شەهید دلێر ئارین هێمای هەست و بیری شۆڕشگێرانەی هونەری کوردیە.

6 حوزه‌یران, 2016

هەڤاڵ چیا یوسفی بە ناسناوی دلێر ئارین لە دایک بووی شاری کامیارانی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە لە بەرواری 23/5/2016 لە ناوچەی گەڤەری باکوری کوردستان لەگەڵ 7 هەڤاڵی خۆی لە ئەنجامی پلانگێریەکی خائینانەوە، گەیشتە کاروانی نەمرانەوە. شەهید دلێر یەکێک لەو هەڤاڵە شۆڕشگێرانەی تەڤگەرەکەمان بوو کە هەستی قارەمانێتی و جەنگاوەری تێکەڵ بە هەست و هزری هونەرمەندی خۆی کرد و ببووە ملیتانێکی راستەقینەی رێگای حەقیقەت.

شەهید دڵیر لە یەکێک لە یەکەم کەسانێک بوو کە پەرەی بە کار و خەباتی کولتووری و هونەری لەناو تەڤگەری ئاپۆیی لە رۆژهەڵاتی کوردستانی دا و کولتووری رەسەنی کوردی تێکەڵ بە هەست و هزر شۆڕش کرد. هاوکات شەهید دلێر  خاوەن کەسایەتیەکی جەنگاوەر و شەڕکەر بوو و هەر بەو هۆیە بەری خۆی دایە باکوری وڵات و یەکێک لەو هەڤاڵە بە کاریگەرانە بوو کە لە شەڕی ساڵی 2012ی شەمزینان لە باکوری کوردستان رۆڵێکی بەرچاوی بوو. وێڕای داخوازی بەشی کولتووری تەڤگەری ئاپۆیی لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە شەهید دلێر بۆ گەڕانەوەی بۆ ئەم بەشە، ئەو بە روحێکی سنوورنەناس و ئازاد رووی خۆی دایەوە باکوری کوردستان و لە بەرواری 23/5/2016 لە ناوچەی گەڤەر بە قارەمانێتیەکی بێ وێنە شەهید بوو.

بێ گومان شەهید دلێر لە بەردەوامی خەتی شەهید سەرحەد، شەهید دەلیلا، شەهید هۆگر و شەهید مزگین کەسایەتی خۆی وەک شۆڕشگێرێکی هونەرمەند پەروەردە کرد بوو و بە هەستێکی پڕ سۆز، رۆحی شۆڕشگێڕانەی خۆی تێکەڵ بە هونەری کوردی کرد.

لە کۆتاییدا وەک ناوەندی چاند و هونەری بێستون یادی ئەو شەهیدە و تەواوی شەهیدانی رێگای ئازادی وەبیر دێنینەوە و بەڵێنی بەردەوامی رێبازی پاکیان دەدەین و بانگ لە هەموو هونەرمەندانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین کە لەناو کەسایەتی شەهید دلێر کولتوور و هونەری رەسەنی کوردی زیندوو رابگرن.

ناوەندی چاند و هونەری بێستون – 17/3/1395ی هەتاوی

پێوەندی‌دار