
هێرش بۆ سەر ڕۆژنامەنووسی ئازاد، هێرشە بۆ سەر ئیرادە و فکری ئازاد
16 ئاب, 2016
لە کاتێداکە گەلی کوردستان ڕۆژ بە ڕۆژ و سات بە سات لە ساحەی رۆژهەڵاتی ناوین و مەیدانەکانی جیهان بە لێهاتوویی و بەرخۆدانی رۆڵەکانی خۆی دەستکەوتی مەزن قازانج دەکات و کیان و سەرزەمینی کورد لەدەست چەتەکانی داعش و هاوبیرانیان خاوێن دەکاتەوە، مەخابن لە هەمان کاتدا تووشی هێرش و دەسترێژی هێزە تاریک و بەرکرێگیراوەکان دەبێت. لە ساڵانی ڕابردوو بەردەوام مێدیای کوردی و پەیامنێرانی ئەوان وێڕای ئاستەنگی و کۆسپ و تەگەرەی زۆر، هەوڵیان داوە باس و ڕووداوەکانی کوردستان و گەلەکەی ئەو جۆرەی کە هەیە بخاتە ڕای گشتی و دەرفەت نەدات ڕاستیەکان پەردەپۆش بکرێت. هەر بۆیە دوور لە پێشبینی نیە کە دەرخستنی ڕاستیەکان و گواستنەوەی ئەو زوڵم و زۆریەی کە لە گەلی کوردستان دەکرێت زۆر بە مەزاقی لایەنە هەڵپەرەست و کەسە دەسەڵاتخوازەکان نیە. ئەوە بۆتە هۆکار کە لەم ساڵانەی دووایی هێرش بۆ سەر کەسانی خاوەن بیری ئازاد و رۆژنامەنووسانی کۆڵنەدەر و ئازا لە لایەن هێزە پاشڤەرووکان زێدە ببێت کە ئەنجامی ئەو، شەهید بوونی زەردەشت عوسمان، سورانی مامەحەمە، کاوە گەرمیانی و دەیان رۆژنامەنووسی ئازاد لە باشوری کوردستان بێت.
بە داخەوە لەم دوواییانەدا و لە دەهۆک پەیامنێری ناوەندنی ڕاگەیاندنی 'رۆژنیوز' (ویداد حەسەن) بە دەستی هێزەشاراوەکان شەهید کرا ئەوە لە کاتێک دابوو کە ئەم رۆژنامەنووسی وەک ئەرکی هەر مرۆڤێکی خاوەن ویژدان و ساحێب ڕامان مەشخولی گواستنەوەی نووچە و هەوالەکان لە چوارچێوەی یاساکانی ڕاگەیاندن بوو. دیارە ئامانج لەم تیرۆر و قەتل و کوشتارە، چاوترسێن کردنی ڕاگەیاندنی ئازاد و کپکردنی دەنگی مرۆڤە شۆرشگێرەکانە.
هەر بۆیە وەک "کۆمیتەی ڕاگەیاندنی کۆدار" (کۆمەڵگای دیموکڕاتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان) ئەم تیرور و کوشتارە بە توندی شەرمەزار دەکەین و لەسەر ئەو باوەڕەین کە زهنیەتی بکەرانی ئەم جەنایەتە هەمان ئەم زهنیەتەن کە زەردەشت و سۆران و کاوەکانیان سەلاخی کرد بەڵام هیچکات نەیانتوانی دەنگی ئازادی گەلەکەمان بگرن. لە گەڵ ئەوەش هاوخەمی و سەرساخی بۆ بنەماڵەی شەهید 'ویداد حەسەن'، ستاڤی 'رۆژ نیوز' و سەرجەم رۆژنامەنووسان و گەلی کورد دەخوازین و سۆز دەدەین گەلەکەمان بکەرانی ئەم جەنایەتانە لە مەحکەمەی مێژوو، دادگایی دەکات چونکە هێرش بۆ سەر ڕاگەیاندن و چاپەمەنی ئازاد و ڕۆنامەنووسی هێرشە بۆ سەر ئیرادە و فکر و ڕامانی ئازاد.
16.8.2016
کۆمیتەی ڕاگەیاندنی کۆدار