توڕەیی لە بەرامبەر هاوکارانی کودەتاکە دەربڕی. ئاشکرایە کە ئەمریکاو CIA تۆمەتباری یەکەمی ئەم بابەتە بوون و دەیانەوێ دیسانەوە تورکیا بێننەوە سەر ڕێ. جا ئەگەر لەڕێی کودەتاوە نەکرا، ئەوا ئیمتیازی پێ دەدەن! بەڵام بۆچی تورکیایەک کە بەتەواوی پیوانەکانی شەڕێکی ناوخۆیی ئەستۆی گرتووە و هێزەکانی پاراستنی گەل " ه.پ.گ" ڕۆژانە گورزی کوشندە لە پەیکەری سوپاو دەوڵەت دەدەن، ئەو هەموو هەوڵە دەدات کە شەڕ بباتە ڕۆژئاواو سوریا؟ ئاشکرایە کە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان و شۆڕشی کۆمۆناڵ- دیموکراتیکی گەلی کورد بووەتە جێگای ئومیدی هەموو گەلانی ناوچەکە. لەبەر ئەوە لە سەروبەندی جەنگی جیهانی سێهەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، جیهانبینی ڕێبەر ئاپۆو مۆدێلی بەرهەم هاتووی سیاسی – سەربازی ئەم جیهان بینیە، سەرکەوتووانە لە ئەزموونەکان دەرچووە. بونیادنانی نەتەوەی دیموکراتیک وەک ئاڵتەرناتیڤێکی بەنرخ لەبەرامبەر مۆدێلی ڕزیو و وێرانکەری دەوڵەت – نەتەوە، بووەتە ڕێگا چارەی ئازادی گەلانی ستەمدیدە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناویندا. لەم ڕووەوە، هێزە کۆنەپەرست و بێچارەکانی ناوچەکە لە هەوڵی ئەوەدان کە بە ڕێگری کردن لە بە ڕەسمیەت ناسینی ستاتۆی گەلی کورد و سەرکەوتنی دۆمینۆ ئاسای مۆدێلی دیموکراتیکی ڕۆژئاوا لە هەرێمەکەدا، پێش بە شەپۆلی دیموکراسیخوازی گەلان بگرن و دەوڵەتە دواکەوتوو فاشیستیەکانیان بۆ ماوەیەکی تر لەسەر پێ ڕابگرن. ئەوەی لە سوریا دووچاری شکست بوو تەنها داعش نەبوو، بەڵکوو تەواوی سیاسەتی داگیرکاری دەوڵەتە دژە کوردەکانی ناوچەکەش کەوتنە ململانێی یەکتری. کەواتە مادام داعش لە شەڕی شۆڕشی کوردان بێچارە بوو، تێک چوو، ئێستا نۆرەی ئەو هێزانە هاتووە کە پارێزەری داعش بوون؛ ڕاستەوخۆ بێنە مەیدان و بکەونە ناو شەڕەکەوە. دیارە کە تورکیا دەیەوێ ئاراستەی کەشتی شەڕی کوردان بەرەو باب و ڕەقە بۆ خاڵەکانی تری سوریا بگۆڕێت تا بتوانێ پایتەختی داعش لە هێڵی لەناوچوون بپارێزێت. دیزاینی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوین، پڕۆژەی ستراتیژیکی ئەو هێزانەیە کە دەستێوەردانیان کردووە، بەڵام هێزە هەرێمیەکان دەیانەوێ ئەم دیزاینە لە گۆڕ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بێت. گوشارەکانی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاو ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆ سەر ڕوسیا زۆر و زۆرتر دەبێت، بۆیە ڕوسیا ناچارە کە لە شەڕی سوریادا بە هەموو توانای خۆیەوە ئامادە بێت. ئەگەرچی تورکیا لە دوای ڕووداوی خستنە خوارەوەی فڕۆکەکە دەیەوێ زیاتر دڵی ڕوسیا بەدەست بێنێتەوەو بابەتی کودەتای ١٥ تەمموزیش باشترین بەهانەی ئەمەیە، بەڵام ئەردۆغان ناتوانێ هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتەکانی پۆتین ڕێ بکات. چونکە ناتۆ وەکوو سەنگری پێشەوە لە تورکیا دەڕوانێت، تورکیا ئەو شوێنەیە کە ناتۆ دەیەوێ بەرنامەکانی تەنگاو کردنی ڕوسیای تێدا بەڕێوە بەرێت. لەلایەکی ترەوە ئەگەر بابەتی بەرجام و سازشی ئێران بۆ وڵاتانی ٥+١ قوڵترو تۆکمەتر بێت و پلانی ئەمریکا بۆ لێکدانی ئێران لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری جیهانی بە قبوڵ کردنی زیاتری دەوڵەتی ڕۆحانی بێتە ئاراوە، ئەوکاتە بازنەی گەمارۆکانی ڕوسیا تەواو دەبێت. لە هەمان کاتدا هەوڵەکانی ڕوسیا بۆ ئەوەی ئێران بکاتە سەربازگەیەکی خۆی، پەرچەکردارێکی هێرشبەرانەیەو واتای خۆی هەیە. بەجێ بوونی کەشتیە جەنگیەکانی ڕوس لە دەریای خەزەر و ئامادەکردنی سەکۆی مووشەکی ڕوسیا لە فڕۆکەخانەی (نوژە)ی هەمەدان ئەوەمان پێ دەڵێت کە ڕوسیا ئامادە نیە هەروا بە ئاسانی ڕۆژهەڵاتی ناوین تەسلیم بە ئەمریکا بکات. بۆیە بە سادەیی دەتوانین بڵێین: تادێت ئاگری جەنگی جیهانی سێهەم لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بڵێسەدارتر دەبێت، بەڵام ئەوەی ئازادی و دیموکراتی لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەستنیشان دەکات، تەنها خواست و ئیرادەی خودی کۆمەڵگاکانی ئەم هەرێمەیە. لە ناو دڵی شەڕ و کائوسی ئێستادا، دەتوانرێ ڕۆژهەڵاتێکی ناوینی دیموکراتیک و ئازاد بونیاد بنرێت. شەڕی کۆتایی دونیا (ئارماگدۆن) لە ئێستادا لەشوێنێک بەناوی سوریا لە ئارادایە. لەگەڵ هەموو وێرانکاریەکانی ئەم شەڕەدا، هەلی ئافراندنی جیهانێکی نوێش هەیە. جیهانیکی نوێی دیموکراسی گەلان لەبەرامبەر جیهانی هەڵوەشاوەی دەوڵەت – نەتەوە. ئەمە هەمان ئەو ئامانجەیە کە ڕۆژئاواو تەواوی کوردستان لەبەرامبەر داگیرکەری، پلانگێڕی و پەلامارە دڕندانەکان خۆڕاگر و ئومێدەوار دەیپارێزێت.

 

وەرگێڕانی لە فارسیەوە/ ڕێناس ڕامان

سەرچاوە/ ژمارە ٥٩ ی گۆڤاری ئاڵتەرناتیڤ

پێوەندی‌دار