جێژنی پیرۆزی ڕەمەزان لە سەرجەم دینداران بە تایبەت لە دونیای ئیسلام وهەمو موسوڵمانەکان لە کوردستان پیرۆزبایی دەکەین

5 ته‌مموز, 2016
بۆ ڕای گشتی:
          سەرەتا جێژنی پیرۆزی ڕەمەزان لە سەرجەم دینداران بە تایبەت لە دونیای ئیسلام وهەمو موسوڵمانەکان لە کوردستان پیرۆزبایی دەکەین.هیوادارین تاعات و عیباداتی هەمو موسوڵمانان لەو مانگە دا پەسەندی رێگای حەق بێت.
          ئەمڕۆ لە کاتێک دا جەژنی ڕەمەزان پیرۆز دەکرێت کە لە زۆربەی بەشە کانی جیهان و بە تایبەت لە هەرێمی رۆژهەڵاتی ناوین ، هەروەها لە هەموو بەشەکانی کوردستان شەڕێکی دژوار لە ئارادایە و رۆژانە هەواڵی گیان لە دەست دانی بە سەدان مرۆڤ لە مێدیاکانی جیهان بڵاو دەبێتەوە . دەسەڵاتداران ، زاڵمان و دەست و پێوەندەکانیان لە پێناو بەرژەوەندی بەر تەسکی خۆیان و خەیاڵی هێژمۆن گەرایی وگەیشتن بەئامانجە چەپەڵەکانیان هیچ نرخێکی مرۆڤایەتی نەماوە کە پێشێلی نەکەن و هیچ ئامرازێک نەماوە بە کاری نەهێنن و هیچ شوێنێک لە جۆگرافیای دونیا نەماوە کە دەستدرێژییان پێ نەکرابێت و هەوڵی بەردەوام کردنی دەست¬درێژی بۆ نەدەن.
          بە داخەوە ئەمڕۆ زاڵمان و حاکمانی دەسەڵاتدار ، هەر وەک لە رابردوو دا بە جاران کردوویانە ، ئەم جارەش دەیانهەوێ بە بە کار هێنانی خاڵە پیرۆزەکانی گەلان تۆی فیتنە و دوژمنایەتی لە نێوان کۆمەڵگاکان و پەیڕەوانی ئایین و ئایینزاکان بڵاو بکەنەوە . وەک لەو قۆناخەی دوایی بینیمان ، داگیرکەران هەوڵیان دا بە ساز کردنی لایەن گەلی بە لاڕێ دا چوو ، وەکوو چەتەکانی داعش ، ئاشتەوایی و پێکەوە ژیانی گەلان تێک بشکێنن و بەم چەشنە پەرە بە فەرمان رەوایی خۆیان بدەن و رەوایەتی بەبە ردەوامی دەسەڵاتی ناڕەوای خۆیان ببەخشن . لە روانگەی ئەوانەوە ، موسوڵمان و دیندار ئەو کەسانەن کە تەسلیمی ویست و خواستی دەسەڵاتداران ببنەوە . ئەوانەی کە لە دەرەوەی ئەو ویست و خواستە دەمێننەوە ، بە کافر ناوزەد دەکرین ، قەتڵیان حەڵاڵ دەکرێت و دەستدرێژی بۆ سەر نامووس و ماڵیان رەوایەتی پێ دەدرێت . ئەمە لە حالێک دایە کە یەک لە بنەماییترین هۆکاری دەرکەوتنی پێغەمبەران ، دین و باوەڕیەکان ، بە تایبەت ئایینی پیرۆزی ئیسلام ، تێکۆشانە لە بەرامبەر زۆڵم و زۆر ، دەسەڵاتداری و بێ عەداڵەتی . لەم پێناوە دا بانگ لە سەرجەم پەیڕەوانی هەموو ئایینەکان دەکەین کە بە خاوەنداریەتی راست لە هەموو بنەما راستەقینەکانی دین و باوەرییەکان ، رێگا نەدەن کە دەسەڵاتداران ، زاڵمان ، حاکمان و داگیرکەران چەواشەکاری لە دین دا بکەن و بۆ بەرژەوەندی و ئامانجە چەپەڵەکانی خۆیان بەکاری بێنن .
          هاوکات بانگ لە هەموو باوەڕمەندانی ئایینی و بە تایبەت کوردە موسوڵمانەکان دەکەین ، کە لەبەرامبەر ئەم جەور و ستەمەی ئەمڕۆ داگیرکەرانی کوردستان ، بە دڕندانەترین شێوە بە سەر گەلەکەمانی دا دەسەپێنن ، تێکۆشان بکەن و لە سەرجەم گۆڕەپانەکانی تێکۆشان دا لە ریزی پێشەنگی دا جێ بگرن . نابێ لە بیر بکەین کە عەبادەتی هەرە راست ، تێکۆشانە لە بەرامبەر دەستدریژی و بێ عەداڵەتی و داگیرکەری . لێرە دا جێگای هەیە بانگ لە زانایان و مامۆستایانی ئایینی بکرێت کە لەم هەل و مەرجە هەستیارە دا ، رۆڵی پێشەنگایەتی و رۆشنگەری لە نێو گەل و کۆمەڵگا دا بە باشی بگیڕن . 
لە کۆتایی دا جارێکیتر جێژنی رەمەزان لە هەموو موسوڵمانان و گەلی کورد بە تایبەت گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆزبایی دەکەین .
 
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەرێوەبەری کۆمەڵگای دێمۆکراتیک و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان ، " کۆدار"
١٣٩٥/٤/١٦
٤/٧/٢٠١٦
پێوەندی‌دار