کلیلێک بۆ قوفڵی داخراوی پرسە ناوخۆییەکانی ئێران، بەرجامی دوو!
10 حوزهیران, 2016رێوار ئاودانان
وەرگێران لە فارسیەوە : هێژا بێریڤان
ئاشکرایە کە ئەمڕۆ لەهەموو کات زیاتر ڕێگا دیموکراتیکەکان، کلیلی چارەسەری قەیرانە جیهانیەکانن. بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین کە ئاگری شەڕ بەرۆکی گرتووە؛ ئەوە راستیەکی حاشا هەڵنەگرە.
زۆربەی وڵاتەکان وەک تورکیای ئەردۆغانی، عێراقی کاتی بەعس و سوریا، بە قوربانی کردنی دیموکراسی، قەیران لە سیاسەتی دەرەکی و شەڕی ناوخۆییان هەڵبژاردووە. ئەنجامی ئەو هەڵبژاردنە نابیرمەندانەیە دەتوانرێ لە شەقامە ئاڵۆزەکانی شارەکانیاندا ببینرێت. بە پێچەوانەی ئەوان، ئێران بە پرۆژەی بەرجام، لە سیاسەتی دەرەکی خۆی رێگایەکی جیاوازی گرتەبەر. بەڵام ئەو رێگا نوێە تا ئێستا لە سیاسەتی ناوخۆیی ئێران ڕەنگدانەوەی نەبووە.
ناکۆکی لە نێوان باسکەکانی دەسەڵات و شەڕێکی گەورە کە لە بواری فکری-سیاسی لە هەموو پەیکەری کۆماری ئیسلامیدا لە ئارادایە، لەسەر ئەو پرسەیە: ئایا خۆمان گۆرانکاری دەست پێبکەین یا بۆ گۆڕانکاریە سەپێندراوەکان ئامادە بین؟!
هەر ئەم پرسیارە ستراتیژیکە، زیهنیەتی سیاسی سیستەمی بۆ دوو جەمسەر دابەش کردووەو وەک دوو جەریانی جیاواز لەبەرامبەر یەک ڕایگرتووە.
بەرجامی دووی روحانی ئەگەر لەسەر بنەمای تێپەڕاندنی ئەتمۆسفێری ئەمنی رۆژی ئەمڕۆ و سنووردار کردنی هێزە خۆسەرکان – کە لە بنەڕەتدا، ئابوری، سیاسەت و کۆمەڵگای مەدەنی لە ژێر کۆنترۆڵیان دایە – بێت، ڕواڵەتێکی نوێ بە ئێران دەدات. بەڵام ئەگەر تەنیا بۆ پرۆپاگەندا و کورت مەودا بێت، خەسارێکی زۆر تووشی سیستەمی ئێران دەکات. بۆیە بێ بەرجام (بەرنامەی چالاکی گشتی هاوبەش) لە سیاسەتی ناوخۆیی، دەوڵەتی روحانی تەنیا یەک کابینەی دیپلۆمات و تازیاری دەر بۆ هێزە جیهانیەکان دەبێت و ناتوانێت کۆمەڵگای ئێران کە خوازیاری گۆڕانکارین، زیاتر لەوە لە چاوەڕوانیدا بهێڵێتەوە.
بەرجامی ناوەکی بووە هۆی ئەوەی کە دەوڵەتی ڕۆحانی ببێتە کەرەستەی جێ باوەڕی سیستم، بەڵام ئەوەیکە چارەنووسی رێفۆرم خوازی، گەل سالاری و ئێعتدال گەرایی لە ئێراندا دیار دەکات، بەرجامی دووە. تێپەڕاندنی پرسەکانی سەردەمی ئەحمەدی نژاد باشە، بەڵام بۆ چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی ئێران بەس نیە. بە تایبەتی پرسێکی گەورەی وەک پرسی کورد و پرسی تایبەت بە گەلانی ئێران دەتوانێ هەم ببێتە خاڵێکی نەرێنی و هەم ئەرێنی. ئەوەش بە پێی ئەوەی کە دەوڵەت چ سیاسەتێک لەبەرامبەر پرسە ناوخۆییەکان ڕابەر دەکا، دیار دەبێت. هەروەها پێناسەی بەرجامی دوو وەک لیبرالیزە کردنی ئابوری و تێکەڵ کردن بە سەرمایەی جیهانی، تەنیا نفوزپەزیری ئێران خێراتر دەکات. بەڵێنی هەندێک مافی کولتووری لیبێرالیش ناتوانێ پرسی گەلان چارەسەر بکات.
هەنگاوە پێویستەکان بۆ بەرجامی دوو بە شێوازێکی دیموکراتیک دەتواندرێت بەو شێوازە ریزبەندی بکرێت:
1. دەربڕینی جەسارەت و توانای پێویست بۆ گۆڕانکاری و هەنگاونان بەرەو سیاسەتێکی دیموکراتیک لە لایەن دەوڵەتی روحانیەوە.
2. دەرهێنانی سیاسەتی ناوخۆیی ئێران لە ژێر دەستی هێزە خۆسەرەکان و جەریانە هاوسەنگەکان.
3. پێکهێنانی دیالۆگی سیاسەتی ناوخۆیی ئێران لە چوارچێوەی "چارەسەری کێشە هەڵواسراوەکانی گەلانی ئێران".
4. وتووێژو دیالۆگ لە سەر پرسەکان و دانوستان لە گەڵ لایانە پەیوەندیدارەکان.
5. ئامادە کردنی چوارچێوەیەکی یاسایی گونجاو بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسەکان (لە سەر بنەمای پەسەندکردنی خۆڕێوەبەری دیموکراتیکی گەلان لە یاسای بنەڕەتی ئێران).
لەسەر ئەو بنەمایە، بەرجامی دوو پێشبینیەکی ژیرانە، هەنگاوێکی پێشگیرانە و تاکە رێگا بۆ بەرگری کردن لە گەیشتنی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوین بۆ ناو ئێرانە.
ئێستاکە دوو رێگا لە لایان هێزە جیهانیەکانەوە بە سەر ئێراندا دادەسەپێندرێت: یان تێکەڵ بوون بە پەرگاڵی جیهانی یان بڕینی ڕێگایەکی پڕ لە ئاڵۆزی و بشێوی.
بەڵام ئێران دەتوانێت لە رێگای هەنگاوێکی ژیرانەوە خۆی لەو دووڕیانە مەرگبارە ڕزگار کات. چارەسەری لە "کرانەوەی سیاسی دیموکراتیک" دا شاراوەیە.
رۆڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئێران بۆ دەسپێکردنی بەرجامی دوو زۆر گرینگە. پەرلەمانی ئێستا، ئاوێنەی باڵا نمای ئیرادە و خواستی خەڵکی ئێران نیە (بە هۆی چاودێری ئەرێ کردن و سڕینەوەی بەرفراوان). بەڵام ئەگەر ئیرادەی پێویست بۆ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی گەلانی ئێران لە چوارچێوەی بەرجامی دوودا بوونی هەبێ، ئەو پەرلەمانە دەتوانێ رۆڵێکی مێژوویی بگێڕێ. بە تایبەتی ئەوەی کە بەشێکی گەورە لە پەرلەمانی دەیەم لە نوێنەرانی چینی ئیعتدال گەرا، میانە رەو و رێفۆرمخواز پێکهاتووە. کەواتە مەجلیسی دەیەم دەبێ چارەسەی پرسی گەلانی ئێران و بەرجامی دوو بێنێتە بەرباس. چونکە چارەنووسی ئێران بە پرۆژەیەکی بەم شێوەیەوە بەستراوەتەوە. بە لەبەر چاو گرتنی پێگەی زۆر ئستراتێژیکی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ، کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان و بە تایبەتی کۆدار و پژاک، دەتوانن لە پرۆسەی چارەسەری دیموکراتیکی پرسی ئێران و پێکهاتنی بەرجامی دوو، رۆڵێکی کارا، ئەرێنی و مێژوویی بگێڕن. چارەسەری پرسی کورد لەو چوارچێوەیەدا نە تەنیا ئێران لاواز ناکات بەڵکوو وڵاتی ئێران بە هۆی دیموکراسیەکی کە لە بەرجامی دوو وەدی دێت، دەکاتە بە هێزترین وڵاتی ناوچەکە و تەواوی گەلانی ئێرانیش دەگەیەنێت بە ئازادی و داخوازیە مێژوویەکانیان.