ھەڵاتن لە دیمۆكراسی، باز دانە بەرەو قەیران!

28 شوبات, 2016

 رێوار ئاودانان

توركیا لە رێگای گەمارۆدانی گەڕەكە خۆسەرەكانی هێندێك لە شارەكانی باكووری كوردستان و كردەوە دڕندانەكانی پۆلیس و هێزە تایبەتەكانیەوە، هەروها زەخت خستنەسەر كانتۆنەكانی رۆژئاوا، دەیهەوێت هێزی كوردان لە گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بێكاریگەر بكات. لە رێگای دەستێوەردانی سەربازی لە مووسل و جەرابلس، بە هیوای ئەوەیە كە پێشكەوتن و دەستكەوتەكانی ئێستاكەی كوردان لە ناوچەكە و تەنانەت مۆدیلە دیمۆكراتیكەكەیان لاواز بخات و لەناوی بەرێت. هەموو هەوڵدانی توركیا ئەوەیە كە نەهێلێت شۆڕشە دیمۆكراتیكەكەی رۆژئاوا پەرە بستێنێت و بگوازرێتەوە سەرانسەری سووریا. لەم چوارچیوەدا، ئەردۆغان بە دەستێوەردانی سەربازی لە سنوورەكانی سووریا، تێپەڕی قۆناغێكی نوێ لە پرۆژەی عوسمانیگەرایی بووە.

زۆر ئاشكرایە كە توركیا لە كۆبوونەوەكانی وڵاتانی عەرەب ـ سوننەی ناوچەكە و لە رێگای دەستڕۆیی و كاریگەری دانان لەو وڵاتانە، دژ بە نەتەوەی كورد پیلانگێڕی دەكات. بەشدار نەكردنی پ.ی.د و مەجلیسی سووریای دیمۆكراتیك لە كۆبوونەوەی ژنێف 3 بەشێك لەو پیلانەی توركیا بوو. بە ئیمتیازدان، توانی بێدەنگیی دەسەڵاتدارانی جیهانی بۆ رەوایەتیدان بەم سیاسەتە نگریسە بكڕێت. لە لایێكەوە هەوڵ دەدات بزووتنەوەی دیمۆكراتیكی كورد پاكتاو بكات و لەلای دیكە هیلالی شێعە لاواز بكات و وڵاتانی عەرەبیش بخاتە بن ركێفی خۆی(دەبینین كە چۆن هەوڵدەدات عێراق پارچە بكات). توركیا، داعش لە دژی كورد و پێكهاتەكانی ناوچەكە بەكار دێنێت تاكوو بتوانێت مۆدیلە ئیسلامە لیبەراڵەكەی خۆی لە هەموو شوێنیك پەرەپێبدات و جێگیر بكات. توركیا هەوڵ دەدات كێشەی كورد ـ تورك بەرەو كێشەی كورد ـ عەرەب ئاراستە بكات. لەڕاستیدا توركیا شەڕی هەمەلایەنەی خۆی لە بەرامبەر خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیكی كورد راگەیاندووە، بەڵام بۆچی؟

راستی ئەویە كە خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیك، گرینگییەكی زۆر و ژیانیی بۆ كورد هەیە. خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیك، پێگەی سیاسیی "نەتەوەی كوردی ئازاد"ە كە دەستبەرداری نابێت. كورد بە بێ خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیك، وەك نەتەوەیەكی بێ"شوناسی سیاسی" دەمینێت، تەنانەت دەبێتە ئاستەنگ و لەمپەر  لەبەر نەتەوەبوونەكەشی. خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیك، تاكە گارانتیی راستەقینەی ژیانی ئازادی كۆمەڵگای كوردستانە. خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیك، بەرجستەبوونی نەتەوەیەكی دیمۆكراتیكە كە زیندووە و بە شێوازێكی بەهێز سیاسەت دەكات. خۆبەڕێوەبەری دیمۆكراتیك،  جەستەیێكە بۆ ژیانی سەردەمیانەی كوردان و زهنییەتی نوێی ئەوانە. زهنییەتێك كە ناوەڕووكەكەی، ئازاد بیركردن و دابەشكردنی ئەم ئازادییە لە گەڵ هەمووانە(بە دوور لە هەر چەشەنە نەتەوەپەرەستی و هەڵاواردنێك). راستی ئەوەیە كە، شۆڕشی دیمۆكراتیانەی رۆژئاوای كوردستان ئاراستەیەكی مێژوویی بەخەشییە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستاش سەركەوتنی خۆبەریَِوەبەری دیمۆكراتیك لە باكووری كوردستان، شەپۆڵگەلێكی بەھێزتر دەخاتە سەر پانتایی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. شەپۆڵگەلێكی وەها كە كەشتیی گەلانی هەرێمەكە لە ناو قەیرانەكان تێپەڕ دەكا و دەگەینێتە كەنارئاوی هێمنی دیمۆكراسییەت. هێرشەكانی پۆلیس و ئەرتەشی توركیا چەندەش دژوارتر بێت، گەریلا لە بەهار هەموو خەونەكانی رژێمی توركیا تێكوپێك دەدا.

رژێمی دیكتاتۆری دەسەڵاتدار لە توركیا، دوژمنی سەرەكی رەوتی دیمۆكراسیخوازیی كوردان و هەموو گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بەڵام لە بیرمان نەچێت كە جەمسەربەندییەكانی جیهانی، خەریكن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مسۆگەر دەبن. گەر ئەم جەمسەربەندیە هێندێكیتر سەقامگیر ببێ، ئەوكاتە توركیای فاشیست گورزێكی كوشندە دەخوات. لەبەر ئەوەی كە بێجگە لە بەرەی دیمۆكراتیكی گەلان ـ كە كورد پێشەنگایەتیی بۆ دەكا ـ بەرەوڕووی جەمسەری "رووسیاـ ئێران ـ چین"یش دەبێتەوە. ململانێی توركیا و رووسیا لە ئێستادا دەستێ پێكردووە(بە تایبەت دووای سەرنخوونكردنی فڕۆكەكەی رووسیا لە لایەن توركیاوە). ھیچ گەرەنتییەك بۆ دواڕۆژی توركیا لە ئارادا نییە. ئیتر بە باشی سەلمێنراوە كە دەوڵەت ـ نەتەوە هەناسەی لێبڕاوە و ناتوانێ خۆی لە گۆڕانكارییە بنەڕەتیەكان بشارێتەوە. كێشەی دەوڵەت ـ نەتەوە كێشەیەكی پێكھاتەییە و تەنیا چارەسەریشی، تێپەڕكردنیەتی. ھەڵاتن لە دیمۆكراسی، بە واتای باز دان بەرەو قەیرانی قووڵترە. بەڵام چاوی دیكتاتۆرە ورد و درشتەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست كوێرە و ئەم راستیە روونە نابینن. نموونە بەرجستەكەشی، ئەردۆغانە.

پێوێستە ئاماژە بەم خاڵە گرینگەش بكەین: توركیایەك كە ئیسلامی میانەڕەوی ئەردۆغانی تێدا زاڵ بێت، تەنانەت بۆ زل هێزانی جیهانیش جێگەی متمانە نابێ. چوون كە ھەموویان بینییان كە ئەم مۆدێلە لیبەراڵەش چەندە هێژمۆنخوازە و بۆ گەیشتن بە خەیاڵە گڵاوەكانی، چۆن دەبێتە ئەسپۆنسەری فیلمە تۆقینەرەكەی داعش! سەددام چەندە ھێمان(عۆنسور)ـ ێكی یاخی و ترسناك بوو، ئەردۆغانیش ئەوەندە مەترسیدارە و پێویستە فەرمانی "ئیدی ڕاوەستە"ی پێبدرێ. توركیا دەیەوێت بە كەڵك وەرگرتن لە دەستێوەردانەكانی جیهانی لە ناوچەكە، جوغرافیایەكی پان و بەرین بخاتە ژێر كارتێكەریی خۆی و تەنانەت پەیوەستی خۆی بكات. توركیایەك كە گیرۆدەی ئەردۆغان بووە، رۆڵی كاتالیزۆر(خێرایی بەخش) لە گوڕكردنی شەڕە نەتەوەپەرەستانە ـ مەزھەبیەكانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست كایە دەكات. كۆمەڵكوژیەكەی جزیرەی بۆتان لەلایەن دەوڵەتی توركیا نیشان دەدا كە ئەردۆغان چ پلانێكی ھۆڤانەی لە پێش گرتووە. ئەردۆغان تەنیا مەترسییەكی بۆ باكوور نیە. رژیمی توركیا بووە بە بەڵایەكی گەورە لە سەر گەلی كورد و تەواوی گەلانی ناوچەكە. توركیا ئاستەنگی سەرەكییە لە سەر رێگای گەیشتنە ستاتۆ(پێگە)ی سیاسیی هەر چوارپارچەی كوردستان. لەم رووەوە، لە قۆناخە مێژووییەكەی ئێستا كە كورد بڕیاری مسۆگەری ئازادی و دیمۆكراسیی داوە، ھاودەنگ و یەكگرتوو دەچنە بەرەنگاربوونەوەی توركیای فاشیست. كورد دەتوانێ تەنانەت گرینگیی ژئۆستراتەژیكی توركیا بگەینێتە ئاستێ سیفر. ھەڵبەت كە بەرپرسیاری دۆخێكی وەها، دەوڵەتی توركیا بۆخۆیەتی. لەبەر ئەوە كە توركیا پشتی لە پرۆسەی  چارەسەریی دیمۆكراتیكی رێبەر ئاپۆ و پەكەكەی كرد و رێگای شەڕی ھەڵبژارد..

رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، تەنانەت بۆ ملهوڕترین دەوڵەتەكانی ناوچەكەش وەك سەدەی رابردوو نامینێت. جۆغرافیای سیاسی خەریكی پێست گۆڕینە. تەنیا ئەو وڵاتانە دەتوانن یەكپارچەیی خۆیان بپارێزن كە باوەشیان بۆ دیمۆكراسی ئاوەڵا دەكەنەوە. گەلانی ھەرێمەكە بۆ پاراستنی خۆیان لەم شەڕە جیھانیە، بووژانەوەی كۆمەڵایەتی، وەدەستخستنەوەی ئازادیی سیاسی ـ فەرھەنگی و چارەسەركردنی كێشە ئابوورییەكانیان نەچارن ناوەندگەراییی دەوڵەتی تێپەڕ بكەن و فۆرمێكی نوێ بدەنە ناوچەكە. كوردیش لەم ھەلومەرجە دەرفەتێكی بێ وێنەی بۆ رەخساوە. زۆر روون و ئاشكرایە كە مەرجێكی سەرەكیی كورد ھەیە بۆ جێگرتن لە ھاوپەیمانییە تاكتیكی و ستراتەژیكەكانی نوێی جیھانی و ناوچەیی. ئەویش قبووڵ كردنی ستاتۆی سیاسیی نەتەوەی كورد، واتە خۆبەڕێوەبەریی دیمۆكراتیكە. بونیادنانی سیستەمێكی فیدرالی دیمۆكراتیك لە باكووری سووریا و دواتر لە سەرانسەری ئەو وڵاتە، رێگەخۆشكەرە بۆ ئەم مەبەستە كە تەنانەت كێشەی ھەموو گەلانی سووریاش بەرەو چارەسەر دەبات.

شەڕێ كە ئێستا لە توركیا لە ئارادایە و دەوڵەتی داگیركەری تورك بەرپرسیاریەتی، بەربڵاوتر دەبێت. دیارە گەلی كوردیش ئاستی بەرخۆدانی خۆی بەرزتر دەكات. گەل لە ھەر چواربەشی كوردستان پشتگیری و بەشداربوونی خۆی لە تێكۆشانی بونیادنانی خۆبەڕێوەبەریی دیمۆكراتیكی باكوور پیشان دەدات. رۆژئاوا ئەوەی سەلماند كە كلیلی خۆبەڕێوەبەریی دیمۆكراتیكی كوردان، لە ناو قفڵی داخراوی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەسووڕێتەوەو ئازادی و دیمۆكراسی پێشكەشی ھەموو گەلان دەكات. چەندە دەوڵەتەكانی ناوچەكە لە گۆڕانكاریی دیمۆكراتیك ھەڵبێن، ئێمەش ئەوەندە بە تێكۆشانێكی جەماوەری و ھەمەلایەنە پێداگری لەسەر دیمۆكراسی دەكەین و ئەوەی كە بونیادی دەنین، دەیپارێزین.